رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی دواکەوتنی باران لە شاری هەولێر، بەبەشداریی بەرپرسان و مامۆستایانی ئایینی نوێژەبارانە کرا. لە سووچێکی شوێنەکەدا ژنانیش بەشدارییان لە نوێژەکە دا کرد.
لەدوای نوێژەبارانە مامۆستایێکی ئایینی گوتارێکی پێشکێشکرد و گوتی: "سوننەتی پێغەمبەرە دروودی خوای لەسەربێت کە کاتێک باران نەبارێت، نوێژە بارانە بکرێت. پێغەمبەر دروودی خوای لەسەر بێت خۆی نوێژەبارانەی کردووە و دوای ئەویش خەلیفەکانی ئیسلام نوێژە بارانەیان کردووە. ئێمە وا دەکەین بۆ ئەوەی خوای گەورە نزاکانمان قبووڵ بکات".
لە وێنەیەکدا دەردەکەوێت پیاوێکی بەساڵاچوو دەستی بەرز کردووەتەوە و لەکاتی نزاکردندا دەگریێت.
ئەم ساڵ باران بارین لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە ساڵانی رابردوو دواکەوتووە و پارێزگاری هەولێریش دەڵێت، هەر ساڵێکی وشکەساڵی کاریگەرییەکەی بۆ سێ ساڵ دەمێنێتەوە.