ئەردۆغان باس لە کرانەوەی پەنجەرەیەکی نوێ دەکات و بە باشی نازانێت بەهەدەر بدرێت

28 خولەک له‌مه‌وپێش
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانی ئاکپارتی بۆ هەشتەمین کۆنگرەی ئاسایی، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی پارتەکە و سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی شەممە، 11-1-2025 سەردانی ئامەدی باکووری کوردستانی کرد و گوتارێکی پێشکێشکرد.
 
ئەردۆغان هەروەک چاوەڕێ دەکرا، باسی لەو قۆناخەی ئێستا کرد کە بە دەستپێشخەرییەکی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە دەستیپێکرد و ئێستا بە دیداری شاندی دەم پارتی لەگەڵ پارت و کەسایەتییەکان بەردەوامە. 
 
ئەردۆغان: هەموو ئەو کارانەمان بە زیادەوە کرد کە پێویست بوون
 
سەرۆککۆماری تورکیا کەمێک بەرەو مێژووی هەوڵەکانی تایبەت بە پرسی کورد لە تورکیا گەڕایەوە؛ باسی لە تورگوت ئۆزاڵ، هەشتەمین سەرۆککۆماری تورکیا کرد و گوتی: "لە سەردەمی خوالێخۆشبوو ئۆزاڵەوە، بۆ کۆتاییهێنان بە پرسی تیرۆر باس لە رێگەچارەی جیاواز کراوە و هەوڵدراوە. ئێمەش لە کابینەکانماندا تەنیا لەڕێی ئەمنییەوە بەرەنگاری تیرۆر نەبووینەوە."
 
دەشڵێت: "دەستپێشخەریی جیدیمان بۆ لەنێوبردنی تیرۆر کرد. نەک تەنیا بە دەست، بە تەواوی لاشەمانەوە چووینە نێو بابەتەکە. بەڵام لەبەرئەوەی ئەو پێکهاتەیەی لە بەرامبەرمانە، گوێ دەداتە هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان نەوەک ئەم گەلە، ئەو هەوڵانە بە ئامانج نەگەیشتن. هەوڵەکانی 40 ساڵ لەمەوبەرتان لەبیرە؛ وایە؟  ئێمە بە ویستی سیاسیی دەوڵەت و حکومەتەوە هەموو ئەو کارانەمان کرد کە پێویست بوو، تەنانەت زیاتریشمان کرد. بەداخەوە وەڵامی ئەو هەوڵە پڕ نیازپاکییەمان بە چاڵ هەڵکەندن لە گەڕەکەکان و تەقەکردن لە خەڵکی ئەوێ وەرگرتەوە".  
 
ئەردۆغان: بە دروستی نازانین ئەم دەرفەتە بە هەدەر بدرێت
 
سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها سەبارەت بەو پرۆسەیەی ئێستا هەیە گوتی: "دوای هەندێک گۆڕانکاریی گرنگ لە سیاسەتی نێوخۆیی و ناوچەیی، لەپێناوی کۆتاییهێنان بە بەڵای تیرۆر، پەنجەرەی دەرفەتێکی دیکەی نوێی گرنگ لە بەردەم وڵاتەکەمان کراوەتەوە، بەڕاستی نازانین ئەم دەرفەتە بە هەدەر بدرێت. تەواوی کارەکانی ئەم دواییە، تاکە ئامانجێکیان هەیە. ئەویش رێکخراوی تیرۆرستی خۆی هەڵبوەشێنێتەوە. هەروەها چەکەکانی بێ هیچ مەرجێک، رادەست بکات".
 
ئەردۆغان هەروەها باسی لەوە کرد، ئاکپارتی بە زنجیرەیەک ریفۆرم و گۆڕانکارییەوە هەنگاوی گرنگی لە زۆر بابەت هەڵهێناوە و رایگەیاند کە تەواوی خەڵکی تورکیا بە نەتەوە، نەژاد، بیرەڕا جیاوازەکانەوە سوودیان لە دیموکراسی وەرگرتووە. جەختیشی کردووە کە ئەگەر کەموکوڕییەک لەو بابەتەدا هەبێت، ئەوا ئەرکی هەمووانە بەیەکەوە شانی بدەنە بەر.
 
سەرۆککۆماری تورکیا نەیشاردەوە کە سەردەمانێک جیاکاری لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکان کرا و دووبەرەکی دروستکرا. هاوکات لەبارەی کورد و تورک، باسی لەوە کرد کە بە درێژایی مێژوو لە تەنیشت یەکدی شەڕیان لە هەمان سەنگەردا کردووە. 
 
ئەردۆغان هەروەها لەبارەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) گوتی:"کاتێک زۆریان بۆ دێت دەڕۆن لەبەر ئەو زایۆنیانە دەپاڕێنەوە کە لە غەززە کۆمەڵکوژی دەکەن. هیچ کەسێک ناتوانێت رۆڵەکانی سەڵاحەدینی ئەیوبی بکاتە کۆیلەی بەردەرگای زایۆنییەکان. ماسکی ئەوانە لە سووریا جارێکی دیکە کەوت. خەمی ئەوانە کورد، عەرەب و تورک نییە. هەر بۆیە ئیمە وەکو کورد، تورک و عەرەب. بەیەکەوە لەدژیان دەوەستینەوە".
 
ئەردۆغان: لە سووریا برا کوردەکانم سەرکەوتن و مافەکانیان پێدەدرێتەوە
 
سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها باسی لەو رەخنانەی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) کرد کە پێشتر دەیانگوت، تورکیا چ کارێکی لە سووریا هەیە. ئەردۆغان گوتی: "ئەی ئەو جەهەپەیە نەبوو هەڕەشەی کرد خەڵکی سووریا بە زۆر دەنێرێتەوە؟ دواجار چی روویدا؟ ئایا لە سووریا تەنیا عەرەب و تورکمانەکان سەرکەوتن؟ کوردانی سووریاییش سەرکەوتن. پێشتر نکۆڵی لە بوونی براکوردەکانم لە سووریا دەکرا. ناسنامەیان نەبوو، تاپۆیان نەبوو و مافیشی نەبوو. ئێستا پەنا بەخوا، هەمووی پێدەدرێتەوە. هەر لە ناسنامەوە تا دەگاتە پاسەپۆرت. بیرتان نەچێت، ئەم سەرکەوتنە، سەرکەوتنی هەموومانە. رێگەنادەین ئەم سەرکەوتنە بە تیرۆر پیس بکرێت. رەزامەندی نیشان نادەین ئەم سەرکەوتنە لەلایەن هێزە ئەمپریالیستەکان و باڵەکانیان لەکەدار بکرێت. بیرتان نەچێت، هەرکاتێک لە عێراق و سووریا تیرۆر کۆتاییهات، ئەم ناوچەیە بە جۆرێکی دیکە پێدەکەنێت".
 
ئەردۆغان هەروەها لەبارەی خزمەتگوزارییەکانیان بۆ ئامەد گوتی: "کاتێک ئێمە سەرقاڵی خزمەتکردنی دیاربەکر بووین، کەسانێک هەوڵیان دەدا گەلەکەمان لە کولتوور و باوەڕیان دووربخەنەوە. هەوڵی دابەشکردنی ئەم وڵاتەیان دەدا کە هەوێنەکەی موسڵمانێتییە. ئێمەو بە روونی لە مەبەستە پەنهانەکانی ئەوان تێدەگەین. بەڵام سەرەنجامی ئەو هەوڵانەیان شکستە. ئەوانەی هەوڵدەدەن هاوڕێیانی جەنگاوەری سەڵاحەدین ئەیوبی بکەنە کەرەستەی ئیمپریالیزم، دوژمنی هاوبەشی هەموومانن. با بکوژە دەست بەخوێنەکان تاوانەکانیان پەردەپۆش بکەن، ئێمە لەگەڵ دیاربەکر بەردەوام دەبین لە گوتنەوەی گۆرانیی برایەتی".
 
ئەردۆغان: بەیەکەوە 100 ساڵەی تورکیا بنیات دەنێین
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان هەروەها جەختیکردەوە کە تورکیا لە سەروبەندی شکاندنی دوایین ئەڵقەی یارییەکانی ئیمپریالیستەکانە. گوتیشی: "مەبەستی ئەوانەی دەیانەوێت ئێمە لە یەکدی جیابکەنەوە، چاکەکردن نییە لەگەڵ ئێمە یان ئێوە، بەڵکو دروستکردنی زەمینەیەکە بۆ درێژەپێدانی ئەو کۆنەپەرستییەی خۆیان. هەر کێیەک هەوڵی ژەهراویکردنی ئەو خاکە بدات کە هەزار ساڵە بەیەکەوە لەسەری دەژین، هەموومان لە بەرامبەری دەوەستینەوە. وەکو چۆن سەدەیەک لەمەوبەر هاوشانی یەکدی وڵاتەکەمانمان لە دەستی ئەمپریالیزم رزگارکرد وکۆمارمان دامەزراند، ئێستاش شان بە شانی یەکدی و بەیەکەوە سەت ساڵەی تورکیا بونیات دەنێین".
 
سەرۆککۆماری تورکیا باسی لە گرنگی و ستراتیجیی ئامەدی کرد: "هاوشێوەی گرنگیی هەر 81 پارێزگا، تورکیا بە بێ دیاربەکر هەتیو (بێ نەوا) دەبێت. هەروەها دیاربەکر بە بێ تورکیا داماو دەبێت."
 
سەرۆککۆماری تورکیا قۆناخی حوکمڕانیی تاکەپارتی تورکیای بە قۆناخێکی فاشیزمانە لە قەڵەمدا و جەختیکردەوە کە تا سەردەمی کودەتاکان تورکیا هەوراز و نشێوی زۆری تێپەڕاندووە، بە هەمان شێوە بەیەکەوە بەسەر پەیژەی گەشەپێدان دەکەون. 
 
 

 

 
 
 
 
   
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە