فراکسیۆنەکانی یەکگرتوو و کۆمەڵ بەشداریی کۆبوونەوەکەی سبەی لەگەڵ حکومەت ناکەن

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە سبەی کۆبوونەوەیەک لە شاری هەولێر بۆ تاوتوێکردنی پرسی مووچە و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بکرێت. هەریەکە لە فراکسیۆنەکانی یەکگرتوو و کۆمەڵ بڕیاری بەشدارینەکردنیان داوە.
 
رۆژی هەینی 10-01-2025 موسەننا ئەمین، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بۆ کۆبوونەوەکە بانگهێشت کراوین، بەڵام بڕیارمان داوە بەشداری ناکەین."
 
هاوکات سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەم ئێوارەیە بڕیاری کۆتاییمان دا و بەشداریی کۆبوونەوەکەی سبەینێی حکومەتی هەرێمی کوردستان و فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق ناکەین."
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی هەینی 10-01-2025 رایگەیاند، "سبەی کاژێر 10:00ی بەیانی لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونی نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە حکومەتی فیدراڵی و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی سەرجەم لایەنەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران و جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیرەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجوومەن ئەنجام دەدرێت."
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، "بابەتی کۆبوونەوەکە تایبەتە بە پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە حکومەتی فیدراڵی."
 
ئەمە لە کاتێکدایە، تاوەکو ئێستا مووچەی مانگی 12ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابەشنەکراوە و رۆژی 8ـی ئەم مانگە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەدوای کۆبوونەوەیەکی لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد: ''حکومەتی فیدراڵ پابەند نەبووە بە دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی  2024 و چاوەڕوانین تەواوکاریی مووچەی مانگی 12ـمان بۆ بنێرێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە