رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی هەناردەکارانی تورکیا ساڵی رابردوو ئامەد بە بەهای 113 ملیۆن دۆلار کاڵای جۆراوجۆر هەناردەی عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە.
بەپێی داتاکانی ئەنجوومەنی هەناردەکارانی تورکیا، ساڵی رابردوو لە ئامەد بە بەهای 231 ملیۆن و 216 هەزار دۆلار کاڵای هەناردەی وڵاتانی جیهان کردووە. ئاستی هەناردەکردنە بەروارد بە ساڵی رابردوو 23٪ کەمیکردووە، کە لەو ساڵەدا بایی 295 ملیۆن و 116 هەزار دۆلار کاڵا هەناردە کرابوو.
لە کۆی 231 ملیۆن دۆلاری هەناردەکاری ئامەد، بە بەهای 113 ملیۆن دۆلار کاڵا هەناردەی عێراق و هەرێمی کوردستان کراوە، کە دەکاتە 48.5٪ـی کۆی هەناردەکانی. ئەمە لە کاتێکدایە هەناردەی ئامەد بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بەراورد بە هەناردەکاری ساڵی 2022، کە 120 ملیۆن و 441 هەزار دۆلار بوو، بە رێژەی 5.8٪ کەمیکردووە. بەمەش ئاستی هەناردەی ئامەد لە ساڵی 2022دا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بە رێژەی 50.2٪ بوو.
ئاسن لە پلەی یەکەمی کاڵا هەناردەکراوەکانی ئامەد دێت بۆ وڵاتانی جیهان. مادە کیمیاییەکان لە پلەی دووەم، بەرهەمە کانزاییەکان لە پلەی سێیەم و خۆراکیش لە پلەی چوارەم دێت.
وەزارەتی بازرگانیی تورکیا بڵاویکردەوە، ساڵی 2023 بە بەهای 255 ملیار و 809 ملیۆن و 111 هەزار دۆلار کاڵای جۆراجۆریان بۆ وڵاتانی جیهان هەناردەکردووە و بەراورد بە ساڵی 2022، ئاستی هەناردە 0.6٪ زیادیکردووە.
رۆژی 3ـی کانوونی یەکەمی 2023، محەممەد قایا، سەرۆکی ژووری بازرگانیی و پیشەسازی ئامەد بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، 55٪ـی هەناردەی ئامەد بۆ عێراق و هەرێمی کوردستانە.
محەممەد قایا راشیگەیاند، رۆژانە نزیکەی چوار هەزار بارهەڵگر لە تورکیا و باکووری کوردستانەوە لە رێگەی دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە دەچنە هەرێمی کوردستان و عێراق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ