بەرپرسێکی ئیتاڵیا لە یەکێتیی ئەورووپا بۆ رووداو: دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی دەبێتە هۆکارێکی دیکەی سەقامگیریی ناوچەکە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی لیژنەی سیاسیی یەکێتیی ئەورووپا لە ژووری نوێنەرانی ئیتاڵیا هیوای دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی دەخوازێت و دەڵێت، ئەو دەوڵەتە "بۆ سەقامگیربوونی ناوچەکە گرنگە." لەبارەی رۆژئاوای کوردستانیشەوە رایگەیاند: "هیوادارین هاوشێوەی هەرێمی کوردستانی عێراق، هەرێمێکی بەهێز بە توانای بەڕێوەبردن و یاسادانان لە سووریاش هەبێت". 
 
رۆژی شەممە، 11-01-2025، ئەلێساندەر جیلۆ ڤینیا، سەرۆکی لیژنەی سیاسیی یەکێتیی ئەورووپا لە ژووری نوێنەرانی ئیتاڵیا و بەرپرس لە کاروباری دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا – لقی ئیتاڵیا بە رووداوی گوت: "دامەزراندنی دەوڵەتێکی فیدراڵیی کوردی کە لەلایەن کوردەوە بەڕێوە ببردرێت، هۆکارێکی زیاتری سەقامگیری دەبێت بۆ ئەو ناوچەیەی کە ئەمڕۆ بە تووندی تووشی ناکۆکی و دۆخی جۆراوجۆر بووە."
 
ڤینیا لەبارەی رۆژئاوای کوردستان لەم دۆخەی ئێستای سووریا گوتی: "ئەوەی ئێمە وەک پەرلەمانتارانی ئیتاڵی و دامەزراوە ئیتاڵییەکان هیوای بۆ دەخوازین ئەوەیە کە هاوشێوەی ئەوەی ئەمڕۆ لە عێراق هەیە بە دەسەڵاتێکی هەرێمیی بەهێز، دەسەڵاتێکی هەرێمیی کوردی گرنگ بە توانای بەڕێوەبردن و یاسادانان هەیە، لە سووریاش رووبدات. بۆ کوردی سووریاش، دەوڵەتێکی فیدراڵی هەرێمێک بە خۆبەڕێوەبەریی و یاسادانان هەبێت."
 
بەرپرسە ئیتاڵییەکە ستایشی ئازایەتیی کورد لە شەڕی دژی داعش دەکات و دەڵێت: "ئەورووپا دەزانێت و ئەمریکاش دەزانێت کە گەلی ئازای کورد دژی سەربڕەکانی داعش بەرگرییان لە وڵاتانی رۆژئاوا کرد. ژن و پیاوی هێزە کوردییەکان لەگەڵ سەربڕەکانی داعش شەڕی دەستەویەخەیان کرد. رۆژئاوا ناتوانێت ئەمە لەبیر بکات."
 
رۆژی 08-12-2024 چەکدارانی هەتەشە چوونە نێو دیمەشق و کۆتاییان بە رژێمی 24 ساڵەی بەشار ئەسەد هێنا. ئێستا ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەسەڵاتی راگوزەری سووریا لە دەسەڵاتدایە و خەریکە پەیتا پەیتا پەیوەندی لەگەڵ وڵاتان دروستدەکات.
 
ئەلێساندەر جیلۆ ڤینیا گوتی: "ئەوەی ئێستا سووریا بەڕێوەدەبات هێشتا بۆ ئیتاڵیا، ئەورووپا، ئەمریکا و بۆ جیهانی رۆژئاوا نادیارە کە چۆنە. چەندە دەتوانین گفتوگۆ لەگەڵ ئەم شێوازە نوێیەی دەوڵەت بکەین؟ چەندە دەتوانین پەیوەندیمان لەگەڵ ئەم حکومەتە نوێیەدا هەبێت؟ هەمووی هێشتا لە قۆناخی سەرەتادایە و نادیارە. لە روانگەی رۆژئاواوە، زۆر گرنگە سووریا بەرەو دەوڵەتێکی فیدراڵی بڕوات کە تێیدا ناوچە جۆراوجۆرەکان، نەتەوە جیاوازەکان و کولتوورە جیاوازەکان نوێنەرایەتیی خۆیان تێدا هەبێت. دیارە بەتایبەتی بیر لەو بەشەی کوردستان دەکەینەوە کە ئەمڕۆ لە سنوورەکانی سووریای نوێدایە."
 
دەقی لێدوانەکەی ئەلێساندەر جیلۆ ڤینیا:
 
رووخانی رژێمی ئەسەد لە سووریا بێگومان کێشەیە بۆ مۆسکۆ. پووتین هاوپەیمانێکی گرنگی لەدەستدا. رووسیا دۆستایەتیی وڵاتێک، ناوچەیەکی ستراتیجی و دەرچەیەک بۆ دەریایەکی گرنگی لەدەستدا. لە روانگەی ئەورووپا و ئەمریکاوە، ئەم بابەتە ناکرێت پشتگوێ بخرێت. کەواتە لە دیدی رۆژئاواوە، رووخانی رژێمی ئەسەد شتێکی ئەرێنییە؛ خاڵێکە بە قازانجی رۆژئاوا دژی رووسیا و دژی پووتین. ئەمە هۆکارێکە کە هەر لێکدانەوەیەک لەسەر ئەو ناوچەیە و بەتایبەت سووریا دەبێت لێیەوە دەست پێبکات. هەروەها راستە کە دەوڵەتی نوێ، شێوازی نوێی بەڕێوەبردن، ئەوەی ئێستا سووریا بەڕێوەدەبات، هێشتا نادیارە بۆ ئیتاڵیا، بۆ ئەورووپا، بۆ ئەمریکا، بۆ جیهانی رۆژئاوا کە چۆنە. چەندە دەتوانین گفتوگۆ لەگەڵ ئەم شێوازە نوێیەی دەوڵەت بکەین، چەندە دەتوانین پەیوەندیمان لەگەڵ ئەم حکومەتە نوێیەدا هەبێت، هەمووی هێشتا لە قۆناخی سەرەتادایە و نادیارە. لەم بارەیەوە، دیارە بەتایبەتی بیر لەو بەشەی کوردستان دەکەینەوە کە ئەمڕۆ لە سنوورەکانی سووریای نوێدایە.
 
ئەورووپا دەزانێت، ئەمریکاش دەیزانێت کە گەلی ئازای کورد دژی سەربڕەکانی داعش بەرگری لە وڵاتانی رۆژئاوا کرد؛ ژن و پیاوانی هێزە کوردییەکان لەگەڵ سەربڕەکانی داعش دەستەویەخە شەڕیان کرد؛ رۆژئاوا ناتوانێت ئەوە لەبیر بکات. ئەوەی ئێمە وەک پەرلەمانتارانی ئیتاڵی، ئەوەی زۆرینەی پەرلەمان و دامەزراوە ئیتاڵییەکان هیوای بۆ دەخوازین ئەوەیە کە هاوشێوەی ئەوەی ئەمڕۆ لە عێراق هەیە، دەسەڵاتێکی هەرێمیی بەهێز، دەسەڵاتێکی هەرێمیی کوردی گرنگ بە توانای بەڕێوەبردن و یاسادانان، لە سووریاش رووبدات. بۆ کوردانی سووریاش، دەوڵەتێکی فیدراڵ، هەرێمێک بە خۆبەڕێوەبەریی بەڕێوەبردن و یاسادانان هەبێت. ئەمڕۆ دەزانین کە ناکۆکی هەیە لەنێوان ئیسرائیل و حەماس، لە نێوان دەوڵەتی دیموکراسیی ئیسرائیل و تیرۆریستانی حەماس. دامەزراندنی دەوڵەتێکی فیدراڵیی کوردی کە لەلایەن کوردەوە بەڕێوە ببردرێت، هۆکارێکی زیاتری سەقامگیری دەبێت بۆ ئەو ناوچەیەی کە ئەمڕۆ بە تووندی تووشی ناکۆکی و دۆخی جۆراوجۆر بووە.
 
کەواتە لەکاتێکدا دیپلۆماتەکان خەریکی کارن، هەموو شتێک هێشتا زۆر ناجێگیرە. هەڵوێستی فەرمیی وڵاتە جیاوازەکان لەم کاتەدا بێگومان لە لایەنی پاراستنی زیاتر و خۆبەڕێوەبەریی زیاترە بۆ گەلی کورد. لە لایەنی سووریاوە، هیوای زۆرێک لە پەرلەمانتاران و هاووڵاتییانی ئیتاڵی ئەوەیە کە کوردانی سووریا دەرفەتی خۆبەڕێوەبەرییان لەنێو دەوڵەتی نوێدا هەبێت. رایدەگەیەنم کە لێرە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی کۆماریی ئیتاڵیا، گرووپی دۆستایەتی ئیتاڵیا-کوردستان دامەزراوە، گرووپێکی دۆستایەتی کە بە هاوکاری و یارمەتیی نوێنەرانی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانی عێراق لێرە لە رۆما پشتیوانی دەکرێت. بەم زووانە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکی دۆستانەی گرنگ لە نێوان هەردوو گەلەکەماندا، کۆبوونەیەکمان دەبێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە