ئەندامێکی شاندی یەکێتی لە بەغدا: هەموو لایەنەکان دەبینین، پاشان دەگەڕێینەوە

09-11-2021
زریان حاجی
A+ A-

رووداو هەولێر

شاندێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدایە. ئەندامێکی شاندەکە دەڵێت، لەگەڵ هەموو لایەنەکان کۆدەبنەوە.
 
رۆژی سێشەممە 9-11-2021، رێبوار تەها، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئەندام لە شاندەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئامانجی سەردانەکەیان هەڵسەنگاندنە بۆ دۆخی ئێستای عێراق و هێنانەوەی بەرچاوڕوونییەکە بۆ سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیی یەکێتی.
 
شاندەکە پێکهاتوون لە رێبوار تەها، خالید شوانی، د. مەجید و رابیحە حەمەد، ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
 
رێبوار تەها دەڵێت، ئەوان بۆ رێککەوتن نەچوونەتە بەغدا، بەڵکو "لەسەر رووداوەکانی ئەم دواییەی بەغدا و دوای هەڵبژاردن گفتوگۆ لەگەڵ سەرجەم سەرۆکی بەرە و لایەنە سیاسییەکانی شیعە و سوننە دەکەین".هەروەها گوتیشی، "ئەمشەو لەگەڵ د.بەرهەم ساڵح، [سەرۆککۆماری عێراق] کۆبوونەتەوە و چوارشەممەش لەگەڵ لایەنەکانی دیکە کۆدەبنەوە".
 
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێتی دەیەوێت هەنگاوی رژدی بنێت کە لایەنە سیاسییەکان پێکەوە بچنە بەغدا، گوتیشی: "دەکرێت پڕۆژەی هەموو لایەنەکان یەکبخەین کە ببێتە پڕۆژەیەکی نیشتمانی".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە