رووداو دیجیتاڵ
نرخی مریشک لە 5000 دینارەوە بۆ 2500 دینار دابەزیوە. سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی و گەرمیان دەڵێت، لە دوێنێ شەوەوە نرخی یەک کیلۆ مریشک لە پەلەوەرخانەکان بووەتە دوو هەزار و 250 دینار. بەرپرسێکی وەزارەتی کشتوکاڵیش دەڵێت: "ئەگەر خاوەن پڕۆژەکان پابەندبن بە خشتەیەکی دیاریکراوی وەزارەت کە هەر مانگێک ژمارەیەکی دیاریکراو مریشک بخەنە بازاڕەوە، ئەوە نرخیش دیاریکراو دەبێت."
دوای ئەوەی مانگی رەمەزان نرخی مریشک لە هەرێمی کوردستان گەیشتە پێنج هەزار دینار، ئێستا نرخی یەک کیلۆ مریشک بۆ 2500 دینار دابەزیوە، ئەو ناجێگیرییەی بەردەوامی نرخی مریشکیش ناڕەزایەتیی خاوەن پەلەوەرخانەکان لێکەوتووەتەوە و داوا دەکەن حکومەتی هەرێمی کوردستان نرخێکی دیاریکراویان بۆ دابنێت، بۆ ئەوەی هەموو رۆژێک زەرەر نەکەن و هەموویان پابەند بکرێن بە نرخێکی دیاریکراو.
رۆژی سێشەممە، 09-05-2023، نازم عەبدوڵڵا، سەرۆکی کۆمەڵەی پەلەوەرخانەکانی سلێمانی و گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە دوو رۆژی رابردوودا نرخی مریشک لە پەلەوەرخانەکان 1900 دینار بوو، کە ئەوەش لە زەرەری خاوەن پەلەوەرخانەکانە، شەوی رابردوو گەیشتووەتە دوو هەزار و 300 دینار، بەڵام ئەوەش بەگوێرەی کێشی مریشکەکە دەگۆڕێت، ئەو گۆڕانکارییە لە چەند رۆژێکدا بۆ ئەوەیە کە بەشێک لە پەلەوەرخانەکان دەڵێن، زەرەرە و بەو نرخانە نایفرۆشین لەکاتێكدا لە هۆڵی پەلەوەر تێچووەکەی سێ هەزار دینارە."
سەرۆکی کۆمەڵەی پەلەوەرخانەکانی سلێمانی و گەرمیان دەڵێت، حکومەت دەتوانێت کار لەسەر ئەم کەرتە بکات و رێکیبخاتەوە، دەشڵێت: "چەندینجار داوامان کردووە نرخێک دیاریبکرێت و ساڵەکە بەو نرخە بفرۆشرێت، نەک رۆژێک بە چوار هەزار بێت و هاووڵاتیی نەتوانێت بیکڕێت یاخود 10 مانگی دیکە لە خوار سێ هەزارەوە بیفرۆشێت، ئەوە بێ مانایە."
نازم عەبدوڵڵا دەڵێت: "لە دهۆک و زاخۆوە تاوەکو کەلار و کفری 38 کارگەی ئالیکمان هەیە، هەر یەکێک بە نرخێک و بە کوالێتییەک دەیفرۆشێت. لە هەرێمی کوردستان 20 جۆر ڤاکسین هەیە لەکاتێکدا ئەوە ئاسایشی نیشتمانی نابێت پزیشکی بازرگان دەستی بۆ ببات، بۆیە دەبێت ئەوانە رێکبخرێتەوە."
ئەحمەد سابیر، مریشکفرۆش لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەراورد بە مانگی رابردوو ئێستا بازاڕیان باشتر بوووە و فرۆشیان زیاترە، چونکە نرخی مریشک لە دووکان بۆ 2650 تاوەکو 2700 هەزار دینارە.
هیوا رەزا، مریشکفرۆش لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، نرخی کیلۆیەک مریشکیان لە پەلەوەرخانەکان بە دوو هەزار و 350 کڕیوە و خۆیان بە دوو هەزار و 500 دینار دەیفرۆشن. دەشڵێت: "بەراورد بە مانگی رابردوو ئێستا فرۆشمان زیاتر بووە، چونکە نرخی مریشک دابەزیوە، بەڵام ئەو نرخە لە بەرژەوەندیی پەلەوەرخانەکاندا نییە و ئەوە لە زەرەری ئەوانە."
وەزارەتی کشتوکاڵ داوا دەکات لیژنەکانی قایمقامیەت چاودێریی نرخی مریشک دەکەن.
فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بۆ چارەسەرکردنی گرفتی دابەزین و بەرزبوونەوەی نرخی مریشک دوو سێ رێکار هەیە پێویستە بگیرێتەبەر، یەکێک لەوانە دەبێت لیژنەکانی قایمقامیەت چاودێریی نرخی ئەو مریشکانە بکەن کە لە کۆڵانەکان دەفرۆشرێن. یەکێکی دیکە ئەوەیە ئەگەر پەلەوەرخانەکان پابەندبن بە خشتەیەکی دیاریکراوی وەزارەت، واتا ئێمە پێیان بڵێن بۆ ئەم مانگە تەنیا ئەوەندە مریشک بخەنەبازاڕەوە و ئەوانیش پابەندبن ئەوە نرخیش دیاریکراو دەبێت."
فیراس سدیق دەڵێت: "بۆ ئەوەی نرخی مریشک دیاری بکەین پێویستە نەک تەنیا لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراقیش هاوئاهەنگی بکرێت و بەرنامەیەکی گشتگیرمان هەبێت، چونکە 50٪ بۆ 60٪mی مریشکی هەرێمی کوردستان بۆ خواروو و ناوەڕاستی عێراق دەچێت، بۆیە ئەگەر وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان ئالیک بە نرخی پاڵپشتیکراو بە خاوەن پڕۆژەکان بدەین و دواتر هەناردە بکرێت ئەوە لەبری ئەوەی سوود بە هاووڵاتییانی خۆمان بگەیێنین 50 بۆ 60٪ـی ئەو مریشکە دەچێتە خواروو و ناوەڕاستی عێراق."
بەگوتەی بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان: "تاوەکو مریشک بەشێوەی زیندوو لە لاکۆڵانەکان بفرۆشرێت ئەوە ناتوانین نرخ کۆنترۆڵ بکەین، لەگەڵ ئەوەشدا خەڵکی ئێمە ئەوەی دەوێت، بۆیە ئەگەر قەدەخەشی بکەین، لە شوێنێکەوە پەیدای دەکەن، ئەوە جگە لەوەی بژێویی نزیکەی 15 هەزار خێزان لەسەر ئەو دووکانانەیە و ناتوانرێت لە بارودۆخێکی ئابووری وەک ئێستا دابخرێن."
لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە ئیدارە سەربەخۆکان و پارێزگای هەڵەبجەشەوە 1900 پەلەوەرخانە هەن. نازم عەبدوڵڵا دەڵێت: "دەبێت لایەنێک بێت نەهێڵێت مریشکی بەستوو بێتە نێو هەرێمی کوردستان، ئەو لایەنەش دەبێت حکومەت بێت، دەتوانێت نەهێڵێت خاوەن پڕۆژە تووشی زەرەر و زیان بێت. مریشکی بەستوو کارەساتە، ئەگەر حکومەت مەبەستی بێت بەهەموو شێوەیەک دەتوانێت نرخ رابگرێت."
پێداویستیی ساڵانەی گۆشتی مریشک لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان 146 هەزار تۆنە، بەڵام نزیکەی 250 هەزار تۆن گۆشتی مریشک بەرهەمدەهێندرێت و ئەوەی زیاتر لە پێویستیی نێوخۆ بێت، هەناردەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ