رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی خانەقین دەڵێت، 50٪ـی میوەی مزرەمەنیی پارێزگای دیالە بەرهەمی خانەقینە، بەڵام بەهۆی سووتان و لەنێوبردنیان، نزیکەی 250 دۆنم باخ لە خانەقین کراونەتە شوێنی نیشتەجێبوون.
رۆژی 07-03-2024 کامەران عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی خانەقین، میوانی بووڵتەنی ئابووریی کاژێر ـی رووداو بوو لەبارەی کەمبوونەوەی بەرهەمی مزرەمەنی لە خانەقین گوتی، پێشتر 100 هەزار درەختی میوەی مزرەمەنی لە خانەقین هەبوون، بەڵام 10 هەزاریان سووتاون، یان بە هۆکاری دیکە لەنێوچوون.
نزیکەی 500 جووتیار لە رووبەری 2500 دۆنم باخ لە خانەقین کاری باخداری دەکەن.
80 بۆ 90٪ـی باخەکانی خانەقین خورمان، بەڵام مزرەمەنییەکان لە ژێر سێبەری دارخورماکان دەڕوێنن، بە گوتەی کامەران عەبدوڵڵا، مزرەمەنی بۆ ئەوەی بەرهەمەکەی باش بێت، دەبێت بەو شێوەیە بڕوێندرێت.
پێش رووخاندنی رژێمی بەعس، لە خانەقین 2150 دۆنم باخی تاپۆ هەبووە و نزیکەی 150 دۆنم زەویی گرێبەستیش هەبوو کە بە گوندنشینان درابوو؛ بە هەردووکی نزیکەی 2400 دۆنم زەوی هەبوو.
ئێستا نزیکەی 2600 دۆنم باخ هەیە، کە لەرووی رووبەرەوە زیادیکردووە، بەڵام بەهۆی سووتانەوە هەمووی بە کەڵکی باخداری نایەت.
کامەران عەبدوڵڵا دەڵێت: "نزیکەی 250 دۆنم زەوی بەهۆی ئاگرکەوتنەوە و شەڕەوە سووتاون و کراونەتە شوێنی نیشتەجێبوون."
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی خانەقین، ئاماژەی بەوەکرد، لەبەر ئەوەی باخەکانی خانەقین موڵکی کەسین، دوای ئازادکردنی عێراق زۆر لە خاوەن باخەکان کۆچیان کردووە بۆ دەرەوەی وڵات یان بوونەتە فەرمانبەری حکومەت، واتە ئێستا باخداری پیشەی سەرەکیان نییە.
گوتیشی: "گرانیی تێچووی بەرهەمهێنانی مزرەمەنییەکان و کەمیی نرخەکەی لە بازاڕ، وایکردووە باخەوانەکان دەستبەرداری باخداری بن. ئێستا خێزانەکان وەک شوێنی کاتبەسەربردن، باخەکانیان بەکاردەهێنن."
سەبارەت بە بەرهەمی ساڵانەی باخەکانی خانەقین، کامەران عەبدوڵڵا گوتی: "ساڵانە نزیکەی 13 هەزار تۆنە، بەڵام ئەم ساڵ بەهۆی نەخۆشییەوە کەمبووەتەوە بۆ 9 هەزار تۆن."
خانەقین تەنیا بە مزرەمەنییەکانی بەنێوبانگ نییە، بەڵکو خوورماکەشی نێوبانگی خۆی هەیە، پێشتر 100 هەزار دار خورما لە خانەقین هەبوون، بەڵام ئێستا بۆ 55 هەزار دار خورما کەمبوونەتەوە.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی خانەقین، دەڵێت: "80٪ـی باخەکانی خانەقین خورمان، بەڵام بۆ ئەم ساڵ خوورمای خانەقین لە مانگی رەمەزان پێناگات، چونکە وەرزی پێگەیشتنی ماویەتی، بۆ ئەم ساڵ تەنیا خوورمای هاوینی رابردووی خانەقین لە بازاڕەکاندا هەیە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ