رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی نشینگەی پارێزگای هەولێر لەبارەی دەستگیرکردنی ژنێک لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر رایگەیاند، ئەو ئافرەتە بە پاسپۆرت و بەڵگەنامەی ساختەوە دەستگیر کراوە و رادەستی حکومەتی عێراق دەکرێت، چونکە لە بەغدا داواکراوە، کۆما جڤاکێن کوردستان - کەجەکەش دەڵێت، "نەخۆش بووە و رەنگە رادەستی تورکیا بکرێتەوە."
شەوی پێنجشەممە 10-05-2023 بەڕێوەبەرایەتیی نشینگەی پارێزگای هەولێر لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی دەستگیرکردنی ئافرەتێک بە ناوی "عەزیمە ئارسون"ەوە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "سەبارەت بە بابەتی راگیرانی کەسێک بە ناوی (عەزیمە ئارسون) لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، بە هەموو لایەکی رادەگەیێنین کە ناوبراو هەوڵیداوە بە پاسپۆرت و بەڵگەنامەی ساختەی عێراقی لە رێگەی فڕۆکەخانەوە گەشت بکات، لەلایەن پۆلیسی نشینگەی فڕۆکەخانەوە بەڵگەنامە ساختەکانی ئاشکرا کراوە و پاش لیکۆلینەوە دەرکەوتووە لەلایەن دامەزراوە ئەمنییە فیدراڵییەکانی عێراقەوە داواکراوە و لەسەر داوای ئەوان راگیرا و لێکۆلینەوەی لەگەڵ کراوە."
سەبارەت بە چارەنووسی ئەو ئافرەتە، بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت، "رادەستی لایەنی داواکراو لە حکومەتی فیدراڵی دەکرێتەوە."
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە نەدراوە ئەو ئافرەتە لە کوێ بووە و چۆن گەیشتووەتە هەولێر و ویستوویەتی بەرەو کوێ بڕوات.
عەزیمە ئارسۆن، ئەندامی کەجەکە "کۆما جڤاکێن کوردستانە"، لەدایکبووی ساڵی 1976ـە، نازناوی نەوشین بۆتانە و خەڵکی شاری سلۆپیی سەر بە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستانە، رۆژی 2ـی ئایار لەو کاتەی ویستوویەتی گەشت بۆ ئەوروپا بکات، دەستگیر کرا، ئەو ئافرەتە لەلایەن تورکیاوە داواکراوە.
کۆما جڤاکێن کوردستان - کەجەکەش لە راگەیێندراوێکدا ئەو ئافرەتەی بە "سیاسەتڤان" ناساندووە و رایگەیاندووە، ئارسۆن "نەخۆش بووە و کێشەی دڵی هەیە و ترسی ئەوە هەیە رادەستی تورکیا بکرێتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ