فەرەنسا رێز لە خانمە پزیشک و چالاکڤانێکی کوردی ئێزدی دەگرێت

07-03-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەهۆی ئەو خزمەتانەی بە کچان و ژنانی کوردی ئێزدی کردووە، پزیشک و چالاکڤانێکی کوردی ئێزدی، لەلایەن وەزارەتی ئەوروپا و کاروباری دەرەوەی فەرەنسا رێزی لێدەنرێت و وێنەکەی لەگەڵ وێنەی 13 ئافرەتی دیکەدا لەپێش باڵەخانەی ئەو وڵاتە بەرزدەکرێتەوە. ئەو چالاکڤانە بڕیارە رۆژی هەشتی مارس لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە گوتارێک پێشکێش بکات، چالاکڤانەکە دەڵێت: "لەوێ باسی ئازار و نەهامەتییەکانی کچان و ژنانی ئێزدی دەکەم."
 
وەزارەتی ئەوروپا و کاروباری دەرەوەی فەرەنسا وەکو رێزێک بۆ تێکۆشانیان لەپێناو مافەکانی مرۆڤ و ئافرەتان بەتایبەت لە جیهان، وێنەی 14 ئافرەتی چالاکڤان و داکۆکیکار لە مافەکانی ئافرەت لەبەردەم باڵەخانەی ئەو وڵاتە بە گەورەیی هەڵواسیوە، یەکێک لەوانە د.نەغەم نەوزاد، خانمە پزیشک و داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤە کە بڕیارە رۆژی چوارشەممە، 8ـی مارس لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە گوتارێک پێشکێش بکات.
 
د.نەغەم نەوزاد، رۆژی سێشەممە، 7-3-2023، لەبارەی رێزلێنانەکەیەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ساڵی رابردوو لەلایەن سەرۆککۆماری فەرەنساوە رێز لە 14 ئافرەتی چالاکڤانی مافەکانی مرۆڤ گیران و لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە گوتارمان هەبوو، ئەمساڵ دیارە لەو چوارچێوەیەدا وێنەی ئێمەیان هەڵواسیوە کە من وەکو ئافرەتێکی ئێزدی لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان دەستنیشانکراوم و ئەوە شەرەفێکی گەورەیە و رژدترم دەکات لەسەر خزمەتکردن بە ژنان و کچان و لەگەڵ ئازارەکانیاندا دەبم."
 
بڕیارە رۆژی هەشتی مارس کە هاوکاتە لەگەڵ رۆژی جیهانیی ژنان، د.نەغەم نەوزاد لە پەرلەمانی فەرەنسا گوتارێک پێشکەش بکات. د. نەغەم گوتی: "لە گوتارەکەم دا باسی ئازار و نەهامەتییەکانی کچان و ژنانی کوردی ئێزدی دەکەم."
 
رۆژی 29/3/2016، جۆن كێری، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا "خەڵاتی نێودەوڵەتیی ئافرەتانی بوێر"ی بەخشییە ژمارەیەک ئافرەت كە لە نێویاندا ژنە پزیشكێكی كوردی ئێزدی بەنێوی دكتۆرە نەغەم نەوزاد هەبوو. ئەو پزیشكە كوردە لە پای ئەو هاوكارییەی پێشكەش بە ئافرەتانی هەڵاتووی دەستی داعشی كردبوو، بۆ وەرگرتنی ئەو خەڵاتە دەستنیشان كرابوو.
 
د.نەغەم نەوزاد حەسەن، ساڵی 1976 لە ناحیەی باشیكی سەر بە پارێزگای نەینەوا لەدایكبووە، كۆلیژی پزیشكی لە زانكۆی موسڵ تەواو كردووە، لە بەغدا بۆردی تایبەت بە نەخۆشییەكانی ژنانی وەرگرتووە. د.نەغەم پێش شەڕی داعش جگە لە كاری پزیشكی، بۆ ماوەی 10 ساڵ لەگەڵ رێکخراوێكی بیانی كاری خۆبەخشی بۆ هەژاران و منداڵان كردووە، یەکێکە لەو ژنانەی خزمەتێکی زۆری پێشکێشی ئەو ژن و کچانە کردووە کە لەدەستی داعش رزگارکراون، تاوەکو ئێستا چارەسەری دەروونی و پزیشکیی پێشکێشی زیاتر لە هەزار و 200 ئافرەتی رزگاربووی دەستی داعش کردووە.
 
ئۆلیڤیێ دیکۆتینی، کۆنسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان، رۆژی سێشەممە، 6-3-2023، لەبارەی رێزلێنانەکەوە لە تویتێکدا نووسیویەتی: "د.نەغەم نەوزاد، لەلایەن وەزارەتی ئەوروپا و کاروباری دەرەوەی فەرەنسا رێزی لێنرا لەنێو ئەو ژنانەی خەبات بۆ مافەکان و ئاشتی دەکەن، دکتۆ نەغەمی ئێزدی، پزیشکێکی ژنانە و چارەسەری چەندین ژنی قوربانیی دەستی بەربەرییەتی داعشی کردووە."
 
د.نەغەم نەوزاد خاوەنی چوار خەڵاتی نێودەوڵەتییە لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکان (2018)، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا (2016) و پەرلەمانی ئەوروپاوە (2017)، ئەوەش لەپێناو خزمەتکردنی خۆبەخشانەی زیاتر لە هەزار ژن و منداڵی کوردی ئێزدی. نەغەم یەکێک بوو لەو پزیشکانەی هەر زوو لە 2014 خۆی گەیاندە سەر چیای شنگال و هاوکاری کوردانی ئێزدی کرد، هەروەها لە ساڵی 2022 لەلایەن فەرەنساوە خەڵاتکراوە.  

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق

سەرۆککۆماری عێراق بۆ لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان: لە پێکهێنانی حکومەتدا پەلە بکەن

سەرۆککۆماری عێراق داوا لە لایەنە سیاسییە براوەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات لە پێکهێنانی حکومەتدا پەلە بکەن. دەشڵێت، "لە ململانێی سیاسیدا تەنیا خەڵکی وڵاتەکەمان باجەکەی دەدات."