نەخشەى کارگێڕیى هەڵەبجە دەنێردرێت بۆ پەرلەمان و ساڵی داهاتوو پشکى لە بودجەدا دەبێت

10-07-2023
هەستیار قادر
نیشانەکردن هەڵەبجە هەناری هەڵەبجە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتى پلاندانانى عێراق نەخشەى پەسندکراوى یەکە کارگێڕییەکانی هەڵەبجە دەنێرێت بۆ پەرلەمانی عێراق بە مەبەستى پەسندکردنى پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونى؛ دواى پەسندکردنیشى لە پەرلەمان، لە بودجەى ساڵى 2024دا پشکى پارێزگاکە دیاری دەکرێت.
 
بە پەسندکردنى نەخشەى کۆتایی سنوورى کارگێڕیى قەزا و ناحیەکانى پارێزگاى هەڵەبجە لەلایەن وەزارەتى پلاندانانى عێراقەوە، پرسی بەپارێزگابوونى چوارەم پارێزگاى هەرێمى کوردستان و 19یەمین پارێزگاى عێراق چووەتە قۆناخێکى نوێوە.
 
رۆژی 9ى تەمموزى 2023 محەممەد تەمیم، وەزیرى پلاندانانی عێراق نەخشەى کۆتایی سنوورى کارگێڕیى قەزا و ناحیەکانى پارێزگاى هەڵەبجەى پەسند کرد، ئەوەش لە چوارچێوەى رێوشوێنەکان بۆ تەواوکردنى رێکارەکانى بەپارێزگاکردنى هەڵەبجە.
 
عەبدولزەهرە هینداوى، گوتەبێژى وەزارەتى پلاندانانى عێراق رۆژی دووشەممە 10-07-2023 بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "لەدواى پەسندکردنى نەخشەى کۆتایی یەکە کارگێڕییەکانى پارێزگاى هەڵەبجە، نەخشەکە رەوانەى پەرلەمانى عێراقى دەکرێت بە مەبەستى تەواوکردنى رێکار و پێویستییەکان بۆ بەپارێزگابوونى هەڵەبجە و دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونەکە."
 
رۆژی 4ى ئايارى 2023 پەرلەمانى عێراق خوێندنەوەى دووەمى بۆ پڕۆژەیاساى بەپارێزگاکردنى هەڵەبجە کرد، کە پێشتر لەلایەن ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراقەوە پەسند کرا و نێردرابوو بۆ پەرلەمان و ئێستا تەنیا قۆناخى دەنگدانى ماوە.
 
عەبدولزەهرە هینداوى گوتى، "ئەوەى پەیوەندیدارە بە پشکى ئەو پارێزگایە لە بودجەى گشتیى عێراقدا، بەستراوە بە پەسندکردنى یاسای بەپارێزگابوونى لە پەرلەمانى عێراق."
 
پارێزگاى هەڵەبجە لە حکومەتى فیدراڵى وەکو بەشێک لە پارێزگاى سلێمانى هەژمار کراوە لە چوارچێوەى پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان.
 
لە یاسای بودجەى عێراق کە بۆ سێ ساڵە، لە پشکى بودجەى هەرێمى کوردستان، پشکى پەرەپێدانى پارێزگاکان دیاریکراوە کە زیاتر لە 276 ملیار دینارە.
 
خەلیل دۆسکى، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "بۆ بودجەى 2023 کاتەکە تێپەڕبووە و بۆ بودجەى 2024 دەبێت پشکى پارێزگاى هەڵەبجە لە بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاکان بدرێت، کە بەگوێرەى هەردوو پێوەرى هەژاری و ژمارەى دانیشتووانى پارێزگاکەیە."
 
ئەو ئەندامەى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق گوتیشى، "لە مانگى کانوونى یەکەمى ئەمساڵدا بۆ جارێکى دیکە خشتەى داهات و خەرجیى بودجەى ساڵى 2024 لەلایەن وەزارەتى داراییەوە دەنێردرێتە پەرلەمان بۆئەوەى پەسند بکرێت، لەوێدا پشکى پارێزگاى هەڵەبجە جێی دەکرێتەوە، ئەگەر یاسای بەپارێزگابوونى پەسند بکرێت و یەکە کارگێڕییەکانى ئەو پارێزگایە بە تەواوى پێکبهێندرێت."
 
پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنى هەڵەبجە، كە بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە 13-03-2023 پەسندکرا، بە نووسراوی ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە 14-03-2023 رەوانەی پەرلەمان کرا.
 
رۆژی 24ی کانوونی دووەمی 2013، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نێوەڕۆکی پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی بە نووسراوی ژمارە 12034 ئاراستەی نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراق کرد.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تائێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' تۆمار کراون

وەزارەتی دارایی: ساڵی داهاتوو پڕۆژەی 'هەژماری من' رادەستی وەزارەتەکەمان دەکرێت

وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.