رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی زانکۆی گەرمیان بڕیاریدا بەهۆی کۆمێنتی ژمارەیەک مامۆستای زانکۆکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک لەبارەی بەشێک لە راگرەکانی زانکۆکە، سکاڵا تۆمار بکات. رێکخەری دەستەی گەرمیانی رێکخراوی داکۆکی لە زانکۆ و پەیمانگەکانیش دەڵێت: "ئەو مامۆستایانە باسی ناڕێکی و خراپبەکارهێنانی زانکۆیان کردووە و لەو مامۆستایانەن، کە بۆ هەموو شتێک ناڵێن بەڵێ، بۆیە پشتیوانیان لێدەکەین."
رۆژی دووشەممە، 6-6-2022 ئەنجوومەنی زانکۆی گەرمیان روونکردنەوەیەکی لەبارەی ژمارەیەک مامۆستای زانکۆکە بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "چه‌ند راگرێكی به‌ڕێزی زانكۆمان له دوا كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی زانكۆدا، كه له رۆژی (23/5/2022) کرا، داوایان له ئه‌نجوومه‌نی زانكۆ كرد رێكاری یاسایی به‌رامبه‌ر ئه‌و (3 – 4) مامۆستایه بگیرێته‌به‌ر، كه له فه‌یسبووك به زمانێكی زۆر ناشارستانیانه و دوور له پێگه‌ی مامۆستای زانكۆی ئه‌وپه‌ڕی سووكایه‌تی و ناوزڕاندنیان به‌رامبه‌ر به كه‌سایەتی راگره‌كان کردووە".
هەر لە راگەێندراوەکەدا هاتووە: "ناشیرینی و نالایه‌قی زمانی كۆمێنته‌كان به راده‌یه‌كه خودی ئه‌و كه‌سانه‌ش كه نووسیویانه دواتر هه‌ندێكیان سڕیوه‌ته‌وه، ئه‌مه له كاتێكدایه به‌پێی پۆستی فه‌یسبووكی یه‌كێك له‌و مامۆستایانه هیچ راگرێكی زانكۆی گه‌رمیان له گوڵ كاڵتری پێنەگوتوون."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە دوای تاوتوێكردنی بابه‌ته‌كه و له‌ژێر رۆشنایی به‌ڵگه‌كانی به‌رده‌ست له نێوان ئه‌وه‌ی زانكۆی گه‌رمیان خۆی لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه پێكبهێنێت یان پرسه‌كه ئاراسته‌ی دادگا بكات، ئه‌نجوومه‌نی زانكۆ رێگای دووه‌می به "دروستتر" زانیوە، ئه‌مه‌ش بە گوتەی خۆیان بۆ ئه‌وه بووە دادگا و یاسا سه‌روه‌ر بێت و زانكۆ به‌شێك نه‌بێ له بڕیاره‌كه.
هەژار خودادا، رێکخەری دەستەی گەرمیان- رێکخراوی داکۆکی لە زانکۆ و پەیمانگەکان، لەو بارەیەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە وەکو دەستە پێمانوایە ئەوەی ئەنجوومەنی زانکۆ دەیڵێت هەموو بابەتەکە نییە، ئەو مامۆستایانەی بەنیازن بیاندەنە دادگە لەو مامۆستایانەن کە بەهەڵوێستن و لە پرسی پاشەکەوتی مووچە و دواکەوتنی مووچە و لە چالاکییەکانی زانکۆ قسەیان هەبووە، بۆ هەموو شت ناڵێن بەڵێ، جگە لەوەی بەردەوام کاریان لەسەر چاککردنەوەی ناڕێکییەکان کردووە و بەهەڵوێستن."
هەژار خودادا، گوتیشی: "ئامادەین بەرگری لەو مامۆستایانە بکەین، تەنانەت لە دادگەش لەگەڵیان دەبین، چونکە ئەو مامۆستایانە نابێت سزا بدرێن، بەوردیش چاودێری ئەو کەیسە دەکەین و بەهی خۆمانی دەزانین و بە گوشار و خراپبەکارهێنانی دەسەڵات و پۆست دژ بە دەنگی ناڕازی و ئازا و ئازاد لەزانکۆی گەرمیانی دادەنێین و بەهیچ شێوەیەک لەبەرامبەری بێدەنگ نابین."
رێکخەری دەستەی گەرمیان- رێکخراوی داکۆکی لە زانکۆ و پەیمانگەکان سەرکۆنەی ئەو هەڵوێستەی ئەنجوومەنی زانکۆی گەرمیانی کرد و داوای دەستبەجێ هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارەی کرد، کە بە بۆچوونی ئەوان "خراپ و بێ پێشینەیە" لە زانکۆی گەرمیان.
زانكۆى گه‌رميان لە قەزای کەلاری سەر بە ئیدارەی گەرمیانە، له ساڵی 2010 به‌ردى بناخهى دانرا، ھەشت کۆلێژ و دوو بەشی سەربەخۆی سەر بە سەرۆکایەتی زانکۆی هەیە، 1200 مامۆستا و فەرمانبەری هەیە، زیاتر لە 7 هەزار قوتابی لە زانکۆکە دەخوێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ