كچێك دواى كوژرانى خۆشه‌ویسته‌كه‌ى شوێنبزر ده‌كرێ

05-12-2019
تریسكە شێرزاد
نیشانەکردن کوشتن
A+ A-
 
رووداو- هه‌ولێر

دواى كوژرانى پیاوێك له‌ زاخۆ، چاره‌نووسى ئافره‌تێكیش دیار نییه‌ كه‌ په‌یوه‌ندى خۆشه‌ویستی له‌گه‌ڵ ئه‌و پیاوه‌ هه‌بووه‌. خزمێكى نزیكى ئه‌و ئافره‌ته‌ ده‌ڵێت براوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌. پۆلیسیش هیچ له‌باره‌ى چاره‌نووسى نازانن.
 
حه‌نان، ته‌مه‌نی 19 ساڵه‌ و دانیشتووى گه‌ڕه‌كى زاخۆى نوێیه‌ له‌ قه‌زاى زاخۆ، په‌یوه‌ندى خۆشه‌ویستى له‌گه‌ڵ كه‌سێك هه‌بووه‌ به‌ناوى (ئیدریس) كه‌ ته‌مه‌نی 32 ساڵ بووه‌ و دوو ژن و نۆ منداڵی هه‌بوو. ئیدریس دوو جار چووبوو بۆ خوازبێنیى حه‌نان، به‌ڵام باوكى رازى نه‌بووبوو كچه‌كه‌ى سه‌ربه‌هه‌وێ شوو بكات.
 
دوای ئه‌وه‌ی ئیدریس بێ ئومێد ده‌بێ له‌وه‌ی كچه‌كه‌ی بده‌نێ، شه‌وێك كه‌ خێزانی كچه‌كه‌ خه‌وتبوون، پێكه‌وه‌ هه‌ڵاتبوون، كاتێك خێزانی كچه‌كه‌ ده‌زانن كچه‌یان له‌گه‌ڵ ئیدریس رۆیشتووه‌، سكاڵای له‌سه‌ر تۆمار ده‌كه‌ن.
 
پێشتر كه‌سێكی نزیكی ئیدریس به‌ (رووداو)ی گوتبوو: "كه‌س نه‌یده‌زانی ئیدریس بۆ كوێ چووه‌، رۆژێكیان له‌ ناكاو له‌گه‌ڵ كچه‌كه‌ په‌یدا بوونه‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌ تۆمه‌تی رفاندنی كچه‌كه‌ سكاڵای له‌سه‌ر تۆمار كرابوو، پۆلیس ئیدریسی ده‌ستگیر كرد و كچه‌كه‌شی گه‌ڕانده‌وه‌ ماڵی باوكی، پاشان سوڵحی عه‌شایه‌ری كرا و ئیدریس كه‌ هه‌شـت مانگ بوو له‌ زیندان بوو، ئازاد كرا". 
 
ئیدریس شوفێرى بارهه‌ڵگر بووه‌، به‌ گوته‌ى كه‌سه‌ نزیكه‌كه‌ى، ئه‌و رۆژه‌ له‌به‌رده‌رگاى ماڵه‌كه‌ى خه‌ریكى شووشتنى ئۆتۆمبێله‌كه‌ى بووه‌، له‌و كاته‌دا باوكى كچه‌كه‌ هاتووه‌ته‌ به‌رده‌مى و ده‌ستڕێژى گولله‌ى لێكردووه‌ و 14 گولله‌ى لێداوه‌.
 
سیامه‌ند محه‌ممه‌د كه‌ شایه‌تحاڵی رووداوه‌كه‌یه‌، پێیوایه‌ ئازادكردنی ئیدریس به‌ پلانی كه‌سوكاری كچه‌كه‌ بووه‌: "ئیدریس چه‌ند رۆژێك پێش رووداوه‌كه‌ ئازاد كرا، پێده‌چێ كه‌سوكاری كچه‌كه‌ مه‌به‌ستیان كوشتنی بووبێ، بۆیه‌ سكاڵاكه‌یان له‌سه‌ر كشانده‌وه‌، دیاره‌ ویستوویانه‌ له‌ زیندان بێته‌ ده‌ره‌وه‌ و بیكوژن". 
 
دوای كوژرانی ئیدریس، ده‌نگۆیه‌ك هه‌یه‌ كچه‌كه‌ش كوژرابێ. ناسیاوه‌كه‌ی ئیدریس گوتی: "كه‌سوكاری كچه‌كه‌ ده‌ڵێن ئێمه‌ كچه‌كه‌ی خۆمان كوشتووه‌، بۆیه‌ كوڕه‌كه‌ی ئێوه‌شمان كوشت، به‌ڵام هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك نییه‌ كه‌ كچه‌كه‌ كوژرابێ. به‌گوێره‌ی زانیاریی ئێمه‌ كچه‌كه‌ نێردراوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات".
 
دواى تێپه‌ڕبوونى 22 رۆژ به‌سه‌ر كوژرانى ئیدریس، تا ئێستا بكوژه‌كه‌ى ده‌ستگیر نه‌كراوه‌. 
 
عه‌قید سه‌عدی عومه‌ر، به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی قه‌زای زاخۆ به‌ (رووداو)ی گوت: "تا ئێستا نه‌مانتوانیوه‌ تاوانباره‌كه‌ ده‌ستگیر بكه‌ین، بۆ شوێنێكی نادیار هه‌ڵاتووه‌، خانه‌واده‌كه‌شی له‌ ماڵی خۆیان نه‌ماون، به‌ڵام ناوی تاوانباره‌كه‌مان داوه‌ته‌ هه‌موو بازگه‌ و بنكه‌كان".
 
(هـ،ز) كه‌ كه‌سێكی نزیكی ماڵی حه‌نانه‌ به‌ (رووداو)ی گوت: "دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و كچه‌ له‌گه‌ڵ ئیدریس هه‌ڵات و پاشان گه‌ڕانه‌وه‌، بردرایه‌ شه‌ڵته‌رێكى ژنان و چوار مانگ له‌و شه‌ڵته‌ره‌ مایه‌وه‌، دواتر كه‌سوكاره‌كه‌ى به‌ڵێننامه‌یان پڕكرده‌وه‌ كه‌ هیچى لێ ناكه‌ن. به‌ڵام له‌و رۆژه‌وه‌ى له‌ شه‌ڵته‌ر ده‌رهێنراوه‌ كه‌س نه‌یبینیوه‌".
 
(ه) گوتیشی: "باوك و براكانی حه‌نان ده‌ڵێن كچه‌مان ناردووه‌ته‌ لاى خزمێكمان له‌ ده‌ره‌وه‌. ئه‌وان سكاڵاكه‌شیان له‌ دژی ئیدریس كشانده‌وه‌، به‌ڵام دوای چه‌ند رۆژێك له‌ هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ی ئیدریس له‌ به‌ندیخانه‌، باوكی حه‌نان ئیدریسى كوشت و هه‌ڵات".
 
 (ه) باوه‌ڕ ناكات حه‌نان كوژرابێ و ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر كوژرابا تا ئێستا ته‌رمه‌كه‌ى ده‌دۆزرایه‌وه‌.
 
به‌ڵام برایه‌كى ئیدریس كه‌ نه‌یویست ناوى بڵاوبكرێته‌وه‌، ده‌ڵێت: "دوای كوژرانی براكه‌م، بنه‌ماڵه‌ى ئه‌و كچه‌ چه‌ند كه‌سێكیان نارد بۆ ماڵى ئێمه‌، به‌ باوكمیان گوتبوو ئه‌وان كچه‌كه‌ی خۆیان كوشتووه‌، بۆیه‌ ئیدریسیشیان كوشت،  ئێمه‌ داوای  به‌ڵگه‌مان لێكردن، به‌ڵام گوتیان ته‌رمه‌كه‌مان شاردووه‌ته‌وه‌. ئێمه‌ش پێمانگوتن تا ته‌رمه‌كه‌ نه‌بینین سوڵحتان له‌گه‌ڵ ناكه‌ین".
 
رائید شڤان شه‌عبان، به‌رپرسی نووسینگه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژیی دژی ژنان له‌ زاخۆ كه‌ دۆسیه‌ى حه‌نان له‌لاى ئه‌وان بووه‌، ده‌ڵێت: "كه‌سوكارى حه‌نان به‌ تۆمه‌تى رفاندنى كچه‌كه‌یان سكاڵایان له‌سه‌ر ئیدریس تۆمار كرد. دوای گه‌ڕانه‌وه‌یان ئیدریس بۆ ماوه‌ى هه‌شت مانگ ده‌ستگیركرا و حه‌نانیش له‌ ترسى ئه‌وه‌ى كه‌سوكاره‌كه‌ى بیكوژن، بردرایه‌ شه‌ڵته‌ر. به‌ڵام دوای چوار مانگ خێزانه‌كه‌ى به‌ڵێنیان دا كه‌ هیچ شتێك له‌ كچه‌كه‌یان ناكه‌ن و كچه‌كه‌یان برده‌وه‌، له‌و كاته‌وه‌ ئێمه‌ ئاگادارنین و نازانین ئه‌و كچه‌ چی به‌سه‌رهاتووه‌".
 
دواى ئه‌وه‌ى (رووداو) په‌یوه‌ندى به‌ رائید شڤانه‌وه‌ كرد، به‌ڵێنى دا به‌دوای دیارنه‌مانى ئه‌و كچه‌دا بچن كه‌ ئایا كوژراوه‌ یان وه‌كو كه‌سوكاره‌كه‌ى ده‌ڵێن بردراوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە