رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دووشەممە، نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ئاکرێ لەگەڵ لقی نۆ و بەرپرسان، کادیران و رێکخستنەکانی پارتی لە سنووری ئاکرێ و بەردەڕەش کۆبووەوە.
بەپێی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، جگە لە تاوتوێکردنی کار و ئەرکەکانی پارتی و رێکخستنەکانی لە سنووری ئاکرێ و بەردەڕەش و دەوروبەری، "باس لە ئامادەکارییەکان بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا و تیشک خرایە سەر چالاکییەکانی کادیران و رێکخستنەکانی پارتی بۆ سەرخستنی ھەڵبژاردن."
نێچیرڤان بارزانی، "وێڕای باسکردنی کولتووری پێکەوەژیان و یەکدی قبووڵکردن و رۆڵ و ئامادەیی و پێگەی ناوچەکە لە شۆڕش و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستاندا، جەختی لە بەڕێوەچوونی ھەڵمەتێکی مەدەنی ھێمن و ئارام کردەوە، ھەروەھا بەڕێزیان باسیان لە گرنگیی دەنگدان کرد و سەرکەوتنی ھەڵبژاردنی بە سەرکەوتنی ھەرێمی کوردستان لە قەڵەم دا."