چیرۆکی یوسف؛ دایکی حاشا لە ئەشکەنجەدانی ناکات و باوکیشی فڕێیداوە

08-09-2023
پەیام سەربەست
پەیام سەربەست @paya_m_
چیرۆکی ژیانی یوسف
چیرۆکی ژیانی یوسف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

یوسفی 14 ساڵان چیرۆکی ژیانی زۆر قورسترە لەوەی مرۆڤێک لەو تەمەنەدا هەستی پێبکا و بەرگەی بگرێت. باوکی لە ماڵ دەریکردووە و دایکیشی حاشا لە ئەشکەنجەدانی ناکات. مانگ و نیوێکە لەسەر شەقام و لە شوێنێکدا دەژی کە هاوشێوەی کولانەی مریشکە.
 
ئەو مێرمنداڵە خوشکێک و دوو برای لەخۆی گەورەتری هەیە، دایک و باوکی لە 2012 دوای 10 ساڵ لە ژیانی هاوبەش جیابوونەتەوە و دوای جیابوونەوەیان هەریەکەیان دووبارە ژیانی هاوبەشیان بۆخۆیان پێکهێناوەتەوە. منداڵەکان سەرەتا لای باوکیان ژیاون، بەڵام دواتر بەهۆی ئازاردانیان یوسف و دوو برا گەورەکەی چوونەتە لای دایکیان و زڕباوکیان، بەڵام دایک و زڕباوک باشترنەبوونە لە باوکیان و زڕدایکیان.
 
یوسف بۆی باسکردم کە دایک و زڕباوکەکەی ئەشکەنجەیانداوە و بە ئاوی گەرم سووتاندوویانە. شوێنەواری ئەشکەنجەش بەسەر جەستەیەوە دیارە. یوسف لە ساڵی 2017 جارێکی دیکە گەڕاوەتەوە لای باوک و زڕدایکی تاوەکو بەم چارەنووسەی ئێستا گەیشتووە کە مانگ و نیوێکە لەسەر شەقامە.
 
یوسف دەڵێت، "زڕدایکم ئێمەی ئەشکەنجە دەدا، ئێمە هەر بێدەنگ بووین، چونکە بچووک بووین، هەر ئەشکەنجەی داین... هەر ئەشکەنجەی داین، باوکم منی دەرکرد، هەر سێ براکەمی دەرکرد، دواتر دایکم منی هەڵگرتەوە، بەڵام دوای هەفتەیەک دایکم ئەشکەنجەی دام، دواتر هەر لێیدەدام، دەیسووتاندم و رۆنی پێدا دەکردم." 
 
قەهار دراوسێی ماڵی باوکی ئەو مێرمنداڵەیە، یوسف لەلای قەهار شوێنەواری سووتاندنی جەستەی پێشاندام. دراوسێکەیان دەڵێت: "دۆخی زۆر خراپە، شتی ناو زبڵدان هەڵدەگرێتەوە و دەیخوات، بەچاوی خۆم بینیومە لە دیار زبڵدان وەستاوە."
 
چووم بۆ شوێنی کاری باوکی ئەو مێرمنداڵە، ئەو دەڵێت، بە هیچ جۆرێک کوڕەکەی ناوێ و هەرچی بەسەر کوڕەکەی دێت بۆی گرنگ نییە. "دوو کوڕە گەورەکەمیان بردووە وا لە کۆیە هەڕەشە لە من دەکەن، دەڵێن یان یوسف دەبەیتە لای خۆت، یان چی خراپە پێت دەکەین، کێ بۆخۆی دەیبات با بیبات ئینجا دەچێتەوە لای دایکی یان حکومەت لێرە دەیبات و بەخێوی دەکات."
 
بۆ بەدواداچوونی کەیسەکە چووم بۆ کۆیە، دایکی مێرمنداڵەکە لەگەڵ زڕباوکی و دوو برا گەورەی مێرمنداڵەکە لەوێ دەژین. لە  2017 دایکی مێرمنداڵەکە لەگەڵ زڕباوکی و برا گەورەی مێرمنداڵەکە بۆ ماوەی ساڵێک بە تاوانی ئەشکەنجەدانی ئەو مێرمنداڵە دەستگیرکرابوون. 
 
دایکی مێرمنداڵەکە دەڵێت، "کابرا [باوکی یوسف] منداڵی خۆیەتی و جەرگی خۆیەتی، فڕێیدەدات." لێم پرسی کە دەڵێن لای تۆ ئەشکەنجەدراوە، ئەمە راستە؟ وەڵامی دامەوە و نکوڵی نەکرد، گوتی "بەخوا بەخوا لای من ئەشکەنجەدراوە و هیچ حاشای لێناکەم و درۆ بۆ کەس ناکەم، بەڵام چەند لای من ئەشکەنجەدراوە، دوو هێندە لای خەجیج و سەباح [زڕدایک و باوکی منداڵەکە] ئەشکەنجەدراوە."
 
ئەو بەهۆی ئەشکەنجەدان و بێباکییەکانی دایک و باوکی، لە 2016ـەوە تاوەکو ئێستا یوسف سێ جار براوەتە خانەی نەوجەوانانی هەولێر، بەڵام هەرجارێک یان باوکی وەریگرتووەتەوە یان خۆی هەڵاتووە لە خانەکە.
 
شێروان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری خانەی نەوجەوانانی کوڕان لە هەولێر بە رووداوی راگەیاند، "زۆر لە دەرەوە ماوەتەوە، بەڕاستی بۆیە لێرە نەیدەتوانی وەکو منداڵێک، هەرچەند هەوڵی لەگەڵ دراوە بێت لێرە ئیلتیزامات بکات و بچێتە بەر خوێندن و ئەو یاسا و رێسایانەی خانە جێبەجێ بکات." 
 
دوای بڵاوکردنەوەی چیرۆکی یوسف لە رووداو، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر کە ئێستا بە سەردانێکی فەرمی لە ناشڤیڵی ئەمریکایە، نووسینگەکەی راسپاردووە کە رێکاری یاسایی بگرنەبەر و منداڵەکە رەوانەی خانەی نەوجەوانانی کوڕان بکرێت لە هەولێر. 
 
نووسینگەکەی دەڵێت، "ئێستا جێگەی مانەوە و پشوودان بۆ ئەو منداڵە دابین کراوە و دڵنیاییش دەدەین، کە کارئاسانی تەواو دەکەین تاوەکو ئەمساڵ بخرێتەوە بەر خوێندن و لە هەموو روویەکی پەروەردەیی و فێرکردنەوە چاودێریی تەواو دەکرێت."
 
ئەو مێرمنداڵە بووەتە گەورەترین قوربانیی ململانێی نێوان دایک و باوکی، ئەو ئێستا جگەرەکێشە و نەچووەتە بەر خوێندن. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە