لە هێرشێکی داعشدا لە کفری پێشمەرگەیەک شەهید بوو

11-05-2021
هەڵۆ محەممەد
هەڵۆ محەممەد
موحسین حسێن، ئەو پێشمەرگەی لە هێرشەکەی داعشدا شەهید بوو
موحسین حسێن، ئەو پێشمەرگەی لە هێرشەکەی داعشدا شەهید بوو
نیشانەکردن داعش پێشمەرگە حەشدی شەعبی
A+ A-
رووداو - گەرمیان

کاژێر 10:00ی ئەمشەو چەکدارانی داعش لە سنووری گوڵاڵە هێرشیان کردە سەر ناوچەکانی ژێر دەستی هێزەکانی حەشدی شەعبی و لە گوندی ئۆمەربلیش بە قەناس هێرش کراوەتە سەر سەنگەرێکی لیوای 116ی پێشمەرگە و پێشمەرگەیەک برینداربووە، بەهۆی سەختیی برینەکەشیەوە، گیانی لەدەستداوە.
 
موقەدەم ئەحمەد موستەفا، فەرماندە لە لیوای سێی هێزەکانی پێشمەرگە بە رووداوی راگەیاند "کاژێر 10:00ی ئەمشەو داعش هێرشی کردووەتە سەر رەبیەکی حەشدی شەعبی لە پردی حەلوانی سەر بە گوڵاڵە، بەو هۆیەوە دوو چەکداری حەشدی شەعبی بریندار بوون کە فیشەک بەر سەر و سنگیان کەوتووە".
 
هاوکات موقەدەم جەمال وارانی، فەرماندە لە هێزەکانی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لە گوندی ئۆمەربلی سەر بە قەزای کفری، بە قەناس هێرش کراوەتە سەر رەبیەکی لیوای 116ی هێزەکانی پێشمەرگە و پێشمەرگەیەک بریندار بووە کە فیشەک بەر سەری کەوتووە و گەیێندراوەتە نەخۆشخانە، هێزەکانی ئێمەش بۆ شوێنی رووداوەکە جووڵەیان پێ کراوە".

پەیامنێری رووداو رایگەیاند، پێشمەرگە بریندارەکە دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر، گیانی لەدەستداوە، کە ناوی موحسین حسێنە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە