سەعدی ئەحمەد پیرە: پێویستە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران مشووری رێکخستنەوەی کابینەکەی بخوات

09-04-2023
پەیمان محەممەد
سەعدی ئەحمەد پیرە. وێنە: رووداو
سەعدی ئەحمەد پیرە. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گرژییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی بەهۆی رووداوی هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی زیادیکردووە؛ ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لەبارەی سەرهەڵدانەوەی دووبارەی ناکۆکییەکان دەڵێت، هەر جارێک لەنێوان پارتی و یەکێتی لێکنزیکبوونەوە دەبێت، بەهۆی کێشەیەکەوە دووبارە لە یەکدی دووردەکەونەوە.
 
رۆژی یەکشەممە 09-04-2023 سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، هەر جارێک لەنێوان پارتی و یەکێتی لێکنزیکبوونەوە روودەدات، بەهۆی کێشەیەکەوە دووبارە لە یەکدی دووردەکەونەوە.
 
سەعدی ئەحمەد پیرە پێیوایە ناکۆکیی نێوان پارتی و یەکێتی بە هاتنەسەر هێڵی سەرۆک بازرانی و بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی چارەسەر دەبێت و ئاقارەکان بەرەو ''قسە و قسەڵۆک'' ناڕۆن.
 
رووداوی هێرشکردنەسەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی لە ئێوارەی رۆژی هەینی 07-04-2023دا، بۆ جارێکی دیکە گرژییەکانی نێوان پارتی و یەکێتیی ئاڵۆزتر کرد.
 
ئەندامەکەی مەکەتبی سیاسیی یەکێتی لەو بارەوە دەڵێت، هیچ جێگرەوەیەکی دیکە بۆ یەکێتی و پارتی جگە لە پێکەوە کارکردن نییە، "ئەگەر زەوینەکەش بەو شێوەیە ژەهراوی بکرێت، رەنگە پێکەوەژیان ئەستەم بێت، ئێمە حکومڕانیی ئەو خەڵکە دەکەین کە هەمووی یەکێتی و پارتی نین، ژەهراویکردنی ئەم خەڵکە و هەڵوێستی نەرێنی بەرامبەر بە یەکدی کارێکی خراپە."
 
رۆژی هەینی 07-04-2023 وێنەی دووکەڵی ئاگر لە نزیک فڕۆکەخانەی سلێمانی بڵاوبووەوە؛ سەرەتا بەرپرسانی فڕۆکەخانە و ئاسایش رایانگەیاند، "هیچ رووینەداوە و ئاگرێکی ئاسایی بووە". دواتر بڵاوکرایەوە کە هێرشی درۆنی بووە.
 
بەپێی زانیارییە بە فەرمی رانەگەیێندراوەکان، ئەو رووداوەی روویدا بەهۆی ئەوە بوو کە شاندێکی باڵای بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە سەرۆکایەتیی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە لە سلێمانی بوو، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، مەزڵووم عەبدی سەلامەتە و چووەتەوە رۆژئاوای کوردستان.
 
فلیپ ڤێنتورا، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا - پێنتاگۆن لە وەڵامی چەند پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداودا سەبارەت بە هێرشەکە رایگەیاند: ''پشتڕاستی دەکەینەوە کە رۆژی هەینی هێرشێکی ئاسمانی کراوەتە سەر کاروانێکی ئۆتۆمبێل لە سلێمانی و لەنێو کاروانەکەدا سەربازی ئەمریکی هەبوون". 
 
دوای هێرشەکە جووتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "نیگەرانیی خۆمان بەرامبەر بە پەلاماردانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دەردەبڕین. ئەم دۆخە ترسناکە لە ئەنجامی داگیرکردنی دامودەزگاکانی حکومەت و بەکارهێنانیان بو کاری نایاسایی هاتووەتە ئاراوە."
 
لە وەڵامی ئەو راگەیێندراوەدا، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "بە تووندی ئیدانەی هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەکەین. لە هەمان کاتدا بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی روون دەکەینەوە کە؛ جوتیار عادل گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان نییە و تەنها نوێنەرایەتی حزبێک دەکات لە ناو حکومەتدا."
 
جووتیار عادلیش لە راگەیێندراوێکی دیکەدا و لە وەڵامی راگەیێندراوەکەی قوباد تاڵەبانی دەڵێت، "بەداخەوە، لەجیاتی ئەوەی کاک قوباد، هاوکار بێت و لە کەناڵەکانی حکومەتەوە چارەسەری کێشەکان بکات، خۆی لە بەرپرسیاریەتی دزیوەتەوە و دەوام ناکات. بۆیە کاک قوباد، جێگری سەرۆکوەزیرانی بندیوارە و مافی ئەوەی نیە باسی حکومەت بکات و بڕیار لەسەر گوتەبێژی حکومەت بدات."
 
سەعدی ئەحمەد پیرە لەبارەی وەڵامەکەی گوتەبێژی حکومەت دەڵێت، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران کەسێکی خوێندەوار و شارەزایە و "گوتەبێژی حکومەت ناتوانێت و ئەگەر کەسێک راینەسپێرێت حەدیشی نییە قسەی وا بکات." ئاماژە بەوەش دەکات، "ئەگەر کەسێک پەرۆشی سەقامگیریی وڵاتەکەی بێت، هەوڵ دەدات لە هەڵبژاردنی وشە وردبینتر بێت."
 
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزیرانی یەکێتی لە حکومەتدا، بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانیان کردووە و ماوەیەکی زۆرە بەشداری لە کۆبوونەوەکاندا ناکەن و دەڵێن، "گلەیی و هەڵوێستمان لە کردەوە و شێوازی ئیدارەدانی کابینەی نۆیەم هەیە."
 
سەعدی ئەحمەد پیرە ئاماژەی بەوە کرد، بایکۆتی کۆبوونەوەکان لەلایەن تیمی یەکێتییەوە تاوەکو ئێستا بەردەوامە و بەشێک لە هەنگاوەکان وەکو شەفافییەت لە بابەتی نەوت جێبەجێکراون، بەڵام "مەسەلەی ئەمنی، سەربازی، ماڵی، ئابووری و سیاسییەکان پێویستە لە رێگەی شاندی شارەزا گفتوگۆیان لەسەر بکرێت و چارسەر بکرێن."
 
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی پێیوایە "لە هەموو لایەکەوە هەڵە هەیە، بەڵام چارەسەری کێشەکان بە تاوانبارکردنی یەکدی ناکرێت و 'دەبێت دابنیشن و لەسەر ناکۆکییەکان گفتوگۆ بکەن'"؛ ئەنجوومەنی وەزیران دەبێت پێکەوە دابنیشێتەوە و گرفتەکان باس بکرێن.
 
لەلایەن سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە چەندین جار داوا لە تیمی وەزاریی یەکێتی کراوە بگەڕێنەوە بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران. سەعدی ئەحمەد پیرە لەوبارەوە گوتی، ئەوە تەنیا ئاگادارکردنەوەیە کە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیران بە تیمی یەکێتی دراوە و دەستپێشخەری نییە، "ئەوەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانیش دەیکات ئەوە ئاگادارکردنەوە و هەڕەشەیە، پێموانییە ئەم زاراوەیە زاراوەی پێکەوە دانیشتنەوە بێت."
 
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی روو لە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت دەڵێت، شێوەی چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ هاوبەشی حوکمڕانی دیارە و "پێویستە وەکو سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران مشووری ئەوە بکات کابینەکەی رێکبکەوێتەوە کە بەو زاراوەیەش ناکرێت."
 
رۆژی چوارشەممە، 05-04-2023، بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان و دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە بەشداریی یونامی لەسەر پرسی کورسیی پێکهاتەکان و یاسای هەڵبژاردن بۆ جارێکی دیکە کۆبوونەوە.
 
سەعدی ئەحمەد پیرە پێیوایە بەشی هەڵبژاردنی پارتی و دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی دەبێت بەردەوام بن لە هەوڵەکانیان بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن و گوێ نەدەن بەو بارودۆخەی ئێستا. دەشڵێت، پێویستە هەوڵێک بدرێت بۆ پێداچوونەوە و گەڕانەوەی ئارامی بۆ هەرێمی کوردستان و لەنێوان لایەنە سیاسییەکان، بەتایبەتی پارتی و یەکێتی بابەتەکان چارەسەر بکرێت.
 
ئەو ئەندامەی مەکەتبی سیاسیی یەکێتی گوتیشی، "چاوەڕوان دەکەین لەلایەن هەردوو تیمەکانی حکومەت، دەزگاکانی شارەزا و پسپۆڕ لە بواری جیا، هەوڵی ئەوە بدەن لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆبوونەوەی هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی رێکبخرێت، کە ئەمەیان بێگومان کاری دەوێت، بەڵام کارێکی ئەستەم نییە و ئاسانە."
 
بڕیاربوو رۆژی 01-10-2022 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بکرێت، بەڵام ناکۆکیی سیاسیی نێوان لایەنەکان لەسەر یاسای هەڵبژاردن، پێکهاتەی کۆمیسیۆن و شێوازی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە لەنێوان یەک بازنەیی و فرەبازنەییدا، بوونە هۆکاری دواکەوتنی هەڵبژاردن. 
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، جارێکی دیکە رۆژی 18-11-2023ـی وەکو وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری کرد، بەڵام بەرلەوەی هەلبژاردن بکرێت، یاسای هەڵبژاردن پێویستی بە هەموارکردنەوەیە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنیش بە کاراکردنەوە.
 
بە گوتەی سەعدی ئەحمەد پیرە، یەکێتی ئەم وادەیەی رەتنەکردووەتەوە، بەڵام دەبێت بە شێوەیەک رێککەوتن بکرێت و گرفتەکان چارەسەر بکرێن کە لە چوار ساڵی داهاتوودا تووشی ناکۆکی نەبنەوە.
 
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لەبارەی هێرشە درۆنییەکەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، لە داهاتوویەکی نزیکدا هەڵبژاردن لە تورکیا دەستپێدەکات و ئەردۆغان هەموو رێکارێک دەگرێتەبەر بۆئەوەی دوو دەنگی زیاتر وەربگرێت. داخرانی ئاسمانی تورکیا بەسەر گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانیش بە گرفت نازانێت و دەڵێت، "سلێمانی لە مەترسییەکی زۆر گەوەرەدا نییە و کەسیش دڵی بەوە خۆش نەکات."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە