رووداو دیجیتاڵ
بەهزاد رەحیمی، نوێنەری شارەکانی سەقز و بانە، دوای ئەوەی لێدوانێکی لەسەر کۆڵبەرەکان ناڕەزایەتیی زۆری لێکەوتەوە، داوای لێبوردنی کرد. ئەو گوتبووی "کۆڵبەرەکان چەک و مەشروب دەگوازنەوە."
ئەو پەرلەمانتارە رۆژی 07-02-2022 گوتی: "کۆڵبەران چیدیکە کەلوپەلی نێوماڵ وەکو بەفرگر و تەلەفزیۆن ناگوازنەوە، بەڵکو خواردنەوەی کحولی و چەک دەبەنە نێو ئێران."
لێدوانی ئەو پەرلەمانتارە کاردانەوەی زۆری بەدواداهات و رەخنەی زۆری رووبەڕووکرایەوە. کۆڵبەرەکان دەڵێن، لەبەر نەبوونی هەلیکار و دۆخی خراپی ئابووری، خەڵکی شارە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان روو لە ناوچە سنوورییەکان دەکەن و هەوڵ دەدەن لەڕێی کۆڵبەرییەوە بژێویی ژیانیان دابین بکەن.
بەهزاد رەحیمی، نوێنەری شارەکانی سەقز و بانە لە پەرلەمانی ئێران لە وەڵامی ئەو رەخنانەی کە بەهۆی لێدوانەکەیەوە رووبەڕووی کرایەوە گوتی، "ئەگەر هەڤپەیڤینەکەم بووەتە هۆی دڵگرانیی ئەم توێژە زەحمەتکێشە، داوای لێبوردن دەکەم و هەموو هەوڵێک دەدەم هەلیکار بۆ دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکان بڕەخسێنرێت."
ساڵانە دەیان کۆڵبەر لە کاتی گواستنەوەی کاڵا و کەلوپەل بە تەقەی هێزە سەربازییەکانی ئێران، یان رووداوەکانی وەکو رووداوی هاتووچۆ، کەوتنە خوارەوە لە بەرزایی، رەقبوونەوە و رووداوە سروشتییەکانی دیکەوە برینداردەبن یان گیان لەدەستدەدەن.
بەهزاد رەحیمی رۆژی دووشەممە گوتبووی، لە کۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی پەرلەمانتارانی پارێزگای سنە لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێران باسیان لە چارەسەرکردنی کێشەی کۆڵبەران کردووە، بەڵام چارەسەرکردنی کێشەکە کاتی زۆری پێویستە و ناکرێت بە پرۆژەیەکی بەپەلە جێبەجێ بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ