نزیکەی 200 هەزار دەنگدەر لە هەرێمی کوردستان کەم بووە

09-10-2024
ساڵح قادر @salihqadr
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرەڕای زیادبوونی شەش تەمەنی دەنگدان، بەڵام ژمارەی ئەوانەی لەم خولەی هەڵبژاردن دا مافی دەنگدانیان هەیە، بەراورد بە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، نزیکەی 200 هەزار کەم بووە، بەراورد بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیش نزیکەی 380 هەزار دەنگدەر کەم بووە. زۆرترین کەمبوونی دەنگدەریش لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەیە.
 
لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی 2021، لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان 3 ملیۆن و 277 هەزار و 559 کەس مافی دەنگدانیان هەبوو، بەڵام لەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی کوردستان دا 2 ملیۆن و 899 هەزار و 623 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە، واتە کارتی بایۆمەتری دەنگدانیان بۆ دروستکراوە، بەوپێیەش دەردەکەوێت لە ماوەی دوو هەڵبژاردن دا 377 هەزار و 936 دەنگدەر کەم بووە.
 
زۆرترین کەمکردنی دەنگ لە بازنەی سلێمانی و هەڵەبجە بووە، لە هەڵبژاردنی رابردوودا لەو بازنەیەدا 1 ملیۆن  و293 هەزار و 707 کەس مافی دەنگدانیان هەبووە. لەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی کوردستان دا لە هەردوو بازنەی سلێمانی و هەڵەبجە 1 ملیۆن و 146 هەزار و 97 کەس مافی دەنگدانی هەیە، واتە لە نێوان دوو هەڵبژاردن دا 147 هەزار و 610 دەنگدەر کەم بووە.
 
لە هەڵبژاردنی رابردوو (2021) 1 ملیۆن و 151 هەزار و 424 کەس لە پارێزگای هەولێر مافی دەنگدانی هەبووە، لەو هەڵبژاردنەدا 1 ملیۆن و 15 هەزار و 670 کەس لە پارێزگای هەولێر مافی دەنگدانیان هەیە، واتە 135 هەزار و 754 دەنگدەر (بەهەر هۆکارێک بێت) لە تۆماری دەنگدەرانی هەولێر سڕاونەتەوە.
 
لە پارێزگای دهۆک لە هەڵبژاردنی رابردوودا 832 هەزار و 428 کەس مافی دەنگدانی هەبوو، لەو هەڵبژاردنەدا 737 هەزار و 856 کەس مافی دەنگدانیان هەیە، جیاوازی دەنگی نێوان هەردوو هەڵبژاردنەکە لەو بازنەیەدا ( 94 هەزار و 572 دەنگە)

 

 

 
 
 
 
جیاوازیی ژمارەی دەنگدەران لەنێوان دوو خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دا
 
ساڵی 2018 هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، لەو خولەدا 3 ملیۆن 85 هەزار و 461 کەس مافی دەنگدانیان هەبوو. هەرچەندە لە شەش ساڵی رابردوودا شەش تەمەنی دەنگدان زیادبووە، بەڵام ژمارەی دەنگدەران لەو هەڵبژاردنەدا بەراورد بە هەڵبژاردنی خولی پێنجەم 185 هەزار و 838 دەنگدەر کەمیکردووە.
 
لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەم دا لە هەولێر 1 ملیۆن و 109 هەزار و 72 کەس مافی دەنگدانیان هەبووە، لە خولی شەشەم دا 1 ملیۆن و 15 هەزار و 670 کەس مافی دەنگدانیان هەیە، واتە 93 هەزار و 402 دەنگدەر کەمی کردووە.
 
لە هەڵبژاردنی رابردوودا (2018) لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە یەک ملیۆن و 265 هەزار و 171 کەس مافی دەنگدانی هەبوو، لە هەڵبژاردنی 20ی ئۆکتۆبەردا لەو دوو پارێزگایەدا 1 ملیۆن و 146 هەزار و 97 کەس مافی دەنگدانیان هەیە، لەنێوان ئەو دوو هەڵبژاردنەدا 119 هەزار و 74 دەنگدەر کەمی کردووە.
 
لە دهۆک بەپێچەوانەی پارێزگاکانی دیکە ژمارەی دەنگدەران بەراورد بە هەڵبژاردنی خولی پێنجەم زیادی کردووە. لە هەڵبژاردنی 2018دا لە سنووری پارێزگای دهۆک 711 هەزار و 218 کەس کەس مافی دەنگدانیان هەبوو، لەو هەڵبژاردنەدا 737 هەزار و 856 کەس مافی دەنگدانی هەیە، لەنێوان ئەو دوو هەڵبژاردنەدا 26 هەزار و 638 دەنگدەر زیادی کردووە.
 
 
هۆکاری کەمبوونی دەنگدەران چییە؟
 
عیماد جەمیل ، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند "یەکێک لە هۆکارەکانى کەمبوونى ژمارەى دەنگدەرانى رێگەپێدراو بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بەراورد بە هەڵبژاردنى 2021ـى پەرلەمانى عێراق ئەوەیە؛ هەندێک لەوانەى کارتى ئەلیکترۆنى کاتیى دەنگدانیان هەبووە بۆ هەڵبژاردنى رابردوو، نەیانگۆڕیوە بە کارتى بایۆمەترى، کە تاکە کارتە رێگەى پێدەدرێت لە رێگەیەوە بەشداری لە هەڵبژاردن دا بکەن." 
 
بەگوێرەى ئەو ئامارانەى تۆڕى میدیایی رووداو لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراقەوە دەستیکەوتوون، لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان، سێ ملیۆن و 789 هەزار و 360 کەس مافی دەنگدانیان هەیە. لەو ژمارەیە دوو ملیۆن و 900 هەزار و 865 کەس کارتى بایۆمەتریی دەنگدانیان دەرهێناوە و دەتوانن لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بەشداربن، بەڵام 888 هەزار و 495 کەس مافى دەنگدانیشیان هەیە، ناتوانن بەشداری هەڵبژاردن بکەن، بەهۆى ئەوەى کارتى بایۆمەترییان نییە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تائێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' تۆمار کراون

وەزارەتی دارایی: ساڵی داهاتوو پڕۆژەی 'هەژماری من' رادەستی وەزارەتەکەمان دەکرێت

وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.