کاریگەریی گفتوگۆکانی ئێران و ئەمریکا لەسەر بازاڕی هەرێمی کوردستان

08-04-2021
هۆرڤان رەفعەت
بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی
بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نزیکەی هەفتەیەکە کۆبوونەوەکان بۆ کاراکردنەوەی رێککەوتننامەی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک دەستیان پێکردووەتەوە، ئەگەری گەڕانەوەی ئەمریکا و ئێران بۆ ئەو رێککەوتنە جووڵەی ئابووری لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دروستکردووە.
 
بازاڕی دراوی سلێمانی، سەرەکیترین بازاڕە بۆ مامەڵەکردن بە تمەنی ئێرانی لەسەر ئاستی عێراق. لەوێش کاریگەرییەکانی هەوڵەکان بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنامەی ئەتۆمی دەرکەوتوون.
 
جەبار گۆران، گوتەبێژی بازاڕی دراوی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێمە پەیوەندییەکی دێرینی ئابووری و سیاسیمان هەیە لەگەڵ ئێران، هەر جووڵەیەک لە بازاڕی ئێران، کاریگەری لەسەر بازاڕەکانی ئێمەش هەیە، بەپێی ئەم رێککەوتنە ئەگەر جێبەجێ بکرێت، نرخی تمەن بەشێوەیەکی زۆر باش بەرز دەبێتەوە، بەڵام هەرگیز ناچێتەوە نرخی خۆی و بۆ گەڕانەوە بەهاکەی بۆ قۆناخێکی باش پێویستی بە ساڵێک زیاتر هەیە".
 
رووداو بۆ بەدواداچوونەکانی سەردانی یەکێتیی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستانی کرد، سەرۆکی یەکێتییەکە یەکێکە لەو 300 بازرگانەی کە مامەڵەی بەردەوامیان لەگەڵ ئێران هەیە. کۆبوونەوەکانی ڤییەننا ئومێدی بەوانیش بەخشیوە و دەیانەوێت قەبارەی بازرگانیی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان  لە شەش ملیار دۆلاری ساڵانەوە زیادبکەن.
 
شێخ مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "رێککەوتنی ڤییەننا زۆر باش دەبێت بۆ ئێران و هەر لە ئێستاوە ئێمە چاوەڕوانی ئەنجامێکی باش دەکەین، ئێمە زیاتر لە دوو هەزار بازرگانمان هەیە مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ ئێران دەکەن، ئەگەر بێت و دۆخی ئابووری ئێران زیاتر بێت، ئەوا ئێمەش قەبارەی بازرگانی و هاوردەکردن زیاتر دەکەین".
 
لەدوای خراپبوونی دۆخی ئابووریی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، هەزاران هاونیشتمانی بۆ کارکردن هاتوونەتە هەرێمی کوردستان. سابیر چوار ساڵە لە سلێمانی کرێکاری دەکات، دەڵێت، چاوەڕێیە کەمێک دۆخی ئابووریی ئێران باشتر بێت، ئەوکات "راستەوخۆ دەگەڕێمەوە و لەوێ لەنێو خێزانەکەی خۆم دەژیم و کار دەکەم."
 
سابیر فەتحوڵڵا، کرێکاری رۆژهەڵاتی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، "من لە شاری پاوەی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتووم، لای خۆمان هیچ کار نییە و دۆخی ئابووری باش نییە، لێرە کار هەیە، بەڵام بەو جۆرە نییە، من و هەموو کرێکارەکانی دیکە و ئەو کەسانەی بۆ کارکردن هاتووین، چاوەڕێی دەرفەتێکین تاوەکو دۆخی ئابووریی ئێران باشتر بێت، بە دڵنیاییەوە دەگەڕێینەوە بۆ وڵاتی خۆمان لەنێو وڵاتی خۆمان کار دەکەین."
 
بڕیارە هەینیی داهاتوو گەڕێکی دیکەی کۆبوونەوەکان ئەنجامبدرێن. لەبارەی کۆبوونەوەکان شارەزایەکی ئابووری، کەشی کۆبوونەوەکانی بە ئەرێنی بۆ رووداو باسکرد، بەڵام دەشڵێت، "سەختە بگەنە رێککەوتن، چونکە هەردوولا بیانوو بە یەکدی دەگرن."
 
دکتۆر محەممەد مەحموود شارەزای ئابووری بە رووداوی راگەیاند، "هەر باسکردن لە گەڕانەوە بۆ رێککەوتن لەنێوان ئەمریکا و ئێران کارێکی زۆر باشە، بەڵام زۆریش قورسە، چونکە ئێستا ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا مەرجەکانی لابردنی سزاکانیان قورستر کردووە، ئێرانیش چاوەڕوانیی دیکەی هەیە لەو وڵاتانە، هەروەها هەردوو وڵاتیش بیانوو بە یەکدی دەگرن، بەڵام دەیانەوێت تاوەکو کۆتایی تەمەنی کابینەکەی رووحانی رێککەوتن واژۆ بکەن کە ئەوەش کارێکی زۆر سەختە."
 
مەرجی ئێران لابردنی سزا ئابوورییەکانە، هەردوولاش نەرمییان نواندووە، بۆ ئەوەی بە دانوستاندن قۆناخێکی دیکە بچنە پێشەوە. چاوەڕێش دەکرێت بە گەڕانەوەی هەردوولا بۆ رێککەوتنەکە ئارامی بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

مەسرور بارزانی دەڵێت وەستانی هەناردەی نەوت بووەتە هۆی دواکەوتنی مووچە

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق – تورکیا، 20 ملیار دۆلار زیانی بە داهاتی هەرێمی کوردستان و عێراق گەیاندووە.