کوردستان
ژمارەیەک شەڕڤانی هێزەکانی سووریای دیموکرات -هەسەدە. وێنەکە بۆ روونکردنەوە لەسەر هەواڵەکە دانراوە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش دەڵێت، هاوکاریی "گرنگ" پێشکێشی هەسەدە دەکات.
لە تویتێکدا هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەڵێت: "وەکو بەشێک لە ئەرکی راهێنان، راوێژکاری و هاوکارییمان، بەم دواییانە لە چوارچێوەی بەرنامەی بەرەنگاربوونەوەی داعش، مەشقدان، پڕچەککردن و پارەدارکردن کە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی سەرپەرشتیی دەکات، هاوپەیمانی سەرچاوەی گرنگی بۆ هەسەدە دابینکرد."
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەڵێت: "ئێمە پابەندین بە بونیادنانی تواناکانی هەسەدە و پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی بەرەو باکووری رۆژهەڵاتی سووریایەکی سەقامگیر."
هاوپەیمانییە 85 ئەندامییەکە کە ئەمریکا سەرکردایەتی دەکات، وردەکاری لەبارەی جۆری پشتیوانییەکە نەخستووەتەڕوو، بەڵام پشتیوانییەکە لە کاتێکی گرنگدا دێت کە هەسەدە هەوڵەکانی بۆ بنبڕکردنی مەترسیی سەرهەڵدانەوەی داعش چڕکردوونەتەوە، هەروەها هاوکاتە لەگەڵ هەڕەشە بەردەوامەکانی تورکیا بۆ ئەنجامدانی لەشکرکێشییەکی نوێ بۆسەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی شەڕڤانان.
لە رابردوودا، تورکیای هاوپەیمانی ناتۆ دژایەتیی خۆی بۆ پشتیوانییەکانی واشنتن بۆ هەسەدە دەڕبریوە و چەندین جار داوای کۆتایی پێهێنانیان کردووە، بەو پێیەی کە ئەنقەرە یەپەگەی پێکهێنەری سەرەکیی هەسەدە بە لقێکی پەکەکە دەبینێت.
لە بەرامبەر هەڕەشەکانی تورکیا، هەسەدە هەوڵدەدات پارێزگاری لە گرنگیی پێگەی خۆی وەکو هاوبەشێکی وڵاتانی رۆژئاوا لە هەڵمەتی ریشەکێشکردنی داعشدا بکات.
مانگێک لەمەوبەر، دوای ئۆپەراسیۆنێکی 8 رۆژی بە هاوبەشی لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، هەسەدە دەستگیرکردنی 154 "تیرۆریستی داواکراو و تاوانکار"ـی راگەیاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ