رووداو دیجیتاڵ
لە هەولێر زێڕینگر، بەرگدروو، دارتاش، قوماشفرۆش، گۆشتفرۆش، میوەفرۆش، بۆنفرۆشەکان و پیشەوەرانی دیکە نزیکەی 100 ساڵە هەریەکە و بە جیا لە مزگەوتێکی قەیسەری و سەنتەری هەولێر مەولوود دەخوێن و خەرجییەکەی لە ئەستۆ دەگرن.
قارەمان جەوهەر، سەرۆکی کۆمەڵەی زێڕنگرانی هەولێر بە رووداوی گوت، "لە ساڵانی 70 کانەوە تاوەکو ئێستا هەموو ساڵێک بەردەوامین، لەو رۆژە پیرۆزەدا پەیامی خۆم ئاراستەی هەموو لایەنە سیاسییەکان دەکەم، ئەو رۆژە بکەنە رۆژی تەبایی و خۆشی بۆ میللەتەکەمان."
لە مزگەوتێکی دیکەی قەیسەریی هەولێر، بەرگدرووەکان مەولوودیان تێدا خوێندەوە. رزگار حاجی یوسف، بەرگدروو باس لەوە دەکات، "45 ساڵە من بەشداری ئەو یادە و مەولوود دەکەم، مەولوود یادێکی زۆر خۆشە و پێغەمبەر (د.خ) هەموو شتێکی خۆشی و خێرە بۆ ئێمە."
لە دەرەوەی مزگەوتەکان، دەفژەن و سروودبێژان لەنێو کەرنەڤاڵ و قەڕەباڵخی دا لە هەمووان زیاتر خەڵکیان لە دەوری خۆیان کۆدەکردەوە.
جگە لە مەولوود خوێندن، بەخشینەوەی شیرینی و خواردن و خواردنەوە بە خۆڕایی، نەریتێکی دانەبڕوای هەولێر و کوردستانە لە مەولووددا.
پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئەو کولتوورەی هەولێر یان یادکردنەوەی مەولوود لە هەموو جیهان، یادی پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردنە، یادی پاککردنەوەی دڵەکانە."
بەگوێرەی سەرچاوە مێژووییەکان، خوێندنەوەی مەولوود لە هەرێمی کوردستان و هەولێر لە سەدەی 13ی زایینی سەریهەڵداوە، ئەوەش لە سەردەمی سوڵتان موزەفەرەدین گۆگبۆرو کە ئەوکات سوڵتانی هەولێر بووە. ئەو یادە هەر لە هەولێرەوە گوازراوەتەوە بۆ وڵاتانی دیکەی جیهانی ئیسلامی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ