یەکەمین خەڵاتی باشترین مامۆستای ئێران بەخشرایە مامۆستایەکی کورد

09-02-2024
ناسر پیرۆتی
ساتی پێشوازیکردن لە مامۆستا کوردەکە لە شنۆی رۆژهەڵاتی کوردستان.
ساتی پێشوازیکردن لە مامۆستا کوردەکە لە شنۆی رۆژهەڵاتی کوردستان.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

خەڵاتی باشترین مامۆستای ساڵی ئێران بەخشرایە مامۆستایەکی کوردی خەڵکی شنۆ بەهۆی گەڕاندنەوەی قوتابییانی دابڕاو بۆ قوتابخانە.
 
لە رێوڕەسمی راگەیاندنی باشترین مامۆستای ئێران کە رۆژی چوارشەممە، 07-02-2024 لەلایەن دامەزراوەی بورهان لە تاران بەڕێوەچوو، ناوی ئارام ئەحمەدپوور، مامۆستای قوتابخانە لە گوندی گەڵازی شنۆ وەکو باشترین مامۆستای ئەم ساڵی ئێران راگەیێنرا.
 
ئارام ئەحمەدپوور 18 ساڵ ئەزموونی مامۆستایەتی هەیە و بەهۆی ئەو هەوڵانەی لە پێناو گەڕاندنەوەی ئەو قوتابییانەی وازیان لە خوێندن هێناوە، خەڵاتەکەی پێبەخشراوە.
 
ئارام ئەحمەدپوور دوای وەرگرتنی خەڵاتەکە گوتی، لەو 18 ساڵەدا توانیویەتی ژمارەیەکی زۆر قوتابی کە وازیان لە خوێندن هێنابوو، بگەڕێنێتەوە بۆ قوتابخانە. یەکێک لەو قوتابییانەی وازی هێنابوو، ئێستا لە گوندی گەڵازی شنۆ بووەتە مامۆستا.
 
پێنج مامۆستاش وەکو مامۆستای شیاوی ساڵ دەستنیشانکران کە یەکێکیان عەلی سەیدی، مامۆستای قوتابخانەیە لە شاری جوانڕۆ بەهۆی ئەو هەوڵانەی لە بواری پاراستنی ژینگەدا داویەتی.
 
محەممەد ئازین، سکرتێری یەکەمین خولی دابەشکردنی خەڵاتی نێودەوڵەتیی مامۆستا دەڵێت، بۆ هەڵبژاردنی باشترین مامۆستا لە ئاستی ئێراندا و هەروەها دەستنیشانکردنی پێنج مامۆستای شیاوی ساڵ، چالاکییەکانی 80 هەزار مامۆستایان تاوتوێکردووە کە 12 هەزاریان بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە بەربژێرکراون و لەنێو ئەو کەسانەدا 99 مامۆستا لە 17 وڵاتی جیهاندا بوون.
 
دامەزراوەی لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکانی بواری پەروەردە و راهێنانی بورهان ساڵی 2013 لە تاران دامەزراوە. ئەو دامەزراوەیە دەڵێت، ناحکومییە و کار لەسەر داهێنان لە بواری پەروەردە دەکات بە ئامانجی باشکردنی سیستەمی پەروەردە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی شارەزوور.

قایمقامی شارەزوور: قوتابخانەمان هەیە 97٪ی کارەکانی تەواوکراوە، بەڵام لەبەر پارەیەکی کەم راگیراوە

رزگار غەفوور، قایمقامی قەزای شارەزوور میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو، باسی لە کێشە و گرفتەکانی سنووری قەزای شارەزووری کردو رایگەیاند، قەیرانی دارایی و گرفتی نەختینەیی گرفتی گەورەی بۆ دروست کردووین، "بەجۆرێک زۆرینەی ئەو پرۆژانەی هەمانن بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی نەختینەوە راگیراون".