کوردستان
مستەفا چاوڕەش: بڕیارە یەکێتی و پارتی کۆببنەوە، چونکە زۆر گرفت هەن پێویستیان بە چارەسەرکردنە
رووداو دیجیتاڵ
دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی، ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان رایگەیاند، "بڕیارە یەکێتی و پارتی کۆببنەوە، چونکە زۆر گرفت هەن پێویستیان بە چارەسەرکردنە." ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتیش جەخت لەوەدەکاتەوە، کۆبوونەوە لەگەڵ یەکێتی لە بەرنامەیاندایە.
رۆژی دووشەممە 9ـی ئایاری 2022، مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ پارتی بە رووداوی راگەیاند، "ئەوەندەی ئاگاداربم بڕیار وایە کۆبوونەوە لە نێوان یەکێتی و پارتی و لایەنەکان بکرێت، ئەوەش باشترین چارەسەرە بۆ دەرچوون لەم بارودۆخە چەقبەستووە، تاوەکو زووتریش بکرێت باشترە، چونکە وڵات بەمشێوەیە بەڕێوەناچێت، خەڵک هەمووی بێتاقەتە."
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی بە گرنگی دەزانێت مەکتەب سیاسیی یەکێتی و پارتی کۆببنەوە، داوا لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات هەموو لایەنەکان بۆ کۆبوونەوە بانگ بکات، لەو بارەوە گوتی، "پێش هەموو شتێک و هەموو لایەک، پێویستە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و پارتی دابنیشن و کۆببنەوە لەسەر چارەنووسی ئەم میللەتە. ئەم میللەتە کەم قوربانی نەداوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان با هەموویان بانگ بکات و لەگەڵ بافڵ تاڵەبانیش کۆببنەوە. دەسەڵات و هێز هیچ نییە، خۆڵ و خاشاک وڵاتی تێکداوە، بێ مووچەییە، بارودۆخی پێشمەرگە باش نییە، خەڵک لە هەموو لایەکەوە وەزعی خراپە."
پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان یەکێکە لەو گرفتانەی ئێستا لایەنەکانی لەیەک جیاکردووەتەوە، یەکێتی، گۆڕان، کۆمەڵ و یەکگرتوو داوا دەکەن یاسای هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوە و هەڵبژاردن بە چوار بازنە ئەنجامبدرێت، بەڵام پارتی رەتیدەکاتەوە و پێ وایە ئەنجامدانی هەڵبژاردن بە چوار بازنە ناوچەگەریی تۆخدەکاتەوە.
لەو بارەوە، مستەفا چاوڕەش گوتی، "پێویستە یەکێتی و پارتی لەو بارەوە کۆببنەوە و گوێ لە هەموو لایەنەکانی دیکەش بگرن، نەک هەموومان خۆمان بە کوێخا بزانین، ناکرێت سەرقاڵی ئەو شەڕە بین، کە لە تەلەفزیۆنەکان روودەدات، ئەوانەی ئەو شەڕە دەکەن هەر لایەنێک بن، ئەوانەن کە هیچ ماندوونەبوون."
ئەحمەد کانی، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی لە بارەی کۆبوونەوەی حزبەکەیان لەگەڵ یەکێتی بە رووداوی گوت، "پلان وایە پارتی و یەکێتی کۆببنەوە، چونکە بە کۆبوونەوە گرفتەکان چارەسەر دەبن."
چنار سەعد عەبدوڵڵا، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ پارتی بە رووداوی گوت: دوێنێ لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتی ئەوە دووپات کرایەوە کە پارتی باوەڕی تەواوی هەیە بە دانوستاندن لەپێناو چارەسەری کێشەکان و لەو پێناوەشدا کۆمەڵێک دەستپێشخەری دەبن و هەوڵی دوور لە میدیایی بۆ دیدار لەگەڵ لایەن و کەسایەتییەکانی کوردستان ئەنجامدەدرێن.
گوتیشی، "سەرۆک بارزانی پێداگیری لەسەر ئەوە کردووە کە ئێمە لەگەڵ بنەمای گفتوگۆین و گوتی، پێم باشە مەکتەبی سیاسیی بەردەوام بێت لەسەر گفتوگۆ و دانوستاندنەکان و ئەوەش بەو واتایەیە، کە مەکتەبی سیاسی پارتی دەستکراوە کردووە لە دانوستاندنەکانی لەگەڵ یەکێتی."
دوێنێ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی، بە سەرپەرشتی سەرۆک بارزانی کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا لەبارەی کێشە سیاسییەکانی عێراق، پرسی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆنگرەی 14ـی حزبەکە و پڕکردنەوەی شوێنی ئەو ئەندامانەی کە کۆچی دواییان کردووە گفتوگۆ کرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ