دانیشتووانی گوندی شارستێن لەسەر ئەرکی خۆیان بایی 10 ملیۆن دینار نەمام لە گوندەکەیان دەچێنن

08-12-2023
ئەبوبەکر ئیسماعیل
سەوزکردنی گوندی شارستێن لەلایەن دانیشتووانەکەیەوە
سەوزکردنی گوندی شارستێن لەلایەن دانیشتووانەکەیەوە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

گوندی شارستێن سەر بە ناحیەی بنگردی قەزای دووکانە، دانیشتووانی گوندەکە هەڵمەتێکیان بۆ سەوزکردنی گوندەکەیان راگەیاندووە و بە بەهای 10 ملیۆن دینار نەمامیان کڕیوە و لە گوندەکەیان دەستیان بە چاندنی کردووە. 
 
جەبار رەزا، موختاری گوندەکەیە باسی بیرۆکەی ئەنجامدانی هەڵمەتی سەوزکردنی گوندەکەیان دەکات و دەڵێت، "لەبەر ئەوە نەمامی توومان هێناوە گونجاوە بۆ خاکەکەی، ئاوی زۆری ناوێت، دەمانتوانی نەمامی دیکەی بەردار بهێنین وەک زەیتوون و  درەختی دیکە بەس درەختی توو چاکتر دەڕوێن و ئێمە ئاومان نییە هەموو کاتێک ئاویان بدەین."
 
بە گوتەی سەرپەرشتیارانی هەڵمەتەکە، لە قۆناخی یەکەمی سەوزکردنی گوندەکەیان، هەزار نەمام دەچێنن، ئامانجیان لەو کارەش گرنگیدانە بە ژینگە و سەوزکردنی گوندەکەیانە. 
 
قادر ئەحمەد، دانیشتووی گوندی شارستێنە باسی لەوە کرد کە ئەوەی دوێنێ پەلی دارێکی شکاند بوو، ئەمڕۆ دڵخۆشە بەوەی بێت نەمامێک بنێژێت "ئەمەش بەشێکە یەکەم، لە سەوزکردن دووەم، لە هۆشیارکردنەوە سێیەم، لە هاندانی خۆمان و باقی گوندەکانی دەوروبەر بۆ ئەوەی ئەم بابەتە بە گرنگ بزانین چونکە پێمان وایە مرۆڤ بەسراوەتەوە بەم ژینگەیەوە."
 
مەجید قادر، دانیشتوویەکی دیکەی گوندەکەیە و دەڵێت، "بیرۆکەی هەموو خزمانی شارستێن بوو بڕیاریان دا کە گوندەکەمان سەوزپۆش بکەن رەمزێکی سەوزپۆشی پێوە دیار بێت یەکەم هەڵمەتیش هەڵمەتی نامان چاندنی توو بوو."
 
پۆلیسی دارستانی ناوچەکەش لەگەڵ هاووڵاتییانی گوندەکە لە هەڵمەتەکە بەشدارن و وەهاب ئەحمەد، لێپرسراوی پۆلیسی دارستان و ژینگەی بنگرد بە رووداوی گوت، یەکەم گوندە لە سنوورەکەمان ئەم پرۆسەیە جێبەجێ دەکەن، هیوادارین نموونەیان زیادبێت لە دوای ئەوانیش گوندەکانی دیکە دەست بە  نەمام چاندنەکە بکەن."
 
نەمامەکان بەبڕی نزیکەی 10 ملیۆن دینار لەسەر ئەرکی خەڵکی گوندەکە کڕدراون. 
 
لە هەڵمەتی پشتێنەی سەوزکردنی گوندی شارستێن بە درێژایی نزیکەی سێ کیلۆمەتر زیاتر لە هەزار نەمامی توو لە دەروازەی گوندی شارستێن چێندران، ئەرکی ئاودان و پاراستنی ئەو نەمامانەش لە رێگەی لیژنەیەک لە دانیشتووانی گوندەکەوە دەبێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە