کۆمیسیۆن ناوى بەربژێرە براوەکانى هەڵبژاردن رەوانەى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان دەکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق دەڵێت، بڕیارە سبەى دووشەممە، 25ى تشرینى دووەم، کۆمیسیۆن ئەنجامى کۆتایی پەسندکراوى هەڵبژاردنى پەرلەمان و بەربژێرە براوەکان رەوانەى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان بکات.
 
عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "دواى ئەوەى ئەنجوومەنى کۆمیسیاران ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانى پەسند کرد، رۆژى دووشەممە بە فەرمى رەوانەى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان دەکرێت."
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 24 تشرینى دووەم ئەنجوومەنى کۆمیسیاران ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى خولی شەشەمی پەرلەمانى کوردستانى پەسند کرد، لە دواى ئەوەى ئەو 41 تانەیە رەتکرانەوە کە لە بارەى ئەو ئەنجامانە پێشکێش بە کۆمیسیۆن کرابوون.
 
عیماد جەمیل ئاماژەى بەوەدا، ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردن بە بەربژێرە سەرکەوتووەکان و ئەوانەشەوە کە دەنگیان بەدەستنەهێناوە بۆ پەرلەمانتاری، رەوانەى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان دەکرێت، بەڵام ناوى 100 پەرلەمانتارە دەرچووەکەش جیا دەکرێنەوە.
 
بە گوێرەى پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمانى کوردستان لە ماوەى 10 رۆژ لە پەسندکردنى ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردن، سەرۆکى هەرێمى کوردستان بانگهێشتى پەرلەمان دەکات بۆ ئەوەى یەکەم کۆبوونەوە بۆ سوێندخواردن ئەنجام بدەن ئەگەرنا لە رۆژى 11ەمینی دوای پەسندکردنی ئەنجامەکان پەرلەمان دەتوانێت خۆى یەکەم کۆبوونەوە بکات.
 
هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان لە 20ى تشرینى یەکەم بەڕێوەچوو، پارتى 39 کورسی، یەکێتى بە 23 کورسی، نەوەی نوێ 15 کورسی، یەکگرتوو حەوت کورسی، رەوتی هەڵوێست چوار کورسی، کۆمەڵ سێ کورسی، بەرەی گەل دوو کورسی، گۆڕان یەک کورسی و هاوپەیمانیی کوردستان یەک کورسی بەدەستهێنا.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرنامەی بەرپرسیار.

بەرپرسیار؛ دانیشتووانی 20 گوندی سنووری باسرمەی هەولێر 13 ساڵە داوای چاککردنی رێگەکەیان دەکەن

رێگەی گڕاو لە سنووری ناحیەی باسرمەی هەولێر هاتووچۆی 20 گوندی لەسەرە، دانیشتووانەکەی 13 ساڵە داوای چاککردنی دەکەن. رێگەوبانی هەولێر دەرخستەیەکی بە گوژمەی نزیکەی دوو ملیار دینار دەرکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەچووەتە واری جێبەجێکردنەوە. بەڕێوەبەری ناحیەی باسرمە دەڵێت: "پێشینە بۆ رێگەی گڕاوە".