پسپۆرێکی کەشوهەوا: کەمبارانی لە هەرێمی کوردستان چەند ساڵێکی دیکەش بەردەوام دەبێت

08-11-2021
سنوور مەجید
وشکبوونی رووبارێک لە سنووری پێنجوێن- مەریوان. وێنەکان بۆ رووداو نێردراون
وشکبوونی رووبارێک لە سنووری پێنجوێن- مەریوان. وێنەکان بۆ رووداو نێردراون
نیشانەکردن گۆڕانی کەشوهەوا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پسپۆرێکی بواری جیۆفیزیک دەڵێت، "پێشبینی دەکەم کەمبارانی لە هەرێمی کوردستان چەند ساڵی داهاتووش بەردەوام بێت".
 
د. پێشەوا محەممەد، مامۆستای زانکۆ و پسپۆری جیۆفیزیکی لە کاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی کاژێر 10ی تۆڕی میدیایی رووداودا باسی لە مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا کرد و گوتی، لە نێوان ساڵانی 1850 تاوەکو 1950 بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما کەم بوو، بەڵام له‌ دوای ئەوە ساڵانە پلەی گەرما بە رێژەی 0.2 بەرزبووه‌ته‌وه.
 
د. پێشەوا محەممەد گوتیشی، ئێستا پلەی گەرمی 1.2 پلە بەرزبووەتەوە و ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت تاوەکو ساڵی 2050 زیادبوونەکە دەگاتە 2 پلە، هەر بۆیە وڵاتانی بەشدار لە cop26 لە گلاسگۆ هەوڵی ئەوە دەدەن بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای زەوی لە 1.5 رابگرن.
 
لەبارەی کاریگەرییەکانی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای زەوی بۆ دوو پله،‌ ئەو پسپۆری جیۆفیزیکە دەڵێت، ساڵی 2050 هەموو سیستەمی ژینگە و ئاو و هەوای جیهان تێکدەچێت و بەکتریا و دەردانی گازە ژەهراوییەکان زیاد دەکات، "ئەگەری لەناوچوونی مرۆڤ لەسەر زەوی دوای ساڵی 2050 ئەگەرێکی حەتمییە".
 
لەباره‌ی بارانبارینیشه‌وه‌ د. پێشه‌وا گوتی: لە هەندێک ناوچە هیچ بڕە بارانێک نابارێت تەنیا لەو ناوچانە نەبێت کە نزیکی دەریان، لە هەندێک ناوچەش لەبەر لافاو خاک نامێنێت مرۆڤ تێیدا بژی، گیانداره‌ ئاوییه‌كانیش نامێنن، بێجگه‌ له‌ هه‌ندێك قەوزە و بەکتریا.
 
لەبارەی کاریگەریی ئەو گۆڕانەی کەشوهەوا لەسەر کوردستان هەیەتی د. پێشەوا گوتی، پار بڕێکی کەم باران باریوە و ئەمساڵیش بڕێکی کەم، ئەگەریش هەیە لە چەند ساڵی داهاتوودا بەو شێوەیە بەردەوامبێت، یان ئەگەر ببارێت لە ماوەیەکی کەم بڕێکی زۆر دەبارێت کە دەبێتە هۆی دروستبوونی لافاو وەک ئەوەی لە هەولێر روویدا. 
 
د. پێشەوا باس لە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان دەکات بۆ 46 سانتیمەتر کە هەندێک ناوچە دەکەونە ژێر ئاو، بە نموونەش شاری بەسرە لە خوارووی عێراق، کە بە گوتەی ئەو، تا ساڵی 2035 ژێرئاو دەکەوێت، بەو هۆیەشەوە نزیکەی 3 ملیۆن کەس لە عێراق ئاوارە دەبن.
 
رۆژی 31-10-2021 لە شاری گلاسگۆی سکۆتلاند، 26ـەمین کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی کەشوهەوا دەستیپێکرد، کە سەرکردە بەشداربووەکانی بە دوایین دەرفەت ناوی دەبەن بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ گۆڕانی کەشوهەوای زەوی دابنێن.
 
بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکە کە تاوەکو 12ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، هاوکاتە لەگەڵ گوتەی بەشێک لە شارەزایانی ژینگە کە دەڵێن، هەسارەی زەوی لەژێر هەڕەشەدایە؛ لە 30 ساڵی داهاتوودا گۆڕانی کەشوهەوا زۆرترین هەڕەشەی لە ئاسایشی خۆراک، سەقامگیریی کۆمەڵایەتی، جێگیریی ژیان و دیمۆگرافیای شارەکاندا دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە