حاڵەتەکانی دزیکردن و رفاندن لە کەرکووک زیادیانکردووە

10-12-2019
هەردی محەممەد عەلی
هەردی محەممەد عەلی
لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا 27 حاڵەتی دزیکردن لە کەرکووک تۆمارکراون
لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا 27 حاڵەتی دزیکردن لە کەرکووک تۆمارکراون
نیشانەکردن کەرکووک حاڵەتەکانی دزیکردن
A+ A-
 
رووداو - کەرکووک
 
بەرەبەیانێکی زوو ئۆتۆمبێلەکەی مام کەریم لە گەڕەکی رەحیماوای کەرکووک دەدزرێت، لەدوای دزینی ئۆتۆمبێلەکەی چووەتە لای پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکان، خۆیشی دەیان شوێن گەڕاوە بەڵام بێسوودبوو، مام کەریم دەڵێ "خەمی زۆری لەو ئۆتۆمبێلەی خواردووە چونکە پارەی حەڵاڵی پێدابوو".
 
کەریم مەجید، کاسبکارە و لەبارەی ئۆتۆمبێلەکەیەوە دەڵێت "بەردەوام ئۆتۆمبێلەکەم لە خەیاڵمە، شەو نییە خەوی پێوە نەبینم، لە کاژێر 01:00 بەدواوە کە خەوتین کاژێر 03:00 کوڕەکەم هەستابوو بچێ بۆ کار، کوڕەکەم پەیوەندی کرد و گوتی باوکە ئۆتۆمبێلەکە نەماوە، کاتێک تەماشای کامێرامان کرد دوو کەس دزیویانە".
 
حاڵەتەکانی دزیکردن زۆرن، زۆربەیان دزینی ئۆتۆمبێل بوون. فاخیر ناسیح، کاسبکارێکی دیکەیە و دەڵێت "پیکابێکی کەیەمان هەبوو تایەی تێدابوو، بە تایەکانەوە بردوویانە، دوو کەسی دەمامکدار دزیبوویان".
 
زیادبوونی حاڵەتی دزیکردن هێزە ئەمنییەکانی خستووەتە گومانەوە، بۆیە ئێستا لە بازگەکان دەیانەوێ دڵنیابن لە خاوەندارێتی ئۆتۆمبێلەکان و داوای ساڵنامەی ئۆتۆمبێلەکان دەکەن.
 
سەعد حەربیە، فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی کەرکووک رایدەگەیێنێت "کۆمەڵێک سکاڵای دزینی ئۆتۆمبێلی تایبەت و مۆدێل کۆنمان پێگەیشت، بەڵام خۆشبەختانە توانیمان گەورەترین باندی دزینی ئۆتۆمبێل دەستگیربکەین، لە بازگەی سلێمانی، کە ئەمە دەستکەوتێکی گەورەی هێزەکانی پۆلیسی کەرکووک بوو".
 
لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا 27 حاڵەتی دزیکردن لە کەرکووک تۆمارکراون، تەنیا لە مانگی تشرینی یەکەمدا 16 حاڵەت هەبوون، شەش حاڵەتی دزیکردن لە ماڵان و دزینی 10 ئۆتۆمبێل. لە مانگی تشرینی دووەمدا شەش حاڵەتی چوونە سەر ماڵان و دووکان و دزینی پێنج ئۆتۆمبێل تۆمارکراوە، هەروەها لەم مانگەشدا دوو ئۆتۆمبێل دزراون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە