رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی ئەمریکی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، واشنتن نایەوێت هێز لە سنووری نێوان رۆژئاوا و باکووری کوردستان جێگیر بکات، چونکە دەکرێت هەبوونی هێزی ئەمریکا لەلایەن "هەندێک گرووپەوە بۆ زیانگەیاندن بە ئاسایش"ی تورکیا بقۆزرێتەوە.
پێشتر بەرپرسێکی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاندبوو، لەگەڵ واشنتن و پاریس لە گفتوگۆدان بۆئەوەی هێزەکانی ئەمریکا و فەرەنسا لە سنووری نێوان رۆژئاوا و باکووری کوردستان جێگیر بکرێن، بۆئەوەی رێگری لە شەڕی نێوان تورکیا و هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە بکرێت.
بەڵام جۆن باس، بریکاری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری کارگێڕی، رۆژی هەینی بە رووداوی گوت، "ئێمە لەنێو حکومەتەکەمان زۆر باش ئاگاداری ئەوەین کە دەکرێت هەندێ کەس و حکومەت هەبوونی هێزەکانی ئەمریکا وەک دابینکاری دڵنیایی ببینن، بەڵام لە هەمان کاتدا دەزانین رەنگە هەندێک گرووپ یان هەندێک کەس هەبوونی هێزەکانی ئەمریکا بقۆزنەوە بۆئەوەی هەندێک جموجووڵ بکەن کە زیان بە ئاسایشی یەکێک لە وڵاتە دراوسێکان بگەیێنن، لەنێویاندا تورکیا. نامانەوێت ئەو ئەنجامە ببینین."
ئەنقەرە بەردەوامە لە هەڕەشەی لەشکرکێشی بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزە کوردییەکان، ئەگەر داواکارییەکانی جێبەجێنەکرێن.
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە میدیای فەرەنسای راگەیاند: "ئەمریکا و فەرەنسا دەتوانن سنوورەکە بپارێزن. ئێمە رازین ئەم هاوپەیمانییە سەربازییە ئەم ئەرکە لە ئەستۆبگرێت."
یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) کە پێکهێنەری سەرەکیی هەسەدەیە، لە لایەن تورکیاوە بە لقێکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دادەنرێت.
وڵاتانی رۆژئاوا دژی ئەوەن تورکیا هێرش بکاتە سەر هەسەدە، کە لە شەڕی دژی داعشدا هاوبەشی سەرەکییان بووە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە لە چاودێریکردنی دەیان هەزار چەکداری پێشووی داعش و کەسوکاریان لە زیندان و کەمپەکاندا.
لە وەڵامی پرسیارێکی دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن، جۆن باس پەکەکەی تۆمەتبارکرد بەوەی "هەندێک کات دۆخی سووریای قۆستووەتەوە" بۆ ئەوەی زیان بە تورکیا بگەیێنێت.
جۆن باس گوتیشی: "ئێمە دەمانەوێت زۆر وریا بین بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە لەوەی ئەگەر هەر گۆڕانکارییەک لە هەبوون و چالاکییەکانی ئەمریکا لە نێو سوریادا بکەین، مەترسی یان هەڕەشە بۆ وڵاتانی دراوسێ زیاد ناکات."
بەرپرسە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوەشکرد، سەرنجی سەرەکی هێزەکانیان لە سووریا، رێگریکردنە لە سەرهەڵدانەوەی داعش.
ئەردۆغان: تاوەکو سواری ئەسپی خەڵکی بیت، هەر پیادەیت
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەمڕۆ هەینی دووبارە جەختیکردەوە کە دەبێت یەپەگە چەک دابنێت.
لە کاتی قسەکردنی بۆ کۆنگرەی پارتەکەی لە شاری ئایدن، ئەردۆغان رووی لە یەپەگە کرد و گوتی: "بە پشتبەستن بە هێزە بیانییەکان، ناتوانن هیچ ئەنجامێک بەدەستبێنن. وەک باوباپیرانمان گوتوویانە، تاوەکو سواری ئەسپی خەڵک بیت، هەر پیادەیت."
سەرۆککۆماری تورکیا گوتیشی، "پێشتر گوتوومە، تەنیا دوو بژاردەیان هەیە: یان دەبێت لە تیرۆر تۆبە بکەن و چەکەکانتان دابنێن، یانیش لە لەنێوبردن رزگارتان نابێت. بەڵام بژاردەی ئێمە ئەوەیە کە ئەمە بە نەرمی و بێ چەک چارەسەر بکرێت."
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا: "قەرزداری" کوردین
فەرەنسا هیچ شتێکی بە فەرمی لەبارەی بابەتی جێگیرکردنی هێزە فەرەنسی و ئەمریکییەکان لە سنووری نێوان هێزەکانی تورکیا و هێزە کوردییەکان نەگوتووە.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا ئەم هەفتەیە راگەیاند، پاریس هەسەدە بە تەنیا جێناهێڵێت.
ئیلهام ئەحمەد بە میدیای فەرەنسای گوتووە: "ئێمە داوا لە فەرەنسا دەکەین سەرباز بنێرێتە ئەم سنوورە بۆ ئەوەی پارێزگاری لە ناوچەی لەچەکداماڵدراو بکات و یارمەتیمان بدات لە پاراستنی ناوچەکە و دانانی پەیوەندیی باش لەگەڵ تورکیا."
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بابەتەکە بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی راگەیاند، گفتوگۆکان بۆ جێگیرکردنی هێزە ئەمریکی و فەرەنسییەکان لەسەر سنوور بەردەوامن، بەڵام رەتیکردووەتەوە روونیبکاتەوە بە کوێ گەیشتوون.
رۆژی چوارشەممە، وەزیرانی دەرەوەی فەرەنسا و ئەمریکا لە پاریس پشتیوانیی خۆیان بۆ هەسەدە دووپاتکردەوە.
ژۆن نۆوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان "قەرزاری" کوردن و بە تەنیا جێیان ناهێڵن.
بارۆ گوتی، "کوردی سووریا هاوپەیمانیی دڵسۆزی ئەمریکا و فەرەنسان و لە شەڕی دژی تیرۆری ئیسلامیدا هاوپەیمانیی بەهێز بوون. ئێستا کە رژێمی تاوانکار و دڕندەی بەشار ئەسەد رووخاوە، هیوایەکی نوێ لە سووریا لەدایکبووە. هیوایەکی ناسکە، بەڵام راستەقینەیە؛ هیوای گەشانەوەی سیاسی، ئابووری و فەرهەنگیی سووریایە. ئەم هیوایە تەنیا ئەو کاتە بەدیدێت کە هەموو کۆمەڵانی خەڵکی سووریا شوێنیان لەم قۆناخە راگوزەرە سیاسییەدا هەبێت. بێگومان پێویستە کوردی سووریاش لەم قۆناخە راگوزەرەدا شوێنی دروستی خۆی بدۆزێتەوە. ئێمە قەرزداری ئەوانین، چونکە ئەوان هاوخەبات و هاسەنگەری ئێمەبوون لە شەڕی دژی داعش."
هاوکات ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پشتیوانیکردنی هەسەدەی بە گرنگ زانی بۆ شەڕی دژی داعش؛ هەروەها پێیوایە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ کە 20ی ئەم مانگە دەستبەکاردەبێت " بەردەوام دەبێت لە دانانی سەرنجێکی گەورە لەسەر رێگریکردن لە داعش بۆ ئەوەی نەتوانێت سەرە قێزەونەکەی هەڵبداتەوە و خۆی رێکبخاتەوە."
بلینکن گوتیشی، "بەشێکی گرنگی ئەمەش ئەوەیە کە یارمەتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات بدەین بتوانن بەردەوام بن لەو کارەی کە تاوەکو ئێستا لە بەرژەوەندیی هەموو لایەکدا کردوویانە، کە ئەویش چاودێریکردنی چەکدارانی تیرۆریستە کە هێشتا لەوێ ماون."
بلینکن ئاماژەی بەوە کرد، "زۆر لە نزیکەوە" لەگەڵ تورکیا لە هاوئاهەنگیدان بۆ ئەوەی قۆناخی راگوزەری سووریا ببێتە هۆی چارەسەرکردنی نیگەرانییە ئەمنییەکانی ئەنقەرە، لە نێویاندا، "بۆ ئەوەی بە تێپەڕبوونی کات، هێزەکانی سووریای دیموکرات تێکەڵ بە هێزە نیشتمانییەکانی سووریا بکرێن و ئەندامە بیانییەکانی ئەو هێزەش بگەڕێنەوە وڵاتانی خۆیان و چارەسەر بۆ پرسەکانی نەوت، سنوور و ئەوانی دیکەش بدۆزرێتەوە. بەڵام ئەمە پڕۆسەیەکە کە هەندێ کاتی پێویستە."
بەڵام وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هۆشداریشیدا کە " ئەو شتەی بە هیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندیی هیچ شتێکی ئەرێنیدا نابێت لە سووریا، ململانێیە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ