رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا 245 چالاکڤانی ژنی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستبەسەر کراون و لەو ژمارەیە 30 کەسیان بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکاندا سزایان بەسەردا سەپێنراوە.
خۆپێشاندانی سێ مانگی کۆتایی ساڵی 2022ی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دوای مەرگی ژینا ئەمینی لە 17.09.2022 لە شاری سەقزەوە دەستیپێکرد و ژنان رۆڵی سەرەکی و پێشەنگیان تێدا گێڕا. لە ناڕەزایەتییەکاندا ژمارەیەک ژنیش کوژران، بریندار بوون و دەستگیرکران.
رێکخراوی هەنگاو لە راپۆرتێکدا لەبارەی دۆخی ژنان کە بە بۆنەی رۆژی جیهانیی ژنانەوە بڵاوی کردووەتەوە، دەڵێ، لەو 245 ژنە 221 کەسیان بەهۆی خۆپێشاندانەکانەوە دەستگیرکراون، 21 کەسی دیکەیان بەهۆی چالاکی سیاسی و 3 کەسەکەی دیکەشیان بەهۆی هەندێک چالاکی سڤیلیەوە بوون.
بەپێی ئەو راپۆرتە لە پارێزگای سنە 137 ژن، لە پارێزگای ورمێ 39 ژن، لە کرماشان 25 ژن، لە ئیلام 24 ژن و لە پارێزگاکانی ئێرانیشدا 20 ژنی کوردی رۆژهەڵاتی دەستگیرکراون.
بە گوێرەی راپۆرتەکە، هەر لە 8ی ئاداری 2022 تاوەکو 8ی ئاداری 2023 لانیکەم 30 ژن بە تۆمەتی کاری سیاسی و بەشداریکردن لە خۆپێشاندان و چالاکی مەدەنییدا پێکەوە سزای 77 ساڵ و 2 مانگ زیندانییان بەسەردا سەپێندراوە.
هەر بەپێی ئەو راپۆرتە، لە یەک ساڵی رابردوودا 25 ژن لە شارە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا کوژراون. زۆربەیان لەلایەن کەسوکاریانەوە کوژراون و 5 کەسیان کوشتنیان لەسەر ناموس بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ