رووداو دیجیتاڵ
سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران رەتیکردەوە ئەمڕۆ هەینی دەروازەکە بە رووی هاتنی زیارەتکاران داخرابێت و گوتی، تەنیا ئەمڕۆ تاوەکو کاژێر 10ی بەیانی 3000 زیارەتکار لە رێگەی دەروازەکە هاتوونەتە نێو هەرێمی کوردستان.
مەسعود باتێلی، سەرپەرشتیاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هاتنی زیارەتکاران لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە بەردەوامە."
بەپێی ئەو رێککەوتنەی لە نێوان پارێزگای هەولێر و ورمێ کراوە، زیارەتکارانی ئێران دەتوانن لە رێگەی دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە بچنە شارەکانی عێراق بۆ بەشداریکردن لە چلەی ئیمام حوسێن.
ئاژانسەکانی ئێران بڵاویان کردەوە، کە ئێران دەروازە سنوورییەکانی لەگەڵ عێراق بۆ ماوەیەکی نادیار بەڕووی زیارەتکاران دادەخات، ئەویش بەهۆی ئاسانکاریینەکردن بۆ زیارەتکاران لە دیوی عێراقەوە.
لە بەرامبەردا، سەرپەرشتیاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران دەڵێت: "تائێستا دەروازەی حاجی ئۆمەران دانەخراوە، تەنیا ئەمڕۆ لە ماوەی سێ کاژێردا 3000 زیارەتکار لە رێگەی دەروازەکەمان هاتوونەتە ژوورەوە".
هەروەها عەلائەددین قەیسی، گوتەبێژی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکی فەرمییان بۆ نەهاتووە لە بارەی داخستنی دەروازەکان، ئەوان لە ئامادەکارییەکانیان بۆ پێشوازی لە زیارەتکارانی ئێرانی بەردەوامن.
لە رۆژی چوارشەممەوە هاتنی زیارەتکرانی ئێرانی لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بە فەرمی دەستیپێکردووە، مەسعود باتێلی دەڵێت: "تاوەکو ئێستا نزیکەی 9000 زیارەتکار لە رێگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەرانەوە هاتوون."
چلەی ئیمام حوسێن
بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان، ئیمام حوسێن کچەزای محەممەد، پێغەمبەری ئیسلام (دروودی خودای لەسەر بێت) لە شاری کەربەلا، لەگەڵ خێزان و دەیان لە کەسوکار و لایەنگرانی لە ساڵی 680ـی زایینی و لەسەر دەستی لایەنگرانی یەزیدی کوڕی موعاوییە، خەلیفەی ئەمەوییەکان کوژرا.
سەرچاوە مێژووییەکان باس لەوەش دەکەن، کوژرانی ئیمام حوسێن کۆتایی بە ململانێی نێوان ئیمام حوسێن و یەزیدی کوڕی موعاوییە و لایەنگرانی هەردوولا هێنا، چونکە ئیمام حوسێن دانی بە خەلافەتی یەزید-دا نەدەنا و هەوڵی رووخاندنی دەدا.
رێوڕەسمی چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن هەموو ساڵێک لە 20ی مانگی سەفەر/کۆچی لە عێراق و چەند وڵاتێکی دیکە بەڕێوەدەچێت. سەدان هەزار لە باوەڕدارانی شیعە سەردانی مەزارگەی ئیمام حوسێن لە کەربەلا دەکەن و بە چەندین شێواز ماتەمینی دەگێڕن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ