مەسرور بارزانی: پێویستە زانكۆكانمان بناخەی هاوكاریی هاوبەش لەگەڵ زانكۆ و ناوەندە زانستییە پێشكەوتووەكانی دەرەوە دابنێن

07-09-2024
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان زانکۆی نێودەوڵەتیی بەریتانی لە هەولێر کردەوە و گوتی، "ئەم هەنگاوە کاریگەری بەرچاوی لە پێشخستنی ئاستی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان دەبێت."
 
ئەمڕۆ شەممە 07-09-2024 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی کردنەوەی زانکۆی نێودەوڵەتیی بەریتانی لە هەولێر گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند، "کردنەوەی ئەم زانکۆیە کردنەوەی دەرگەی ئەزموونێکی دەوڵەمەند و شێوەی خوێندنی زانکۆکانی بەریتانیایە بۆ هەرێمی کوردستان."
 
مەسرور بارزانی گوتی، "ئەم هەنگاوە کاریگەریی بەرچاوی لە پێشخستنی ئاستی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان دەبێت و لە هەمانکاتدا زەوینەیەکی لەبارتر دەڕەخسێنێت بۆ پێشکەوتن و فراوانتربوونی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا لە بوارەکانی کولتووری، زانستی و ئابووری."
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی گرنگیی توێژینەوە زانستییەکان گوتی، "توێژینەوە و لێکۆڵینەوە زانستییەکان کاریگەریی زۆریان دەبێت بۆ بەرچاوڕوونیمان بۆ دانانی پلان و بەرنامەکانمان بۆ داهاتوو."
 
 
مەسرور بارزانی رایگەیاند، "هەستم بە کەموکوڕی کردووە کە لە زۆر بواردا لێکۆڵینەوە، زانیاری و داتای ورد لەبەردەست نییە، بۆیە دەبێ زانکۆکانمان لەم بوارەدا هاوکارمان بن و بناخەی هاوکاریی هاوبەش لەگەڵ زانکۆ و ناوەندە زانستییە پێشکەوتووەکانی دەرەوە دابنێن بۆ ئەوەی لە بواری جیاجیادا لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی هاوبەش بکرێت."
 
8ی کانوونی یەکەمی 2022 لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە بەردی بناخەی زانکۆکە دانرا.
 
هاوکات لەو رێوڕەسمەدا بەردی بناخەی گۆمێک لە نێو زانکۆکەدا دانرا کە توانای گلدانەوەی 800 هەزار بۆ یەک ملیۆن سێجا ئاوی هەیە.
 
دەقی گوتارەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
 
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
ئامادەبووانی بەڕێز
میوانانی هێژا
 
زۆر خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ لێرە لەگەڵ ئێوەی بەڕێز لە رێوڕەسمی كردنەوەی زانكۆی نێودەوڵەتیی بەریتانی بەشدارم.
 
كردنەوەی ئەم زانكۆیە، كردنەوەی دەرگای ئەزموونی دەوڵەمەند و شێوازی خوێندنی زانكۆكانی بەریتانیایە بۆ هەرێمی كوردستان. ئەم هەنگاوەش كاریگەریی بەرچاوی لە پێشخستنی ئاستی خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان دەبێت و لە هەمانكاتدا زەمینەیەكی لەبارتر دەڕەخسێنێت بۆ پێشكەوتن و فراوانتربوونی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و بەریتانیا لە بوارەكانی كەلتووری و زانستی و ئابووری.
 
وڵاتەكەمان لە رووی سەرچاوەی مرۆڤی دەوڵەمەندە و كۆمەڵگەیەكی گەنجمان هەیە، بۆیە دەبێت وەبەرهێنان لەسەر گەنجەكانمان بكەین و پێیان بگەیەنین، تاكوو كارامەتر لە بونیادنانی داهاتوویەكی گەشتر بۆ وڵاتەكەمان بەشدار بن.
 
یەكێك لە رێگاكانی وەبەرهێنان لەسەر گەنجان و تواناكانیشیان، پێگەیاندنیانە لە رووی زانستی و ئەكادیمییەوە، بۆیە بە كردنەوەی هەر زانكۆیەكی ئاست بەرز، هیوا و ئومێدمان بۆ ئاییندەیەكی گەشتر زیاتر دەبێت.
 
لەو بڕوایەدام ئەم زانكۆیەش كاریگەریی و جێدەستی لە بواری پێگەیاندنی پسپۆڕان و شارەزایانی كارامە دیار دەبێت و دەرچووانی ئەم زانكۆیە، رۆڵ و پێگەی خۆیان لە پرۆسەی ئاوەدانی و پێشخستنی وڵاتدا دەبیننەوە.
 
لێرەدا دەرفەتە كە باس لە گرنگیی توێژینەوە و ریسێرچە زانستییەكان بكەم. توێژینەوە و لێكۆڵینەوە زانستییەكان كاریگەریی زۆریان دەبێت بۆ بەرچاوڕوونیمان بۆ دانانی پلان و بەرنامەكانمان بۆ داهاتوو. لەو كاتەی كە بەرپرسیارێتیی سەرۆكایەتیی ئەم كابینەیەم وەرگرتووە، هەستم بە كەموكوڕی كردووە كە لە زۆر بواردا لێكۆڵینەوە و زانیاری و داتای ورد لەبەردەست نییە. بۆیە دەبێ زانكۆكانمان لەم ڕووەوە هاوكارمان بن. پێویستە زانكۆكانمان بناخەی هاوكاریی هاوبەش لەگەڵ زانكۆ و ناوەندە زانستییە پێشكەوتووەكانی دەرەوە دابنێن تاوەكو لە بوارە جیاجیاكانی پێویست وەكوو كشتوكاڵ، پیشەسازی، ئابووری، ئاو، ژینگە و كەشوهەوا لێكۆڵینەوەی هاوبەش بكەن. زانكۆكانی بەریتانیاش لەم رووەوە ئەزموونێكی زۆر باشیان هەیە و ئەم زانكۆیەش دەتوانێت پردێكی باشتر بێت بۆ پێشخستنی ئەم بوارە.
 
بەر لەوەی بێینە ئێرە، بەردی بناخەی پۆندێكمان هەر لەناو سنووری ئەم زانكۆیە دانا، رووبەرێكی زۆری ئەم زانكۆیەش بۆ سەوزایی تەرخان كراوە و سوود لە وزەی نوێ وەرگیراوە. ئەم هەنگاوانە مایەی دڵخۆشییە و نیشانەی ئەوەیە كە بەڕێوەبەرانی ئەم زانكۆیە لە خەمی ژینگەپارێزیدان و بەپێی توانا و بەرپرسیارێتیی خۆیان، كار بۆ رووبەڕووبوونەوەی كاریگەرییە نەرێنییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا دەكەن.
 
هیوادارم هەموو زانكۆ و ناوەندە ئەكادیمییەكانمان رۆڵ و بەرپرسیارێتیی خۆیان بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئاڵنگارییە ژینگەییەكان بگێڕن، ئومێدەوارم قوتابیانی ئازیزمان لەم زانكۆ و گشت زانكۆكانی دیكەمان هەمیشە سوود لەو دەرفەتانە وەربگرن كە ئەم زانكۆیانە بۆیان دەڕەخسێنن، بۆ ئەوەی لە رێی زانست و فێربوونەوە تواناكانیان بەرز بكەنەوە، تاوەكو بتوانن كاریگەرتر خزمەتی كوردستان و نیشتمانەكەیان بكەن و نموونەیەكی گەش و باڵای پاشەڕۆژی كۆمەڵگەكەمان بن.
 
لێرەدا پاڵپشتیی خۆم و حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەم زانكۆیە دووپات دەكەمەوە و جارێكی دیكەش پیرۆزباییتان لێ دەكەم و هیوای پێشكەوتنی بەردەوامتان بۆ دەخوازم.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنی پێشوو. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

کەی بڕیار لەبارەی رۆژی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن دەدرێت؟

سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، کۆتایی ئەم هەفتە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو رۆژی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری دەکرێت