رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی نووسینگەی سلێمانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن رایدەگەیێنێت رۆژی چوارشەممە تیروپشک بۆ ناوی پاڵێوراوان دەکرێت و ژمارەیان دەدرێتێ کە دەخرێتە سەر کاخەزی دەنگدان.
ئامانج عەزیز، بەرپرسی نووسینگەی سلێمانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "بەشێکی زۆری ئامادەکارییەکانمان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تەواوکردوون. رۆژی چوارشەممە 2021/07/07 تیروپشک بۆ ناوی پاڵێوراوان دەکرێت و ژمارەیان دەدرێتێ کە دەخرێتە سەر کاخەزی دەنگدان. هەروەها سەرقاڵی وەرگرتنەوەی فۆڕمی کارمەندانی سەر سندووقەکانین کە رۆژی دەنگدان دەبنە فەرمانبەرمان. هەروەها خولی راهێنانمان کردووەتەوە بۆ کارمەندەکانمان بۆ ئەوەی لەسەر ئەو ئامێرانە رایانبهێنین کە رۆژی دەنگدان بە کاریان دەهێنن."
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بۆ هەموو دەنگدانێک پێویستی بە فەرمانبەر هەیە و بۆ رۆژی دەنگدان دایاندەمەزرێنێت.
بەرپرسی نووسینگەی سلێمانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن گوتی: "پرۆسەی وەرگرتنی کارمەندانی سەر سندووق لە مانگی حوزەیرانەوە دەستی پێکردووە و تا 1ـی ئەیلوول بەردەوام دەبێت. هەروەها لە سنووری پارێزگای سلێمانی 79 ناوەندی دەنگدانمان هەیە کە کارتەکانی بایۆمەترییان لێیە و رۆژانە هاووڵاتییان سەردانمان دەکەن و کارتەکانیان وەردەگرنەوە."
بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق پارێزگای سلێمانی کراوە بە پێنج بازنەی هەڵبژاردنە کە بەربژێرەکان لە هەر بازنەیەکدا جیاوازن.
ئامانج عەزیز گوتی: "65 بەربژێر خۆیان بۆ ئەو پێنج بازنەیە داواکارییان پێشکەش کردووە کە 23ـیان ئافرەتن. دوو بازنەیان لە قەزای ناوەندی سلێمانیدان، بازنەیەکیان ئیدارەی راپەڕینە و بازنەیەکیان ئیدارەی گەرمیانە و بازنەکەی دیکەیش بازنەی پارێزگای هەڵەبجەیە."
بڕیارە رۆژی 2021/10/10 هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت کە هەشت هەزار و 273 بنکەی دەنگدان ئامادەکراون و 55 هەزار و 41 وێستگەیان تێدایە و هەر وێستگەیەک 450 دەنگدەر دەنگی تێدا دەدات.
بڕیارە بەربژێرانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان رکابەرایەتی بۆ بەدەستهێنانی 46 کورسی بکەن کە 16 کورسییان پشکی هەولێرە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و 18یان پشکی سلێمانی و 12یان بۆ دهۆکن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ