ئاستی ئاوی دەربەندیخان زیاتر لە 10 مەتر دابەزیوە

08-05-2021
هەڵۆ محەممەد
هەڵۆ محەممەد
بەنداوی دەربەندیخان
بەنداوی دەربەندیخان
نیشانەکردن وشکەساڵی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ساڵ بە ساڵ ئاستی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان زیاتر دادەبەزێت، ساڵی رابردوو لەم کاتەدا 16.5 مەتر سێجا ئاو لە چرکەیەکدا دەڕژایە نێو بەنداوی دەربەندیخان، بەڵام ئێستا لە هەر چرکەیەکدا 13 مەتر سێجا ئاو دەگاتە بەنداوەکە.
 
ئێستا رۆژانە دوو بۆ سێ سانتیمەتر ئاستی ئاوی بەنداوەکە دادەبەزێت، هۆکاری کەمبوونەوەی ئاو، وشکەساڵی و گلدانەوەی ئاوی رووباری سیروانە لە ئێرانەوە. بۆیە لەچاو ساڵی رابردوودا 10 مەتر و نیو ئاستی ئاوی بەنداوەکە دابەزیوە.
 
کەمبوونەوەی ئاو، جگە لە زیانەکانی بۆ سەر کەرتی کشتوکاڵ، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئاوی خواردنەوەی پارێزگای هەڵەبجە، ئیدارەی گەرمیان و دیالە کردووە. 
 
رووباری سیروان سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی پارێزگای هەڵەبجە و چوار قەزا و شەش شارۆچکەیە. ئەلەند تۆفیق، بەڕێوەبەری ئاوی هەڵەبجە دەڵێت، "لەبەر ئەوەی ئاستی ئاوی رووباری سیروان دابەزیوە، ئەمساڵ پێنج مانگ زووتر دەگەینە ئەو ئاستەی ئینتەیکەکانمان ئاوی لێ ببڕێت."
 
ئەمساڵ بەهۆی کەمبارانییەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان وشکەساڵی راگەیاند، دابەزینی ئاستی ئاوی رووبار و دەریاچەکانی هەرێمی کوردستانیش هێندەی دیکە دۆخەکە قورستر کردووە.
 
حکومەت بڕیاریداوە بودجەیەکی تایبەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی تەرخانبکات. قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی کۆنسوڵی ئێرانەوە لە هەولێر داوای کردووە هاوئاهەنگی بکرێت بۆ کۆنترۆڵکردنی شێوازەکانی بەردانەوەى ئاوی بەنداوەکانی ئێران بەجۆرێک کە بە‌رژە‌وە‌ندیی هەرێمی کوردستان لە‌بە‌رچاو بگیرێت و ئەو بارگرانییە کەمبکاتەوە کە بەهۆى وشکەساڵییەوە رووبەڕووى ناوچەکە دەبێتەوە.
 
ساڵی رابردوو لەم کاتەدا یەک ملیار و 750 ملیۆن مەتر ئاو لە بەنداوی دەربەندیخاندا بوو، ئێستا تەنیا یەک ملیار و 200  ملیۆن مەترە. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە