ئاستی ئاوی دەربەندیخان 13 مەتر دابەزیوە

06-06-2018
هەڵۆ محەممەد
هەڵۆ محەممەد
بەهۆی بوومەلەرزەی ساڵی رابردوو ئاوی بەنداوی دەربەندیخان گلنادرێتەوە
بەهۆی بوومەلەرزەی ساڵی رابردوو ئاوی بەنداوی دەربەندیخان گلنادرێتەوە
نیشانەکردن ئاو دەربەندیخان
A+ A-

رووداو - دەربەندیخان
 
ئاستی ئاو له‌ بەنداوی دەربەندیخان بەراورد بە ساڵی رابردوو زیاتر له‌ 13 مەتر و نیو كه‌می كردووه‌، بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی ساڵی رابردووش تاکە هۆكارە بۆ گلنەدانەوەی ئاو بەهەمان توانای ساڵانی رابردوو له‌م به‌نداوه.

ئه‌و ئاوه‌ی له‌ وه‌رزی هاوینی ئه‌مساڵدا به‌رده‌درێته‌وه‌ بەڕێژەی 50%ـی كه‌مترە بەراورد بە ساڵی رابردوو، به‌پێی ئاماره‌كانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کشتووکاڵی گەرمیانیش 95%ـی زه‌وییه‌ به‌راوه‌كان پشت بە پرۆژه‌ ئاودێرییه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاودێری گه‌رمیان ده‌به‌ستن، كه‌ ئاوی سیروان سه‌رچاوه‌یه‌تی، بۆیه‌ ده‌ڵێن 105 هه‌زار دۆنم زه‌وی به‌راو ئه‌مساڵ تووشی كه‌مئاوی ده‌بن.

ره‌حمان خانی، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان دەڵێ "بۆ ئه‌مساڵ كه‌متر ئاو به‌رده‌دەینەوە به‌هۆی ئه‌و كێشانه‌ی به‌نداوه‌كه هه‌یه‌تی، ده‌مانه‌وێت له‌باره‌ی كێشه‌كانەوە بزانین، ئه‌وه‌ش كۆمپانیای تایبه‌ت و دیزانی ده‌وێ، بۆیه‌ به‌نداوه‌كه‌ ناكه‌ینه‌ قوربانی كۆكردنه‌وەی ئاو‌".

له‌ گه‌رمیان 54 پرۆژه‌ی ئاودێری هه‌ن، 22ـیان پشت به‌ رووباری سیروان ده‌به‌ستن و گه‌وره‌ترین پرۆژه‌كانی باڵا‌جۆ، سه‌لام ، شێخ له‌نگه‌ر و قه‌ره‌بلاغن کە هه‌موویان پێكه‌وه‌ نزیكه‌ی 111 هه‌زارد دۆنم زه‌وی ده‌كه‌نە ‌به‌راو، بۆ ئه‌وه‌ی زیانەکە بۆ كشتووكاڵی گه‌رمیان لەنیوە بگەڕێتەوە، پێویسته‌ رێڕەوه‌ ئاوییه‌كان پاكبكرێینه‌وه و‌ هه‌ندێكیان رێگاكانیان كورت بكرێته‌وه‌.

شێركۆ محه‌ممه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كان دەڵێ ''كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاو وا ده‌كات ئاو نه‌گاته‌ پرۆژه‌كان، دەبێت رێڕەوەکان پاك بكرێنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت، نووسراومان داوه‌ته‌ ئیداره‌ی گه‌رمیان بۆ ئه‌وه‌ی بیده‌نه‌ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و بودجه‌مان بۆ دا‌بین بكه‌ن".

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كشتوكاڵی گه‌رمیان هۆشداری داوەتە جووتیاران بۆ ئەوەی ئه‌و سه‌وزانه‌ بچێنن كه‌ كه‌متر ئاویان پێویسته‌.

له‌ وه‌رزی هاوینی ئه‌مساڵدا بڕیاره‌ 800 ملیۆن مەتر سێجا ئاو لە بەنداوی دەربەندیخانەوە به‌ربدرێته‌وه‌، ئه‌م رێژه‌یه‌ش كه‌متره‌ له‌و ئاوه‌ی ساڵی رابردوو به‌ردراوه‌ته‌وه‌، كه‌ یەک ملیار و 600 ملیۆن مەتر سیجا بووه‌.

ئێستا قه‌باره‌ی ئاوی له‌ به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان یەک ملیار و 300 ملیۆن مەتر سێجایە و به‌هۆی كاریگه‌ری بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی ساڵی رابردووش جگه ‌له‌و ئاوه‌ی تێیدایه،‌ ناتوانرێت ئه‌و ئاوەی دەڕژێتە نێو بەنداوەکە، گلبدرێتەوە.


 

داڕشتنەوە: هەڵات رێبوار

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە