ژنێک لە هەولێر 'لە ترسی کوشتن' ماڵەکەی جێدەهێڵێت: پیاوەکەم بە چەقۆ، کەتەر و گولـلە لێیداوم

06-04-2023
عەدنان رەشید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دایکی چوار منداڵ لە هەولێر لە "ترسی کوشتن" و لێدان و ئەشکەنجەدانی، ماڵەکەی جێدەهێڵێت و دەچێتە ماڵی باوکی لە سۆران. بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی تووندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە سۆران دەڵێت: لێکۆڵینەوە لە کەیسەکە دەکرێت و بەردەوامیشە. پارێزەری ژنەکەش دەڵێت، سکاڵایان تۆمارکردووە.
 
رۆژی چوارشەممە، 05-04-2023، شادیە محەممەد، سکاڵاکار، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، گوتی: "لە هاوژینەکەم تێناگەم، تەنیا ئەوەندە دەزانم لێمدەدات." شادیە دەڵێت، بە ویستی خۆی شووی کردووە و ئێستا دایکی چوار منداڵە.

 

 
شادیە محەممەد باس لە شێوازی "ئەشکەنجەدان"ی لەلایەن هاوژینەکەیەوە دەکات و دەڵێت، "لە خەودابووم بە چەقۆ لە سەری دام، جارێکی دیکە بە گولـلە لێیدام و راپۆرتی پزیشکیشم هەیە. سکاڵام لەسەری تۆمارنەکرد، تەنیا 'حق العام' گرتییەوە و شەش مانگ بەندکرا."
 
شادیە باس لەوە دەکات کەسوکاری هاوژینەکەی ئاگاداری کێشەکەن و هەوڵی چارەسەرکردنیان داوە. دەشڵێت، "لە ماڵی براکەی دانیشتبووین بۆ ئەوەی کێشەکەمان چارەسەر بکرێت، بەڵام ئەو دەیگوت: تۆم ناوێت و تەڵاقت دەدەم، کوڕەکەم لەباوەش بوو، لەبەرچاوی ئەوان تەبڵەی جگەوەی تێگرتم، بە کەتەر بۆ من هات و ویستی لە ملم بدات بەر قۆڵم کەوت."

 

 
بەگوتەی شادیە محەممەد، هاوژینەکەی هیچ نەخۆشییەکی دەروونی نییە و تائێستا هێرشی نەکردووەتە سەر هیچ کەسێک، تەنیا لەو دەدات، "ئەگەر دەیەوێت ژنێکی دیکە بهێنێت کێشە نییە، بەڵام بۆ من ئازار دەدات؟" 
 
ئەو ژنە لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا گوتی، تەنانەت هاوژینەکەی بە کلاشینکۆفیش تەقەی لێکردووە و دەڵێت "جارێک لە ماڵی باوکم بووم بە سەرخۆشی هات و منداڵەکانی برد و منیش لەگەڵی رۆیشتم و چووینە ماڵی دایکی، گوتی: خانووی دەگرم، بەڵام نیازی وابوو شتێک بەسەر من بهێنێت، دوو مانگ لە ماڵی باوکی  ماینەوە، لەوێ بە کڵاشینکۆف دەستڕێژیی گولـلەی لێکردم و دوو گولـلەی لە قاچم دا".
 
رائید شێروان خالید، بەرپرسی بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیی دژی ئافرەتان و خێزان لە سۆران، لە بەرنامەی بەرپرسیار باسی سەرەتای سەرهەڵدانی کێشەی نێوان ئەو دوو هاوژینەی کرد و گوتی: "سەرەتای کێشەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ 25-06-2021 کاژێر 11ـی شەو بووە دەمەقاڵەیان لە رێگەی پۆلیسی سۆرانەوە تۆمەتبار رادەستی بنکەکەمان کرا و ئەفسەری ئێشکگر پەڕاوی بۆ کردەوە و لەسەر فەرمانی دادوەر هاوژینی شادیە بۆ ماوەی 16 رۆژ بەندکرا."

 

 
 
وەک رائید شێروان خالید دەڵێت، تۆمەتبار لەسەر بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی سۆران بە دەستەبەری کەسی و 2 ملیۆن دیناری عێراقی ئازاد کرا و هەر لەسەر بڕیاری دادوەر لیژنەی ئاشتەوایی بۆ ئەو دوو هاوژینە پێکبهێنرا. دواتر هاوژینی شادیە ماڵی گواستەوە شوێنێکی نزیک هەولێر.
 
ئەو ئەفسەرەی پۆلیس باس لەوە دەکات، "زۆر پەیوەندیمان بە تۆمەتبار کرد بۆ ئەوەی هاوژینەکەشی بهێنێت و دابنیشن و کێشەکەیان چارەسەر بکرێت، بەڵام ئامادەنەبوون و دوای ماوەیەک تۆمەتبار مۆبایلەکەی داخست و شوێنەکەی نادیار بوو. ئافرەتەکەش مۆبایلی نەبوو، پەیوەندیمان بە براکانی شادیە کرد و ئەوان گوتیان کە ئاشت بوونەتەوە و هیچ کێشەیەک لەنێوانیان نەماوە. ئێمەش بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی سۆرانمان ئاگادارکردەوە کە لەگەڵ هاوسەرەکەی ئاشتبوونەتەوە و کێشەیان نەماوە."
 
ئافرەتەکە لە 25-10-2021 دەقی داواکاری لێخۆشبوونی بۆ پۆلیس بردووە، کە هیچ کێشەیەک لەنێوانیاندا نەماوە، بۆیە بە بڕیاری دادوەر کەیسەکە بە شێوەیەکی کاتی داخرا.
 
شادیە محەممەد دەڵێت، شەش ساڵە لەلایەن هاوژینەکەیەوە بەردەوام لێی دەدرێت و شوێنێکی جەستەی نەماوە بریندار نەکرێت. ئەو ئافرەتە لە ماڵی لە هەولێرە بە گوتەی خۆی، لە ترسی کوشتن رایکردووە بۆ ماڵی باوکی لە سۆران. ئەو دەڵێت: "جگە لە لێدان و بریندارکردنم، تەواوی ناسنامە، کارتی زانیاری و بەڵگەنامەی هاوسەرگیری و بەڵگەنامەکانی خۆم و منداڵەکانم سووتێنراون."
 
رائید شێروان خالید باسی سکاڵایەکی دیکەی شادیە محەممەد لە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان لە ساڵی رابردوودا دەکات و دەڵێت: "لە 17-01-2022 ئەو ئافرەتە جارێکی دیکە سکاڵای لەسەر هاوژینەکەی تۆمارکرد، کە گوایە هاوژینەکەی دەستی بەسەر بەڵگەنامەکانی خۆیی و منداڵەکانیدا گرتووە. پەڕاوەکەمان نمایشی دادوەری لێکۆڵینەوە کرد، بەڵام ئەو ئافرەتە بەدوای سکاڵاکەیدا نەهات و شوێنی نیشتەجێبوونی نادیاربوو، مۆبایلیشی نەبوو، بۆیە پەڕاوەکە هەر مایەوە."

 

 
سەبارەت بە هۆکاری بەدوادانەچوونی سکاڵاکانی و لێخۆشبوونی لە هاوژینەکەی، شادیە محەممەد دەڵێت: "بەهۆی نەبوونی شوێن و لەبەر منداڵەکانم دەیانگوت: 'مردین هەر رۆژە و لە شوێنێک' بۆیە بە ناچاری چوومەوە ماڵ، بەڵام پەنجەمۆرم بۆی نەکردووە. باری ئابووریم خراپە، هەموو کاتێک گیرفانم بەتاڵ بووە، حەوت ساڵە ئەوە ژیانمە، ئەگەر خۆم کارێکم نەکردبا هیچ پارەیەکمان نەبووە. ئەوکاتەی کە لەگەڵیدابووم کاری نەدەکرد، خۆم بە نانکردن بژێویم پەیدادەکرد، ئێستا لەو کاتەوەی لەوێ نەماوم کار دەکات"
 
رائید شێروان خالید، دەڵێت: "لە 19-01-2023 ئەو ئافرەتە کە لەلایەن هاوژینەکەیەوە بە مووس کەتەر لێیدراوە و بردراوەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوا، بەهۆی هەڕەشەی هاوژینەکەی، سکاڵای تۆمارنەکردووە و پێی گوتووە بڵێ؛ بەر پەنجەرە کەوتووە. ئافرەتەکە دوای ماوەیەک و سەردانیکردنی نەخۆشخانە، لەوێ  بە ئەفسەری پۆلیسی گوتووە کە هاوژینەکەی لێیداوە."
 
بێجان رەسوول، پارێزەری شادیە، لە بەرنامەی بەرپرسیار، گوتی: بەپێی یاسا هەر کەیسێک دوای سێ مانگ سکاڵا تۆمار نەکرێت، دادەخرێت. شادیە لە تووندوتیژی خەبات سکاڵای تۆمارکردووە و لێی خۆشبووە، لە جاری چوارەم لە ئازاردانی نەیتوانیوە سکاڵا تۆماربکات. ئەمڕۆ (چوارشەممە لە بنکەی تووندوتیژیی خێزانی سۆران سکاڵامان تۆمارکرد و بەهۆی کاتەکەی کە درەنگ بوو نەمانتوانی لەبەردەم دادوەر پەسندی گوتەکانی بکرێت.
 
پارێزەرەکەی شادیە گوتیشی: "ئەو ئافرەتە باری دارایی خراپە، داوای بژێوی تۆمارکردووە بۆ ئەوەی لەسەر پێی خۆی بوەستێت، هەروەها داوایەکی دیکەی بەهۆی ئەشکەنجەدان تۆمار کردووە بۆ ئەوەی بە مافی خۆی بگات و لە روانگەی یاساییەوە دەچێتە چوارچێوەی ماددەی 7ـی تووندوتیژی خێزانی."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو دوو ئۆتۆمبێلەی تووشی رووداوی هاتووچۆ بوون.

لە رێگەی نێوان کەلار-خانەقین سێ کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا

بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی گەرمیان دەڵێت، لە ئەنجامی پێکدادانی دوو ئۆتۆمبێل لەسەر رێگەی نێوان کەلار-خانەقین سێ کەس گیانیان لەدەستدا و کەسێکی دیکەش برینداربوو.