رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستیی تورکیا دوایین ئاماری قوربانییانی رووداوە هاتووچۆکەی سنووری پارێزگای ئاگری لە باکووری کوردستان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، 7 کەس گیانیان لەدەستداوە و 21 کەسیش بریندار بوون.
رۆژی دووشەممە 07-11-2022 لە شارۆچکەی دووتاخ-ی سنووری پارێزگای ئاگری، رووداوێکی هاتووچۆ لە نێوان پاسێکی نەفەرهەڵگر و تانکەرێکی سووتەمەنی روویدا. بەهۆی رووداوەکەوە، زیاتر لە شەش کاژێر رێگەی سەرەکیی نێوان پارێزگای ئاگری-وان لە نزیک شارۆچکەی دووتاخی داخرا.
وەزارەتی تەندروستیی تورکیا ناسنامەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هەر حەوتیان سووتاون و تەندروستیی سێ لە بریندارەکان ناجێگیرە و گواستراونەتەوە نەخۆشخانەیەکی تایبەتی ئەنقەرە.
بەپێی راپۆرتی دامەزراوەی ئاماری تورکیا، ساڵی 2021 لە باکووری کوردستان و تورکیادا ملیۆنێک و 186 هەزار و 353 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە. بەو هۆیەوە پێنج هەزار و 362 کەس گیانیان لەدەستداوە. هەروەها 274 هەزار و 615 کەسی دیکەش بریندار بوون.
دوای رووداوەکە بەکر بۆزداغ، وەزیری دادی تورکیا لە هەژماری فەرمیی خۆیدا لە تویتەر نووسی: "خوای گەورە لەو هاووڵاتییانەمان خۆشبێت کە لە رووداوەکەی ئاگریدا گیانیان سپاردووە، داوای چاکبوونەوەی بەپەلە بۆ برینداران دەکەم."
وەزیری دادی تورکیا لە تویتەکەیدا ئاماژەی بەوەدابوو، داواکاری گشتی دەستی بە لێکۆڵینەوە لە هۆکاری رووداوەکە کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ