خالید شوانی: ئاراستەی گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدا بەرەو رێککەوتنە

06-08-2020
رووداو @Rudawkurdish
گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی عێراق: بەمنزیکانە شاندی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات
گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی عێراق: بەمنزیکانە شاندی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات
نیشانەکردن هەولێر بەغدا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هەولێر و بەغدا چەندە لەیەک دووربن و دانوستاندنەکانی نێوانیان چەندە درێژەبکێشێت، دواجار هەر دەبێت بگەنە رێککەوتن، ئەمە قسەی گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی عێراقە.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستانیش جەخت لەوە دەکاتەوە، ئامادەیە لەسەر بنچینەی دەستوور تەواوی کێشەکانی لەگەڵ بەغدا چارەسەربکات، لەوانەش کێشەی پەیوەندیدار بە بودجە.
 
ئەحمەد مەلا تەلال، گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند "گفتوگۆ لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەردەوامە؛ بەمنزیکانە شاندی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات؛ لەنێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان هیچ بژاردەیەکی دیکە نییە جگە لە گفتوگۆ نەبێت، گفتوگۆ، گفتوگۆ، دیسان هەر گفتوگۆ، ئەوەش لەپێناو چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور و لەژێر چەتر دەستوور. روونە وردەکاریی زۆر هەیە کە پێویستیان بە بەردەوامیدان و بە گەورەیی هێشتنەوەی گفتوگۆکانە لەپێناو لابردنی هەموو ئاستەنگەکان کە هەن و کەڵەکە بوون، بۆئەوەی بگەینە رێککەوتن".
 
ئەگەرچی لەدوای ساڵی 2003، لە 17%ی بودجەی عێراق دەدرایە هەرێمی کورستان و دواتر رێژەکە گۆڕانکاریی بەسەرداهات؛ لە ساڵی 2014 ئەوەی هەشبوو بڕا، بەڵام لە ساڵی 2018 حکومەتی عێراق نزیکەی 450 ملیار دینار و هەندێکجاریش کەمتر لەو بڕەی بۆ هەرێمی کوردستان دەنارد.
 
داهاتی بودجەی ساڵی دارایی 2013ی گشتیی هەرێمی کوردستان، بریتیبووە لە 15 ترلیۆن و 257 ملیار و 489 ملیۆن دینار، کە 14 ترلیۆن و 406 ملیار و 735 ملیۆن دینار بەشی هەرێمی کوردستان بووە لە بودجەی گشتیی ئیتیحادیی عێراق، 651 ملیار و 114 ملیۆن دیناری داهاتی ناوخۆ و نزیکەی 200 ملیاریش پارەی پترۆدۆلار بووە.
 
11 ترلیۆن و 608 ملیار و 958 ملیۆن دیناری بۆ خەرجییەکانی بەکارخستن بووە و 5 ترلیۆن و 333 ملیار و 791 ملیۆن دیناریش خەرجیی پرۆژەکانی وەبەرهێنان بووە.
 
بابەتێکی ناو دانوستاندنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا پەیوەندیی بە داهاتی خاڵە سنوورییەکانەوە هەیە. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، هەولێر و بەغدا دەتوانن لە مەلەفی خاڵی سنوور و داهاتی ناوخۆوە گفتوگۆکان درێژەپێبدەن.
 
خالید شوانی، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستاندن لەگەڵ بەغدا بە رووداوی راگەیاند، لەنێوان هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان "گفتوگۆی باش" کراون و "ئاراستەی گفتوگۆکانیش بەرەو رێککەوتنە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە