رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ساڵانە لە سندووقی شێرپەنجە زیاتر لە 70 ملیار دینار هاوکاری بۆ تووشبووانی شێرپەنجە خەرج دەکرێت، داواش لە بەغدا دەکات بۆ دابینکردنی دەرمان و چارەسەرکردنی نەخۆش زیاتر هاوکارییان بکات.
رۆژی دووشەممە 06-11-2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی دانانی بەردی بناخەی سەنتەری چارەسەری نەخۆشیی شێرپەنجە بە رێگەی تیشک، گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، بە دانانی ئەم خزمەتگوزارییە لە دهۆک، پێویست بە ناردنی نەخۆش (تووشبووی شێرپەنجە) بۆ دەرەوەی وڵات یان شاری دیکە نەکات.
مەسرور بارزانی گوتی، ''ئەمڕۆ نەخۆشیی شێرپەنجە لە جیهاندا گرفتێکی گەورەیە و سەرەڕای پێشکەوتنێکی باش لە بواری ئاگادارکردنەوە، بەداخەوە هەر ساڵ ئەگەر و فاکتەری جیاجیا، وەکو هۆکاری ژینگەیی، خواردن، زوو دەستنیشاننەکردنی حاڵەتی شێرپەنجە دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی میلیۆنەها کەس لە جیهان".
هەرێمی کوردستان چەندین نەخۆشخانە و سەنتەری چارەسەری شێرپەنجەی هەیە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەوبارەوە دەڵێت، تووشبووان لە ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراقیشەوە سەردانی ئەو سەنتەرانە دەکەن و چارەسەر وەردەگرن.
سندووقی شێرپەنجە یەکێکە لە خزمەتگوزارییە بەردەوامەکانی حکومەت بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە، مەسرور بارزانی باسی لە یاسای تایبەت بەو سندووقە کرد و گوتی، ''لە رێگەی ئەم سندووقەوە ساڵانە زیاتر لە 70 ملیار دینار خەرجی بۆ چارەسەر، دەرمان، ئامێر و پێداویستیی پزیشکیی تووشبووانی شێرپەنجە دابین دەکرێت".
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا لە هەرێمی کوردستان سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی تایبەت بە چارەسەری شێرپەنجە بەردەستن و ''ئێمە بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی لە داهاتووشدا ئەم خزمەتگوزارییانە بەردەوام بن".
مەسرور بارزانی داوای لە حکومەتی فیدراڵی کرد لەرووی دابیکردنی دەرمان، ئامێر و پێداویستیی پزیشکی، زیاتر هاوکاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات، بەتایبەتی بۆ ئاوارە و پەنابەرانی نیشتەجێ لە شار و ناوچە جیاجیاکانی کوردستان.
سەرۆکوەزیران دەڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پاڵپشتیی توشبووانی شێرپەنجە و باشترکردنی خزمەتگوزاری لە کەرتی تەندروستیدا و بەرفراوانکردنی خزمەتگوزاری بۆ تووشبووانی شێرپەنجە لە دەرەوەی سەنتەری شارەکان بەردەوام دەبێت، گوتیشی، ''داوا لە رێکخراوە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانیش دەکەم زیاتر هاوکار و پشتیوانی تووشبووانی شێرپەنجە بن".
ماوەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە 500 رۆژە و لەسەر رووبەری 17 دۆنم بە گوژمەی 17 ملیار و 322 ملیۆن دینار لە دهۆک دروست دەکرێت، کە لە 130 ژوور پێکدێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ