رووداو دیجیتاڵ
چەکدارانی سوپای نیشتیمانیی سووریا هێرش دەکەنە سەر بەنداوی تشرین و گوندەکانی باشووری رۆژهەڵاتی منبج. هێزەکە پلان بۆ کۆنترۆڵکردنی بەنداوی تشرین دادەنێن، بەڵام بەرگریی تووندی هەسەدە، رێگری لە بەرەوپێشچوونیان کردووە.
بەگوتەی چەکداران، چاویان تەنیا لەسەر گوندەکانی منبج و بەنداوی تشرین نییە، بەڵکو هەڕەشە لە هەموو ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و رۆژئاوای کوردستان دەکەن.
مەحموود جابی، چەکداری سوپای نیشتمانیی سووریا لەبارەی هێرشەکانیان ئاماژە بەوە دەکات، "سوپاس بۆ خودا ئەمڕۆ ناوچەیەکی باشمان کۆنترۆڵکرد و لە شەڕکردن دژیان بەردەوامین، تاوەکو بەنداوەکە تێدەپەڕێنین. دوای ئەوە ئیدی ئازادکردن خێرا دەبێت و تاوەکو رەققە، حەسەکە و قامشلۆ دەڕۆین و ئیدی سووریا دەبێتە یەک وڵات."
لە بەرامبەر هێرشی چەکدارەکان، هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە بە درۆن پێگە، زریپۆش و نێوەندە فەرماندەییەکانی گرووپە چەکدارەکان دەکەنە ئامانج.
هەسەدە دەڵێت، لە رۆژی چوارشەممەوە، 63 چەکداریان کوشتووە و 37ـی دیکەشیان بریندار کردووە.
سەرچاوە نێوخۆییەکانی سووریا ئاماژە بەوە دەکەن، لە مانگی رابردووەوە پێکدادانی نێوان هەسەدە و گرووپە چەکدارەکان، بووەتە هۆی کوژرانی 322 کەس، لەو ژمارەیەش بەشێکییان هاووڵاتیی سڤیل بوون.
رۆژی چوارشەممە، بۆ پشتیوانیکردن لە شەڕڤانانی هەسەدە، ژمارەیەک هاونیشتمانی چوونە سەر بەنداوی تشرین و ناڕەزاییان دژی هێرشی گرووپە چەکدارەکان دەربڕی، بەڵام درۆنی گرووپە چەکدارەکانی ژمارەیەک هاونیشتمانی کردە قوربانی.
شەمسا سلێمان، ژنە خۆپێشاندەرێکی کوردە و لەنێو خۆپێشاندەرانەوە دەڵێت، "با هەموو کەسێک بزانێت ئێمە کوردین، ناتوانن ئیرادەی ئێمە بشکێنن، ئەگەر تەواوی فڕۆکە و تۆپەکانی خۆیان بێنن، ئێمە بۆ پشتگیریی یەپەگە و یەپەژە هاتووینە ئێرە، تا دوایین خولەک پشتی ئەوان بەرنادەین."
بەگوتەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەهۆی پێکدادانەکانەوە زیاتر لە 400 هەزار کەس لە منبج و کۆبانێ، بێ ئاو و کارەبا بوون.
بەنداوی تشرین لەنێوان منبج و کۆبانێیە و 80 کیلۆمەتر لە سنوورەکانی تورکیاوە دوورە.
بەنداوەکە بە ناوچەیەکی ستراتیژی دادەندرێت و لە ساڵی 1999ـوە کارەبای ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دابین دەکات، بەتایبەت سنوورەکانی شاری کۆبانێ، منبج و گوندەکانی دەوروبەریان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ