خانەنشینی پێشمەرگە لە سلێمانی: مووچەی پێشمەرگەی خانەنشین بە هاوتاکردن کەم دەکات

10-02-2025
محەممەد رەشید
دراوی عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
دراوی عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری خانەنشینیی پێشمەرگە لە سلێمانی دەڵێت، بە جێبەجێکردنی هاوتاکردنی خانەنشینیی سەربازی لەگەڵ عێراقدا، مووچەی خانەنشینییان کەم دەکات، بەڵام بڕیاردراوە بۆ مانگی شوبات مووچەکانیان وەکو خۆی لێبکرێتەوە و هاوتاکردنی مووچەکانیان رابگیرێت.
 
لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی هەواڵەکانی کاژێر 10:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە ئارێز خالید لە ستۆدیۆکانی سلێمانی پێشکێشی دەکات؛ شێخ عەزیز عەلی، بەڕێوەبەری خانەنشینیی پێشمەرگە لە سلێمانی گوتی، "بڕیاری خانەنشینبوون منیش دەگرێتەوە، بەڵام هیچ کەسێک نییە دەستاودەستی دەسەڵاتی لەگەڵ بکەم، بۆیە ماومەتەوە و کاروباری خەڵک رایی دەکەم؛ چاوەڕێم کەسێک بۆ شوێنەکەم دیاری بکرێت."
 
لە سنووری سلێمانی نزیکەی 3000 خانەنشینی پێشمەرگە مووچەیان کەمیکردووە، ئەوەش ناڕەزایەتیی لێکەوتەوە، شێخ عەزیز عەلی دەڵێت، "دوای جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 9ی خانەنشینیی عێراق لە ساڵی 2014دا، مووچەی خانەنشینی سەربازی کەم دەبێتەوە، چونکە مووچەی خانەنشینان لەسەر بنەمای مووچەی بنەڕەتی، جارانی ساڵانی خزمەت و جارانی 2.5 مووچەکەیان هەژمار دەکرێت، لە کاتێکدا مووچەی بنەڕەتی هێزە ئەمنییەکان کەمە، بەڵام دەرماڵەی مەترسییان هەیە و بەوە مووچەکەیان زیاد بووە، بەڵام لەکاتی خانەنشینیدا ئەو دەرماڵەیەیان بۆ هەژمار ناکرێت، بۆیە مووچەکانیان کەم دەکات، بڕوانامەکانیش بە شێوەیەکی کەم کاریگەریی دەبێت لەسەر زیادکردنی مووچەی خانەنشینان."
 
ئەو کەسانەی مووچەکانیان کەمیکردووە، بە گوتەی بەڕێوەبەری خانەنشینیی پێشمەرگە لە سلێمانی، ئەوانەن کە دوای ساڵی 2014 خانەنشین بوون، "بەڵام ئێستا لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینییەوە ئاگاداریان کردووینەتەوە، مووچەکانیان بۆ مانگی شوبات وەکو خۆی لێبکرێتەوە، تاوەکو یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2010ی خانەنشینیی سەربازی جێبەجێ دەکرێت، کە بەگوێرەی ئەم یاسایە، هێزی پێشمەرگە، لە پێش پرۆسەی ئازادیی ساڵانی خزمەتیان بە دوو هێندە بۆ هەژمار دەکرێت، ئەوەش کاریگەریی دەبێت لەسەر زیادبوونی مووچەکانیان."
 
لەبارەی ئەو پێشمەرگانەی ئەم مانگە مووچەیان لێبڕاوە، شێخ عەزیز عەلی دەڵێت، "داوامان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی کردووە بۆیان قەرەبوو بکرێتەوە."
 
بڕیاری هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینیی سەربازی، پێشمەرگە دێرینەکانیشی نەگرتووەتەوە، کە پێش ساڵی 2014 خانەنشین کراون، بەڵام لەبارەی گۆڕانکاری مووچەکانیان شێخ عەزیز عەلی ئەوەی خستەڕوو، "تەنها ئەو پێشمەرگە دێرینانەی مووچەکانیان کەمتر بووە لە 500 هەزار دینار، مووچەکانیان زیادکراوە بۆ 500 هەزار دینار، ئەوە بەگوێرەی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو دیاریکراوە وەک کەمترین مووچە."
 
بەڕێوەبەری خانەنشینیی پێشمەرگە لە سلێمانی بە پێویستی زانی گرنگیی زیاتر بە پێشمەرگە دێرینەکان بدرێت، "دەبێت ئەو پێشمەرگانەی پێش راپەڕین خزمەتیان کردووە گرنگییان پێبدرێت و خزمەتەکەیان لەبەرچاو بگیرێت، مووچەیەکی تایبەتیان بۆ دەستنیشان بکرێت، هاوشێوەی ئەوەی پێشتر لە عێراقدا هەبووە."
 
لە هەرێمی کوردستان، نزیکەی 170 هەزار خانەنشینی مەدەنی و 80 هەزار خانەنشینی سەربازی هەن، ئەمە وێڕای ئەو 25 هەزار کەسەی بەگوێرەی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق لە دامەزراوە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان خانەنشین دەبن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رووداو

لە رووها دوو برا بە دەستڕێژی گولـلە کوژران

لە رووهای باکووری کوردستان چەند کەسێکی نەناسراو دەستڕێژی گولـلەیان کردە سەر دوو برا و کوشتیانن. هێزەکانی پۆلیس بۆ دۆزینەوەی بکوژەکان لێکۆڵینەوەیان دەستپێکرد.