سێنتکۆم لەبارەی بوومەلەرزە: لەگەڵ هەسەدە لە نزیکەوە لە هاوئاهەنگیداین

08-02-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لەبارەی بوومەلەرزەکەی شەشی شوباتەوە دەڵێت، لەگەڵ دەزگاکانی ئەمریکا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە هاوئاهەنگیی نزیکدان. 
 
جەنەڕال مایکڵ کوریلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "تەواوی فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا سەرەخۆشیی بۆ هەموو ئەوانە هەیە، کە لە ئەنجامی بوومەلەرزەکە لە تورکیا و سووریا دەناڵێنن."
 
کوریلا ئاماژە بەوە دەکات: "لە 7ی شوبات، بارەگەی سەرەکیی سێنتکۆم لە شاری تامپای فلۆریدا، تیمێکی کارکردنی پێکهێنا بۆ ئەوەی ئامادەکاری بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانی بۆ ئەوانەی لە تورکیا و سووریا زیانیان بەرکەوتووە بکەن."
 
دەشڵێت: "سەرکردایەتیی سێنتکۆم  لەگەڵ وەزارەتی بەرگری، وەزارەتی دەرەوە، ئاژانسی گەشپێدانی نێودەوڵەتیی ئەمریکا و هێزەکانی سووریای دیموکراتی هاوبەشمان لە نزیکەوە لە هاوئاهەنگیدایە."
 
فەرماندەی سێنتکۆم باس لەوە دەکات، ئەوان "لە نزیکەوە" لەگەڵ فەرماندەی ئەوروپیی هێزەکانی ئەمریکا کاردەکەن لەسەر چۆنیەتی ناردنی یارمەتی بۆ تورکیا. 
 
ئەو بوومەلەرزەیەی رۆژی دووشەممە 06-02-2023 بە 7.7 پلە بە پێوەری رێختەر لە شاری مەرەشی باکووری کوردستانی دا، کاریگەریی لەسەر چەند ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکراتیش هەبوو.
 
بەگوێرەی ئاماری دەستەی تەندروستیی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە گەڕەکی شێخ مەقسودی حەلەب کە لەژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرییەکەدایە، 6 کەس گیانیان لەدەستداوە، هەروەها لە تەواویی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەری خۆسەر 57 کەس بریندار بوون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە