عەلی تەتەر: خۆپیشاندانی ئەمڕۆی دهۆک پێش هەموو شتێک هاوسۆزییە بۆ کەرکووک

05-09-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک
عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک
نیشانەکردن خۆپێشاندان لە دهۆک عەلی تەتەر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ لە دهۆک لە دژی نەناردنی بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە، هەزاران هاونیشتمانی خۆپێشاندانیان کرد، پارێزگاری دهۆکیش لەنێو خۆپێشاندەرانەوە گوتی "خۆپێشاندانەکە بەر لە هەر شتێک، بۆ هاوسۆزیی کەرکووکە." 
 
عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لەنێو ئاپۆڕای خۆپێشاندەران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "خۆپێشاندانەکە بەر لە هەر شتێک بۆ دەربڕینی هاوسۆزییە بۆ مافە رەواکانی خەڵکی کەرکووک، شەهیدەکانیان، بریندارەکانیان، ستەملێکراوەکانیان. داوای جێبەجێکردنی دەستوور دەکەین، بە تایبەت مادەی 140. داوای جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان هەردوو سەرۆکوەزیران دەکەین."
 
کاژێر 11:00ـی بەیانی خۆپێشاندانەکە لە دهۆک دەستیپێکرد، حەیدەر دۆسکی، پەیامنێری رووداو لە دهۆک گوتی، بەشێکی زۆری بەشداربووانی ناڕەزایەتییەکە فەرمانبەر، پێشمەرگە، مامۆستای ئایینی، سەندیکا و رێکخراوە ناحکومییەکانن کە بەرامبەر نەناردنی شایستەداراییەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت پارەی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران، ناڕەزایەتی دەردەبڕن.
 
پارێزگاری دهۆک هەروەها گوتی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی بەرامبەر بە بەغدا جێبەجێ کردووە؛ "هەموو داهاتمان رادەستی بەغدا کرد. ئێستا بۆ مافی کارمەندانی ئەم هەرێمە بخورێت؟ منیش وەکو کارمەندێک، دەنگم دەخەمە پاڵ هەموو کارمەندانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی هەموو مافە دەستووری، دارایی، نەتەوەیی و هەرێمیمان بدرێن." 
 
عەلی تەتەر دەشڵێت، "داوا دەکەین ئەو دەستە تێکدەرانەی دەیانەوێت نێوان گەلانی عێراق تێکبدەن، ببڕدرێن و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت." 

 

 
سەبارەت بە مووچە، پارێزگاری دهۆک دەڵێت، "کاتێک نەوت لە دەستی ئێمەدا بوو، تاوەکو ئەم مانگانەی دوایی مووچەمان بە دروستی دابەشدەکرد. 500 ملیار دینار بەشی چی دەکات؟ لەکاتێکدا پێویستیمان بە سەروو 900 ملیار دینار هەیە بۆ پێدانی مووچە." 
 
ئەو 500 ملیار دینارەی عەلی تەتەر باسی دەکات، ئەو بڕە پارەیەیە کە لە کۆبوونەوەی پێرێی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا بڕیادرا بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت، بەڵام دوێنێ (دووشەممە 4ـی ئەیلوول) گوتەبێژی حکومەت و ئەندامانی شاندنی دانوستاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پرسەکانی نەوت و بودجە لەگەڵ بەغدا، کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییان سازکرد و تیایدا راگەیەنرا؛ بەغدا سیاسەتی برسیکردن بەرامبەر خەڵکی کوردستان بەکاردەهێنێت و ئەو 500 ملیار دینارە بەشی دابینکردنی مووچە ناکات.
 
لە راگەیێندراوێکدا لە خۆپێشاندانەکەی دهۆک داوای سزادانی ئەو کەس و لایەنانەش کرا کە دەستیان لە کوشتن و بریندارکردنی خۆپێشاندەرانی رۆژی شەممە 2ـی ئەیلوول لە کەرکووک هەبوو، ئەوەش دووپاتکرایەوە؛ "جەخت لە سزادانی هەر کەسێک دەکەینەوە، کە بووە هۆی تێکدانی پێکەوەژیان لە دڵی کوردستان، لە شاری کەرکووک و شەهیدبوون و برینداربوونی هاووڵاتییان لە شارەکە."  

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی شاری کفری

قایمقامی کفری: حکومەت بەشێکی باش لە بەڵێنەکانی جێبەجێ کردوون

تەمموزی ساڵی رابردوو، دوای مانگرتنی بەشێک لە دانیشتووانی قەزای کفری بۆ کەمیی خزمەتگوزاری، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڵێنی جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەکی پێدان. قایمقامی قەزاکە دەڵێت، بەشێکی پڕۆژەکان جێبەجێ کراون، بەڵام هەندێک بەڵێنیش هەن چاوەڕێی جێبەجێکردنیان دەکەین و چاویان لە خزمەتگوزاریی زیاترە