رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە دەڵێت، 4 تۆمەتباریان دەستگیرکردووە کە 20 ملیۆن دیناریان لە قاسەی ماڵێکدا بردووە و دواتر لە ژێر خۆڵ و لە گوندێکی سنووری خوڕماڵ پارەکەیان شاردوەتەوە؛ دەشڵێت: "یەکێک لەو دەستگیرکراوانە برای خاوەن پارەکەیە و سێ کەسەکەی دیکە هاوڕێی ئەون."
رۆژی سێشەممە 6-12-2022، موقەدەم بەرزان عوسمان، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە لەبارەی دەستگیرکردنی چوار تۆمەتبار بە تۆمەتی دزیکردن بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەتۆمەتی دزینی قاسەی ماڵێک لە گەڕەکی ئەردەڵانی ناحیەی خورماڵ کە بڕی 20 ملیۆن دیناری عێراقی تێدابووە، هێزەکانی بنکەی پۆلیسی خورماڵ 4 تۆمەتباریان دەستگیرکرد کە پێکەوە و بەهاوبەشی پارەکەیان بردبوو."
بە قسەی گوتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە، یەکێک لەو کەسانەی دزیەکەیان کردووە برای خاوەن ماڵەکەیە.
لەبارەی لێکۆڵینەوە لەگەڵ تۆمەتبارەکان، بەرزان عوسمان گوتی:" دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیان، تۆمەتبارەکان لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەی هەڵەبجە دانیان بە تاوانەکەیاندا نا و قاسەکە و بڕە پارەکە دەستی بەسەرداگیرا کە لەگوندی گوڵپ و لەژێرخۆڵدا شاردبوویانەوە."
موقەدەم بەرزان عوسمان زانیاریی زیاتریشی لەسەر تۆمەتبارەکان ئاشکراکرد کە تەمەنیان لەنێوان 16 بۆ 22 ساڵیدایە و گوتی، سەرجەم تۆمەتبارەکان دانیشتووی ناحیەی خورماڵن و بەپێی مادەی 443ـی یاسای سزادانی عێراقی بەندکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ