رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگای سنە دەڵێت، لە چوار مانگی رابردوودا 23 جار ئاگر لە دارستان و لەوەڕگەکانی ئەو پارێزگایە کەوتووەتەوە و 153 هێکتار دارستان و لەوەڕگە سووتاوە.
بەگوتەی بێهزاد شەریفی، بەڕێوەبەری سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگای سنە، ئەمساڵ ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و لەوەڕگەکانی ئەو پارێزگایەدا کەمبووە، چونکە لە مانگەکانی نیسان، ئایار، حوزەیران و تەممووزی ساڵی 2021دا 115 جار ئاگر لە دارستان و لەوەڕگەکانی ئەو پارێزگایە کەوتبووەوە و هەزار و 619 هێکتاریش سووتابوو.
ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە، دوانیوەڕۆی دوێنێ 07-08-2022 کۆمەڵێک لە خۆبەخشان و پارێزەرانی ژینگە لەبەردەم باڵەخانەی قایمقامییەتی سنە کۆبوونەوە و رایانگەیاند، بەرپرسانی پارێزگاکە کەمتەرخەمن لە سووتانی دارستانەکانی مەریوان.
ناڕەزایەتیی لایەنگرانی ژینگە لە بەرامبەر سووتانی دارستانەکانی قەڵای مەریوان بوو؛ ئەوان پێیان وایە هەندێ لایەن دارستانی ئەو ناوچەیەی نزیک لە شاری مەریوان بە ئەنقەست ئاگر تێبەردەدەن بۆ ئەوەی خانووی تێدا دروستبکەن.
دارستانەکانی سنووری قەڵای مەریوان لەم ماوەیەدا نزیکەی 10 جار ئاگریان تێدا کەوتووەتەوە. بەگوتەی بەرپرسانی ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریوان، ئەمساڵ تاوەکو ئێستا زیاتر لە 50 جار ئاگر لە دارستانەکانی مەریوان کەوتووەتەوە.
لە 2 ملیۆن و 937 هەزار هێکتار لە کۆی رووبەری پارێزگای سنە، 374 هەزار هێکتار دارستان دایپۆشیوە، ئەوەش زیاتر لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای سنەدا هەڵکەوتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ