رووداو دیجیتاڵ
عەرەبێکی هاوردە دەیەوێ زەویی ژمارەیەک جووتیاری کوردی دانیشتووی قەراج لە مەخموور داگیربکات. ئەوەش ترسی لای جووتیارانی دیکە دروستکردووە و بەشێک لە جووتیاران دەڵێن، ئەگەر ئەو هەوڵەی سەربگرێت، ئیدی داوای زەویی ئەوانیش دەکەن.
تەحسین و عەبدولڕەحمان ئەو دوو جووتیارەن کە عەرەبی هاوردە سکاڵای لەسەر تۆمارکردوون و داوای زەوییەکانیان لێ دەکات. ئەو دوو جووتیارە کوردە دانیشتووی گوندی شۆرەپەلکەی دەشتی قەراجن و دەڵێن، بەڵگەی موڵکداریی ساڵی 1974 زەوییەکانیان لایە، ئەو کەسە سکاڵای لەسەر تۆمارکردوون و بە بەڵگەی ساڵی 1996 و سەردەمی بەعس و تەعریب داوای 120 دۆنم زەوییان لێدەکات.
تەحسین ئیبراهیم، جووتیار بە رووداوی گوت، "نووسراوی فەرمیمان هەیە کە ئێمە هاتووینەوە سەر زەوی خۆمان بۆ کشتوکاڵ تاوەکو 16 ئۆکتۆبەری 2017، لەوکاتەوە ئەو عەرەبەمان لێ پەیدابووە و داوای زەوییەکان دەکات و دەڵێت: موڵکی منە. لە دادگە سکاڵای تۆمارکردووە و ئێمەی هەراسانکردووە."
عەبدولڕەحمان مەولوود، جووتیارێکی دیکەیە و باسی لەوە کرد، "لە نێوان ئەو دوو بەشە زەوییە کشتوکاڵییە، کاتی خۆی ئەو عەرەبە 120 مەتری تاپۆکردووە، بە هەردوو جووتیاران 80 دۆنم زەویمان بۆ ماوەتەوە، ئەو عەرەبە خەڵکی موسڵە و لە گەڕەکی قودس دادەنیشێت."
جووتیارانی ناوچەکە دۆشداماون، ترسیان هەیە دوای تەحسین و عەبدولڕەحمان نۆرەی ئەوان بێت.
دەشتی محەممەد، جووتیارە و دەڵێت، "هەموو گوندەکان چاوەڕێی ئەو کەیسەن، ئەوە سەربگرێت مەترسی لەسەر هەمووی دروستدەبێت، بە راستی مەخموور جیاوازە لەگەڵ هەموو شوێنێکی دیکە. لێرە شەهید دراوە و ساتری پێشووی پێشمەرگە لە نێو گوندەکەمانە، هەر لە کۆنەوە لە قەراج شەهید دراوە."
لە دوای ئۆکتۆبەری 2017 و نەمانی دەسەڵاتی پێشمەرگە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، پارێزگای کەرکووک ئەو سنوورەیە کە زۆرترین عەرەبی هاوردە هەڵیانکوتاوەتە سەر جووتیارانی کورد بۆ داگیرکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکانیان.
کشتوکاڵی مەخموور رێگری دەکات لە دەرهێنانی زەوییە کشتوکاڵییەکان لە دەستی جووتیارە کوردەکان و دادگەی ئاگادارکردووەتەوە کە ئەو جووتیارانە گرێبەستی ساڵی 1974 و 1976یان هەیە کە زەوییەکان موڵکی خۆیانە.
سەلمان هاشم، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی مەخموور ئاماژە بەوە دەکات، "ئەو دوو پارچە زەوییە لە ساڵەکانی 1974 و 1976 دا بە ناوی دوو جووتیاری کورد کراوە، ئەوان خاوەنی راستەقینەی زەوییەکانن، بەڵام لە ساڵی 1996ـەوە 120 دۆنم لەو زەییە بەناوی عەرەبێکی هاوردە کراوە."
لە سنووری مەخموور و ناحیەی قەراج 110 گوند و سێ هەزار و 500 جووتیار هەن کە سێ بەشیان کوردن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ