رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، بۆ ئەوەی خاوەن پەلەوەرخانەکان زەرەر نەکەن، دەبێت مریشک بە 3000 دینار بفرۆشن و وەزارەتیش کار لەسەر ئەوە دەکات. دەشڵێت، "دوای جەژنی رەمەزان نرخ دادەبەزێت، بەڵام نابێت هیواخوازبین نرخی مریشک بۆ خوار 3000 دینار دابەزێت، چونکە ئەوە لە زەرەری خاوەن پەلەوەرخانەکانە."
نرخی کیلۆیەک مریشک لە هەرێمی کوردستان بە زیاتر لە چوار هەزار دینار دەفرۆشرێت. وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستانیش هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە ساڵانی رابردوو خاوەنی پەلەوەرخانەکان زەرەرێکی زۆریان کردووە.
رۆژی پێنجشەممە 06-04-2023 فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هۆکاری گرانبوونی نرخی مریشک دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی خاوەن پەلەوەرخانەکان ماوەی چەندین ساڵە بە زەرەر مریشکیان فرۆشتووە، ئێستا ناچار بوون بەرهەم کەم بکەنەوە؛ ئەوەش وایکردووە نرخی مریشک زیاد بکات، چونکە ئەگەر بەراوردی نرخی 2500 دینار بە 4900 بکەین و بڵێین نرخی مریشک زیادیکردووە، ئەوە دادپەروەری نییە، چونکە ئەو نرخە (2500) لە زەرەری خاوەن پەلەوەرخانەکان بووە."
پێداویستیی ساڵانەی گۆشتی مریشک لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان 146 هەزار تۆنە، بەڵام نزیکەی 250 هەزار تۆن گۆشتی مریشک بەرهەم دەهێندرێت و ئەوەی زیاتر لە پێویستیی نێوخۆ بێت، هەناردەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەکرێت.
فیراس سدیق دەڵێت، "پەلەوەرخانەکان کیلۆیەک مریشک بە 2600 لەسەریان رادەوەستێت، بۆیە دەبێت بە 3000 دینار بیفرۆشن، بەڵام ساڵانی رابردوو نرخی مریشک لە دەرەوەی پەلەوەرخانەکان بە 2500 بۆ 2700 دینار دەفرۆشرا، لەوە زیاتر نەبووە؛ بۆیە خاوەن پەلەوەرخانەکانیش بە 2000 دینار فرۆشتوویانە، ئێستاش ئەو گرانییەی هەیە دەرئەنجامی ئەو زەرەرەیە کە کردوویانە."
یەک تۆن ئالیک بۆ 650 دۆلار زیادیکردووە. بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، "پێش چوار ساڵ تۆنێک ئالیک بە 470 دۆلار و کەمتر بووە، بەڵام ئێستا زیادیکردووە بۆ 670 دۆلار. دەبێت بزانین ئەو دوو نرخە بکرێنە دیناریش جیاوازییان هەیە، واتا هۆکارێکی دیکەی ئەو گۆڕانکارییە کە بەردەوام بەسەر نرخی دۆلار و دیناردا دێت."
بە گوتەی فیراس سدیق، بازاڕی پەلەوەڕی خۆیان رێکدەخەنەوە و مریشکی پێویست دەخرێتە بازاڕ و نرخ کۆنترۆڵ دەکرێت، دەشڵێت، "یەکجار گرانبوونی نرخی مریشک، بەهۆی بۆنەکانەوە بووە. نەورۆز هات، دواتر رەمەزان و دواتر جەژن بەڕێگاوەیە، ئەوەش وایکردووە خواست زیاد بکات و بەرهەم کەمە، بەڵام دوای جەژنی رەمەزان ئەو هۆکارانەش نامێنن و نرخ دادەبەزێت."
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوە کرد، لەگەڵ کشتوکاڵی پارێزگاکان لەسەر هێڵن بۆئەوەی کۆنترۆڵی نرخی مریشک بکرێت، "باشترین نرخ بۆ ئەوەی خاوەن پەلەوەرخانەکان زەرەر نەکەن، ئەوەیە کە لە کێڵگەکان بە 3000 دینار دەربچێت نەک ئومێدەواربین کە لە دەرەوە بە کەمتر لە 3000 دینار بفرۆشرێت، چونکە ئەوە کارەساتە و زەرەری خاوەن پڕۆژەکانە."
لە هەرێمی کوردستان 1846 پەلەوەرخانە هەن. فیراس سدیق دەڵێت، کاتێک لە دەرەوە کیلۆیەک مریشک بە 4900 دینارە ئەوە دەبێت خەڵک بزانێت ئەو پارەیە بۆ خاوەنی پەلەوەرخانە نییە، ئێستا لە کێڵگەکان بە 2650 دینار دێتە دەرەوە و بە 3500 دینار دەخرێتە بازاڕ، ئەو نرخانەی دیکە خاوەن دووکان و بریکارەکانن کە زیادی دەکەن؛ ئەوەش کاری وەزارەتی کشتوکاڵ نییە کۆنترۆڵی بکات و دەبێت لیژنەکانی چاودێریی بازرگانی لە قایمقامیەتی شارەکان کۆنترۆڵی بکەن.
کیلۆیەک نرخی گۆشتی سوور لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بۆ 22 هەزار دینار زیادیکردووە. بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ ئاماژە بەوە دەکات، "لەگەڵ گرانبوونی نرخی گۆشتی سوور خواست لەسەر گۆشتی مریشک زیاتر بووە، چونکە ئەوە جێگرەوەیە بۆ خەڵک، بۆیە ئەوەش یەکێکە لە هۆکارەکانی گرانبوونی نرخ."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ