لە 11 حیزبی تورکمانی شەشیان لە کۆمیسیۆن تۆمارکراون

06-03-2024
سیروان عەباس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرەڕای رەتکردنەوەی کورسییەکانی کۆتا، پێکهاتەکان بەردەوامن لە ئامادەکارییەکان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان. جێگری سەرۆکی حیزبی چاکسازیی تورکمانیش دەڵێت، "دوای کۆبوونەوەی نێوخۆیی، حیزبە تورکمانییەکان کۆدەبنەوە و بڕیار دەدەن".
 
لە هەرێمی کوردستاندا، 11 حیزبی تورکمانی هەن، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنیا شەش لەو حیزبانە لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان تۆمارکراون.
 
مونا قەهوەچی، جێگری سەرۆکی حیزبی چاکسازیی تورکمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "حیزبە تورکمانییەکان، کۆبوونەوەی نێوخۆیی دەکەن و خۆیان یەکلایی دەکەنەوە، ئێمەش رۆژی شەممە بۆ هەمان مەبەست کۆدەبینەوە".
 
مونا قەهوەچی گوتی، "دوای کۆبوونەوە نێوخۆییەکان، کۆبوونەوەیەکی فراوان دەکەین و بڕیارێکی یەکلاکەرەوەی گشتگیر دەدەین".
 
رۆژی 21-02-2024، دادگەی فیدراڵیی عێراق لەبارەی یاسای هەڵبژادنی پەرلەمانی کوردستان دانیشت و رایگەیاند، دەبێت ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 100 تێنەپەڕێت، هاوکات کورسیی کۆتای پێکهاتەکانیشی بە نادەستووری هەژمارکرد.
 
بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی، ناڕەزایەتی تورکمان، کلدان سریان ئاشووری و ئەرمەنەکانی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە کە خاوەنی 11 کورسیی کۆتای پەرلەمان بوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە