رووداو دیجیتاڵ
تیمێکی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی حکومەتی سووریا، بە مەبەستی نۆژەنکردنەوەی گەیشتنە بەنداوی تشرین لە پارێزگای حەلەب. ئەمەش دوای ئەوەی هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر بەنداوەکە وەستا.
ئاژانسی هەواڵی سووریا رۆژی یەکشەممە 06-04-2025 بڵاوی کردەوە، تیمێکی چاککردنەوە گەیشتنە بەنداوی تشرین لە منبج، بە مەبەستی دەستکردن بە چاککردنەوەی بەشە لە کارکەوتووەکانی."
بەنداوی تشرین لەنێوان منبج و کۆبانێدایە و لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات دایە.
لە دوای کۆنترۆڵکردنی دیمەشق لەلایەن دەستەی تەحریری شام، لە مانگی هەشتی کانوونی دووەمی 2024 هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر بەنداوی تشرین دەستیپێکرد.
ئەو گرووپە چەکدارانە کە تورکیا پاڵپشتی دەکردن، نزیکەی چوار مانگ هەوڵی داگیرکردنی بەنداوی تشرینیان دا، بەڵام رووبەڕووی بەرگرییەکی تووندی شەڕڤانانی هەسەدە بوونەوە. بەهۆی ئەو هێرشانەوە بەنداوەکە زیانێکی زۆری بەرکەوت، ئیدارەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر چەندین جار هۆشداری تەقینی بەنداوەکە و روودانی کارەساتی مرۆیی دا.
بەنداوی تشرین لە 22-4-2004 لەلایەن حکومەتی سووریاوە دروستکرا. ئامانجەکەش بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا بوو، ئەو بەنداوە دەکەوێتە باشووری کۆبانێ و باکووری رۆژئاوای رەققە و سەر بە پارێزگای حەلەبە. توانای گلدانەوەی 1.9 ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە.
پێشتر بەنداوەکە کەوتبووە دەست رێکخراوی داعش، بەڵام هەسەدە کۆنترۆڵی کردەوە و لەوکاتەوە هێزەکەی لەوێ جێگیرکرد.
بەنداوی تشرین کارەبای سنووری کۆبانێ، منبج و گوندەکانی دەوروبەری دابین دەکات. پێش ئەوەی هێرشی بکرێتە سەر 100 مێگاوات کارەبای بەرهەم دەهێنا، بەڵام توانای بەرهەمهێنانی 600 مێگاوات کارەبای هەیە.
رۆژی هەینی 28ـی ئاداری 2025 رامی عەبدولڕەحمان، سەرۆکی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، چەند رۆژێکە تورکیا هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە راگرتووە.
رامی عەبدولڕەحمان گوتی، "هێرشەکان بۆ سەر بەنداوی تشرینیش وەستاون و ئێستا فەرمانبەرانی بەنداوەکە گەڕاونەتەوە سەر کارەکانیان و ژیان لەو ناوچانە ئاسایی بووەتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ