رووداو دیجیتاڵ
ئاڵا تاڵەبانی، پەرلەمانتاری پێشووی یەکێتی و ئەندامی سەرکردایەتیی دوورخراوەی ئەو حیزبە دەڵێت، لاهوور شێخ جەنگی بڕیاری خۆی دەدات و ئەگەر هەڵبژاردن بکرێت رەنگە لیست دروست بکات یان لە هاوپەیمانێتییەکدا بەشدار بێت، ئەوکاتە پێگەی لەناو جەماوەری یەکێتیدا دەردەکەوێت.
ئاڵا تاڵەبانی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی تۆڕی میدیایی رووداو کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات، گوتی: "پچڕاندنی پەیوەندیی پارتی و یەکێتی بە باش نابینم، کاک قوباد و تیمەکەی باسی کۆمەڵێک گلەیی دەکەن لە حکومەت، من لەگەڵ ئەو بۆچوونەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاک مەسرورم کە ئەو کێشانە دەبێت لەناو ئەنجوومەنی وەزیراندا چارەسەر بکرێن."
بە گوتەی ئاڵا تاڵەبانی: لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان ئامادەن مامەڵە لەگەڵ لاهوور شێخ جەنگی بکەن و لەوبارەیەوە دەڵێت: "کاک لاهوور سەردانی سیاسیی دەستپێکردووە لە ماوەی رابردوودا لە سلێمانی و هەولێر پێشوازی لێدەکرێت، ئەو لایەنانەی کە پێشوازی لە کاک لاهوور دەکەن مانای وایە مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن، پێموایە لە بەغداش پەیوەندیی راستەوخۆی لەگەڵ زۆر سەرکردەکانی شیعە و سوننەدا هەیە."
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: سەرەتا با لەو پرسیارەوە دەستپێبکەین، وەک چی بتناسێنین؟
ئاڵا تاڵەبانی: پەرلەمانتاری پێشووی عێراق، یان سیاسییەکی سەربەخۆ، چونکە ئێستا سەربەخۆم.
رووداو: دادگەی فیدراڵی جارێکی دیکە بڕیاردانی لەبارەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان دواخست، بەڕێزت زیاتر لە بەغدای، پێشبینیت بۆ بڕیارەکە چییە؟
ئاڵا تاڵەبانی: ئەم جۆرە بڕیارانەی دادگەی فیدراڵی بەتایبەتی لە ساڵی رابردوو و دوای ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی 2021 زۆرجار رەچاوی دۆخی سیاسیی عێراق دەکەن، هەندێکجاریش بە روونی دیارە کە بڕیارەکان سیاسیین، بۆ نموونە ئەو بڕیارەی کە لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەرچوو کاتەکەی سیاسی بوو، بەڵام ئەگەر بڕوانینە وردەکارییەکەی ئەوا دەبینین هەناردەکردنی نەوت دەچێتەوە چوارچێوەی دەستوور و لە دەستووریشدا بە روونی ئاماژە بەوەدراوە، کە هەموو داهاتی وڵات موڵکی عێراقە بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ ئەو شوێنانەی کە نەوتی تێدایە، تاوەکو یاسای نەوت و گاز دەرنەکرێت کە خۆشبەختانە ئێستا هەموو کەس باسی دەکات، دادگەی فیدراڵی دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ دەستوور و بەوشێوەیە بڕیار بدات، کە بڕیاری دا لەبارەیەوە، بەڵام کاتی بڕیارەکە بەڵێ سیاسیی بوو و پەیوەندی بە رووداوە سیاسییەکانی ئەو کاتەوە هەبوو، کە لە عێراق هەبوون.
لەبارەی هەڵبژاردنیش بەبڕوای من دادگەی فیدراڵی ئێستا ناتوانێت بڕیارێک بدات، کە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بە نایاسایی دابنێت، ناشتوانێت بڵێت درێژکردنەوەکە یاساییە و رەنگە هەر دوایبخات، چونکە بڕیارێکی پێشتر هەیە لە دادگەی فیدراڵی و ئەوکاتەی تانە لە دواخستنی هەڵبژاردنی پارێزگاکان درا، دادگە گوتی نابێت هیچ هەڵبژاردنێک لە وادەی خۆی تێبپەڕێت، هەر بۆیە ئێستا کەوتووەتە نێوان ئەو بەرداشەوە، ئەگەر بەپێی ئەو بڕیارەی پێشتر هەیەتی بڵێت ئەم پەرلەمانەی ئێستای کوردستان نایاساییە، کەواتە مانەوەی حکومەتیش نایاساییە و دوای ئەوە لێکەوتەی یاسایی زۆری بەدوادادێت.
هەموو داوای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان دەکەین، هەڵبژاردن چۆن بکرێت ئەگەر پەرلەمان نەمێنێت و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن لە کوردستان نەبێت، ئەگەر دادگەی فیدراڵی بشڵێت درێژکردنەوەکە یاساییە ئەوەش دەبێتە لەزمەیەکی یاسایی سبەینێ پەرلەمانی عێراقیش بەردەوامی بەخۆی دەدات و دەڵێن مادام پەرلەمانی کوردستان درێژکرایەوە، با پەرلەمانی عێراقیش درێژبکرێتەوە، ئەمەش بۆ عێراق زۆر خراپە و مەترسییە لەسەر پرۆسەی دیموکراسی.
رووداو: دوایین رێککەوتن لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراقدا رێککەوتنە لەسەر پرسی نەوت، رەنگە جۆرێک لە بێمتمانەیی هەبێت لەنێوان هەولێر و بەغدا، حکومەتی عێراق جدییە لەو بەڵێنانەی بە هەرێمی کوردستانی دەدات ئەمجارە؟
ئاڵا تاڵەبانی: منیش پێموایە رێککەوتنەکە باشە و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بە رێککەوتنێکی باش وەسفی کردووە، بە هەموو پێوەرێک رێککەوتن لە رێکنەکەوتن باشترە، بەتایبەتی کە یاسای نەوت و گاز نییە لە عێراقدا ئەم رێککەوتنە ئەرێنییە، ئێستا باس لەوە دەکەن کێشەی تەکنیکییان ماوە، بەڵام من پێموایە کێشەی سیاسیش ماوە، باس لەوە دەکەن کە کێشەیان لە هەژماری بانکیدا هەیە، ئێستا رێککەوتنەکە وایە کە نەوت لە رێگەی سۆمۆوە بڕوات کە جاران ئەمە کێشە بوو ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان کێشەی لەگەڵ ئەوەدا نییە، نەوتەکە لە رێگەی سۆمۆوە بفرۆشرێت و داهاتەکە لە هەژمارێکی تایبەتدا بێت بەناوی هەرێمی کوردستانەوە، بەڵام هەندێک لایەنی سیاسی کێشەیان لەگەڵ ئەم خاڵەدا هەیە و دەڵێن دەبێت حکومەتی عێراق سەرپەرشتیی هەژماری بانکییەکە بکات، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش مافی خۆیەتی دەسەڵاتی هەبێت بەسەر داهاتەکەیدا، حکومەتی عێراق و وەزارەتی نەوت بەمە دەڵێن کێشەی هونەری و تەکنیکی، بەڵام من پێموایە کێشەیەکی سیاسییە.
رووداو: ئەم کێشەیە ئەوەندە قووڵە کە ببێتە بەربەست لەبەردەم جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەدا؟
ئاڵا تاڵەبانی: حکومەتی عێراق جدییە لە رێککەوتنەکە، بەتایبەتی محەممەد شیاع سوودانی بە راستی دەیەوێت کێشەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان چارەسەر بکات، بەتایبەتی دۆسیەی مووچە و بودجە، بەڵام سوودانیش چەندجارێک گوتوویەتی ئەو سەرۆکوەزیرانە بەهۆی چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوەیە، چوارچێوەی هاوئاهەنگیش چەند لایەنێکی جیاوازن، هەیانە نەرمی دەنوێنێ و لەگەڵ چارەسەری کێشەکاندان، هەشیانە نەرمی نانوێنێت. ئەوەش پەیوەندی بە پەیوەندییە سیاسییەکان و کێشەکانی ئێستای ناو هەرێمی کوردستانیشەوە هەیە و ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی لەناو چوارچێوەی هاوئاهەنگیشدا رەنگیداوەتەوە.
رووداو: پارتی و یەکێتی هەردووکیان بەشدارن لە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا، لەناو هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا گوێ لە کام لایەنیان دەگیرێت و بۆچوونی کورد چۆن وەردەگیرێت؟
ئاڵا تاڵەبانی: لە ساڵانی رابردووش کە هەندێکجار پارتی و یەکێتی کێشەیان هەبوو لەزۆر پرسدا کێشەکانمان وەلا نەنا بۆ نموونە لە پرسی بودجەدا، چونکە هەرکات پارتی و یەکێتی پەیوەندییەکانیان باش بووە، کورد هەرچی ویستووە لە بەغدا تێیپەڕاندووە، بەڵام هەرکات کێشە هەبووە لایەنە شیعەکانیش دابەشبوون بەسەر ئەو دوو جەمسەرەدا، ئێستا پارتی و یەکێتی کێشەیان هەیە چ لەسەر ئاستی حکومەت و چ لەسەر ئاستی حیزبی، ئەمە رەنگدانەوەی تەواوی هەیە لەسەر بۆچوونی لایەن سیاسییەکانی ناو هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، ئەگەر دیقەت بدەین جەماعەتی شێخ قەیس خەزعەلی و رەیان کلدانی لە یەکێتی نزیکترن و دەگوترێت ئێستا مالیکی خۆی لە پارتی بە نزیکتر دەزانێت و ماوەی رابردووش هاوئاهەنگییەک هەبوو کە رەنگیدابووەوە لەناو پەرلەمان لەنێوان مالیکی و پارتی و حەلبوسی بۆ دابەشکردنی لیژنەکانی پەرلەمان.
رووداو: ئەی هادی عامری؟
ئاڵا تاڵەبانی: هادی عامری هەمیشە هەوڵدەدات لە ناوەڕاستدا بێت، سرووشتی وایە تەنانەت لە کێشەکانی نێوان چوارچێوەی هاوئاهەنگی و رەوتی سەدریش، عامری هەوڵی دەدا هەم لە موقتەدا نزیک بێت و هەم لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی.
رووداو: پەیوەندی تۆ و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەکوێ گەیشتووە، تۆ پێشتر سەرۆکی فراکسیۆنی ئەو حیزبە و ئەندامی سەرکردایەتی بوویت، ئەی ئێستا؟
ئاڵا تاڵەبانی: ئاشکرایە لەدوای رووداوەکانی 8ی تەممووزەوە یەکێتی تووشی کێشەیەکی زۆر گەورە بوو، تووشی ململانێی سیاسیی زۆر گەورە بوو، ناکرێت بڵێین شتێکی ئاسایی بوو، بەداخەوە کە ئەو رووداوانە روویدا و ئێستا دەرئەنجامەکانی دەبینین، یەکێتی کێشەیەکی زۆری لە ناوخۆ هەیە، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان کێشەی لەگەڵ نزیکترین شەریکی خۆی هەیە کە پارتی دیموکراتی کوردستانە، لەسەر ئاستی بەغداش راستە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان حیزبێکی سیاسییەوە و سەرکردایەتی هەیە و پەرلەمانتاری هەیە و هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان هەیە، بەڵام بوونی ناکۆکی لەگەڵ پارتی کاریگەری خۆی هەبووە لە بەغداش.
من وەک خۆم تاوەکو هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقیش کە ساڵی 2021 روویدا بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووم، کە ناومان هاوپەیمانیی کوردستان بوو لەگەڵ گۆڕان، بەڵام بەداخەوە ئەوان بە ئاشکرا لەکاتی هەڵبژاردنەکانی کەرکووکدا دژایەتی منیان کرد، زۆر بە نایاسایی مەکتەبی سیاسیی نووسراوێکیان نووسی کە پشتیوانی من نەکەن و پشتیوانی بەربژێرێکی سەربەخۆ بکەن، کە ئەمە پێچەوانەی یاساکەیە، پێچەوانەی رێنماییەکانی کۆمیسیۆنە.
رووداو: ئێستا خۆت بە یەکێتی دەزانی؟
ئاڵا تاڵەبانی: وەکو رابردووەکەی و وەکو ئەو هەموو ماندووبوونە، وەکو ئەوەی کە من 16 ساڵ پەرلەمانتاری بووم، دوو خوول سەرۆکی فراکسیۆنەکەیان بووم، لە 2010ـەوە ئەندامی سەرکردایەتی بووم، یەکێتی بە هی خۆمان دەزانم، بەڵام ئەگەر لەڕووی یاساییەوە پێمبڵێیت نەخێر ئێمە بە بڕیارێک کە ئەویش بەدەرە لە پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی دوورخراوینەتەوە.
رووداو: بەڵام لەدوای رووداوەکانی 8 تەممووزیشەوە تۆ لەگەڵ کاک بافڵ دەچوویتە هەندێک کۆبوونەوە، ئەوکاتانە وەک چی دەچوویت؟
ئاڵا تاڵەبانی: بۆ یەکەمجارە باسی دەکەم ئەوەی دۆستم بێت و دۆستیشم نەبێت شایەتی ئەوە دەدەن لەم چەند ساڵەی رابردوودا زۆرترین و باشترین پەیوەندیم لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراقدا هەیە، ئەمە وای کردبوو کە قیادەی یەکێتی ئیعتیمادی لەسەرم هەبوو، تەنانەت دوای کێشەکانی 8 تەممووز داوام لێکرا کە هاوکاریی کاک بافڵ بم، کاک بافڵ خۆشی داوای کرد هاوکاری بم لەوکاتەی کە رێککەوتنە سێ قۆڵییەکە کرابوو و دەیانویست سەرۆکایەتیی کۆمار لە یەکێتی بسەندرێتەوە، بۆیە من ئەگەر وەک پەیوەندیی کەسیش بێت کاک قوباد و کاک بافڵ کوڕی خاڵمن، زۆر ئاساییە بەلامەوە، بۆچی برادەرێکی شیعە یان سوننە ئەگەر لە شوێنێکدا داوای هاوکارییەک لەمن بکات و بتوانم بۆی بکەم، دەکرێ بۆ کاک بافڵ و کاک قوبادیشی بکەم.
رووداو: کەواتە دوای ئەوەی بڕیاردرا بە دوورخستنەوەشت لە سەرکردایەتی یەکێتی، بەڵام هەر خۆشیان داوای هاوکارییان لێکردیت؟
ئاڵا تاڵەبانی: بەڵێ بە دڵنیاییەوە، کاک بافڵ خۆی داوای هاوکاری لێکردم و دانیشتم لەگەڵی لە سلێمانی، پێی باشبوو کە هاوکاربم لەو قۆناخەدا و هاوکاریشیان بووم، بەڵام دوایی دیسان هاوکارییەکە کۆتاییهات.
رووداو: چارەنووسی لاهوور شێخ جەنگی چی دەبێت، پەیوەندیت لەگەڵیدا ماوە؟
ئاڵا تاڵەبانی: کاک لاهووریش وەک کاک بافڵ و کاک قوباد کوڕی خاڵمە، من بە راشکاوی بە کاک بافڵ و کاک قوباد و هەموو لایەکم گوتووە، کە کاک لاهوور پیاوێکە خاوەن هەڵوێست بووە لەگەڵ مندا، دوای وەفاتی مام جەلال کێشە لەناو یەکێتیدا هەبوو، ناوەندی بڕیار دروستبوو و لایەنێک دەستیگرت بەسەر یەکێتیدا لەو کاتانەدا ئەو لایەنە لەبەرئەوەی من لە باڵی ماڵی مام جەلال بووم حەزی دەکرد ستەمم لێبکات و زیانم پێبگەیێنێت، ئەوەبوو لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2018 لە دوایین شەوی پێش پێشکێشکردنی ناوی بەربژێرەکان ناوم لە لیستەکە لابرا، لەو کاتەدا کاک لاهوور و کاک بافڵ لایەک بوون پێکەوە، ئەوان بڕیاریاندا و تائێستاش نامە و دەنگەکان ماون کە من بچم لە بەغدا خۆم هەڵبژێرم، بە دڵنیاییەوە پەیوەندیم لەگەڵ کاک لاهوور بەردەوامە.
رووداو: چارەنووسی چی دەبێت، لیست دروستدەکات بۆ هەڵبژاردن؟
ئاڵا تاڵەبانی: جارێ نازانم چۆن دەبێت، بەڵام کاک لاهووریش کەسایەتی خۆی هەیە و لایەنگرێکی زۆری خۆی هەیە و خەڵکێکی زۆریش هەیە، کە ئومێدیان پێیەتی، کێشەکە لە هەمووی قووڵتر بەلای منەوە بنکەی جەماوەری یەکێتیی نیشتمانی کوردستانە، قیادەی حیزبەکە دیارە و ئێستا زۆرینەیان لەگەڵ کاک بافڵ و کاک قوبادن، بەڵام لەبارەی جەماوەری حیزبەکە نابێت کەس ئەو درۆیە لەگەڵ خۆیدا بکات کە بڵێت هەموو لایەنگر و ماڵە شەهیدەکان و هەندێ ئاستی کادریش رازین بەم وەزعە، کاک لاهووریش بەشی خۆی هەیە لە بنکەی جەماوەریی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
رووداو: زۆرینەی بنکەی جەماوەریی یەکێتی مەیلیان بو کام لایەن هەیە ئێستا؟
ئاڵا تاڵەبانی: قورسە ئێمە ئەو بڕیارە بدەین ئێستا، بەڵام بەپێی ئەو بڕیارەی کاک بافڵ داویەتی کاک لاهوور تەواو چووەتە دەرەوە لە یەکێتی و بۆی نییە بگەڕێتەوە تەنانەت ئەگەر بڕیارەکانی دادگەی هەولێریش لای ئەوان حیسابی بۆ نەکرێت، ئەوکاتە بە دڵنیاییەوە پێموایە کاک لاهووریش بڕیاری خۆی دەدات کە لیستی دەبێت یان هاوپەیمانێتییەک لەگەڵ هەندێ لایەن دروستدەکات.
سەردانی سیاسیی دەستپێکردووە لە سلێمانی و هەولێر پێشوازی لێدەکرێت، ئەو لایەنانەی کە پێشوازی لە کاک لاهوور دەکەن مانای وایە مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن، پێموایە لە بەغداش پەیوەندی راستەوخۆی لەگەڵ زۆر سەرکردەی شیعە و سوننە هەیە، ئەگەر بیەوێت لیستێک دروست بکات، یان بیەوێت بچێتە هاوپەیمانێتی لەگەڵ کۆمەڵێک لایەنی دیکە، پێموایە ئەوکاتە قەبارەی لایەنگرەکانی لەناو یەکێتیدا دەردەکەوێت و ئەگەر بچێتە هەڵبژاردنەوە بە دڵنیایی دەنگ لە بنکەی جەماوەریی یەکێتی دەبات.
رووداو: جیاوازی یەکێتی ئێستا و یەکێتی پێشتر چییە؟
ئاڵا تاڵەبانی: زۆر جیاوازن، یەکێتی جاران سەرچاوەی بڕیاری تێدا بوو، مەکتەبی سیاسی هەبوو بڕیاری بەکۆمەڵی تێدا دەدرا، تەنانەت سزادانیش بە پرەنسیپ لەناو یەکێتیدا دەچوو بەڕێوە، هەرکەسێک سەرپێچی بکردایە بانگ دەکرا و ئاگادار دەکرایەوە دواتر لیژنە دروستدەکرا و رەنگە سڕبکرایە، ئەگەر سەرپێچییەکەی زۆر گەورەبووایە رەنگە دەربکرایە، بەڵام ئێمە لەماڵی خۆمان دانیشتبووین وەرەقەیەکمان بۆهات کە دەرکراوین لە یەکێتی، بۆ پێکەنین ئەو خاڵانەی پەیڕەوی ناوخۆ کە منی لەسەر دەرکراوم گوایە لە هەڵبژاردنی 2021ـی پەرلەمانی عێراقدا من دژی یەکێتی کارم کردووە، ئێ ئەوکاتە من خۆم بەربژێری یەکێتی بووم بۆ پەرلەمان.
رووداو: چەند مانگێکە قوباد تاڵەبانی نەچووەتە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران لە هەرێمی کوردستان، ئەمە چۆن دەبینیت؟
ئاڵا تاڵەبانی: من وردەکارییەکەی نازانم، چونکە پەیوەندی سیاسیم لەگەڵیاندا نەماوە، بەڵام وەکو بینین من ئەم پچڕاندنی پەیوەندیی پارتی و یەکێتی بەباش نابینم، کاک قوباد و تیمەکەی باسی کۆمەڵێک گلەیی دەکەن لە حکومەت، من لەگەڵ ئەو بۆچوونەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاک مەسروورم، کە ئەو کێشانە دەبێت لەناو ئەنجوومەنی وەزیراندا چارەسەر بکرێن.
رووداو: دەگوترێت گرووپێک لەناو یەکێتی کە یەکێکیان تۆ بوویت سەردەمێک زۆر تووند بوون بەرامبەر سیاسەتەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەڵام ئێستا هاوئاوازی پارتین؟
ئاڵا تاڵەبانی: راستە من سەرکردایەتیی یەکێتیم کردووە لەناو پەرلەماندا بۆ ماوەیەک و لەو کاتانەدا رەنگە زۆر لێدوانم دابێت دژی سیاسەتی هەرێمی کوردستان و نکۆڵی لێناکەم، ئێمە رەخنەمان لە سیاسەتەکە گرتووە بەتایبەتی لە دۆسیەی نەوتدا، بەڵام ئێستا دڵخۆشم ئەوەی ئەوسا داوام دەکرد ئێستا ئەوەتا جێبەجێ دەکرێت، ئێمە هەمیشە گوتوومانە رێککەوتن بکرێت، تۆمەت دراوەتە پاڵمان، کە من دژی کەسی سەرەکیم لە پارتی دیموکراتی کوردستان، سیاسیەت وایە و پێویستە ئێمەش پێداچوونەوە بە سیاسەتی خۆمان بکەین، من پێموایە حکومەتی کاک مەسروور دەستی داوەتە چاکسازی و زۆر شت هەیە دەیەوێت بیکات، ئەگەر ئەو چاکسازییانە ئەوەبێت کە ئێمەش بەردەوام باسمان کردووە، ئەوا دەستخۆشی لێدەکەین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ